نهێنی سەردانەكەی كازمی بۆ هەرێم ئاشكراكرا

 

راوێژكارێكی سەرۆكوەزیرانی عێڕاق رایگەیاند، سەردانەكەی مستەفا كازمی بۆ هەرێمی كوردستان سەرەتایەكی نوێی لە هاریكاری نێوان بەغدا و هەرێم كردەوە و وتی: هەرێمی كوردستان بەشێكە لە گەلی عێراق.

عەبدولحسێن هنداوی راوێژكاری مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری هەڵبژاردن بە ئاژانسی فەڕمی عێراقییەی راگەیاندووە: سەردانەكەی كازمی بۆ هەرێمی كوردستان سەردانێكی دووبارە نەبوو، چونكە قۆناغێكی نوێی كردەوە لە تێگەیشتن و هاریكاری لەسەر بنەمای دەستور و بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی.

باسی لەوەشكرد، سەردانەكە سەرنجی خستبووە سەر پێویستی لێكتێگەیشتنی نیشتمانی و یەكخستنی هەڵوێستەكان بۆ چارەسەركردنی دۆسییە هەڵپەسێردراوەكان و هەماهەنگی ئەمنی و ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت.

هنداوی ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، ئەو دنیابینییەی كازمی هەڵیگرتووە، تێگەیشتنی نوێی بۆ پەیوەندییەكانی نێوان ناوەند و هەرێم تێدایە، هەرێمی كوردستان بەشێكە لە گەلی عێراق و خەمی عێراقییەكان و ئابورییان هەمان شتە لە سەرجەم ناوچەكانی وڵات، لە پێش هەمووشیەوە پێویستی بنیادنانەوەی دەوڵەت و ئابورییەكەی و سیستمی ئیدارییەكەی بە باشترین شێوە.

راوێژكارەكەی كازمی، وتیشی: سەردانەكەی كازمی بۆ ئامادەسازی بوو بۆ ژیانێكی سیاسی ئەرێنی، بەشێوەیەك خزمەتی ئاسانكاری بۆ دەنگدانی پەرلەمان لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان بكات، تاوەكو توانای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بەهێز بكات و متمانەی هاوڵاتیانیش بە پرۆسەی هەڵبژاردن بەهێز بكات، بەشێوەیەك كە بە پاك و بێگەردی بەڕێوەبچێت.

رۆژی پێنجشەممە، مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق سەردانی هەولێر و دهۆكی كرد و رۆژی هەینیش سەردانی شاری سلێمانی كرد لەوێ چووە مەزاری مام جەلال و دواتر، لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عێراق بە ئامادەبوونی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبووەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا