پۆڵەتیك پرێس:
بەپێی رێككەوتنە نوێیەكەی هەرێم و بەغدا، بڕیارە لەم هەفتەیەدا 320 ملیار دینارەكەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە لایەن بەغداوە بنێردرێت، بەگەیشتنی پارەكەش دەست بەدابەشكردنی موچەی مانگی نیسان دەكرێت.
هەرچەندە بەفەرمی وادەی دابەشكردنی موچەی مانگی نیسان دیارینەكراوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكان بەشێكی زۆر داهاتی ناوخۆ بۆ دابەشكردنی موچە ئامادەیە و وەزارەتی دارایی چاوەڕوانی گەیشتنی پارەكەی بەغدایە.
شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، بەپێی ئەو رێككەوتنە بێت كە كراوە، بەغدا 320ملیار دینارەكەی موچەی فەرمانبەران دەنێرێت.
وتیشی، رێككەوتنەكە بووەتە بەشێك لە بودجەی گشتی 2020، سبەینێش ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆدەبێتەوە لەسەر پرۆژەیاسای بودجە و چاوەڕواندەكرێت لەم هەفتەیەدا بینێردرێتە پەرلەمان بۆ پەسەندكردن.
لە بارەی كاتی دابەشكردنی موچەی مانگی نیسانیش سەرچاوەیەك كە لە وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ پۆڵەتیك پرێسی ئاشكراكرد، بەشێكی باش لە داهاتی ناوخۆ ئامادەیە و چاوەڕوانی هاتنی پارەكەی بەغدا دەكرێت بۆ دەستكردن بەدابەشكردنی موچەی ئەو مانگە.
وتیشی: تائێستا بەفەرمی داوای لیستی موچەمان لێنەكراوە، بەڵام یەكلایی بووەتەوە موچە بە لێبڕینی 21%دەبێ، و پلە تایبەتەكانیش بە لێبڕینی 50% دەبێ.