یەكێتی خەریكی رێككەوتنە لەگەڵ پێكهاتەكانی كەركوك

پۆڵەتیك پرێس:

یەكێتی و حزبە كوردستانییەكان لە كەركوك هەوڵەكانیان بۆ بەشداریكردن لە سیستمی حوكمڕانی و هەڵبژاردنەكانی داهاتوو چڕكردووەتەوە، لەهەوڵدان بۆ گەیشتن بەرێككەوتنێكی هاوبەش لەگەڵ سەرجەم پێكهاتەكانی شارەكە.

محەمەد عوسمان لێپرسراوی مەڵبەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كەركوك بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، بەپێی ئەو ئەزمونەی لە رابردوودا هەیانە بۆیان دەركەوتووە هیچ پێكهاتەیەك لەكەركوك بەتەنها ناتوانێت ئیدارەی شارەكە بدات.

وتیشی: لە هەوڵداین بۆ ئەوەی لەگەڵ سەرجەم پێكهاتەكان بە تایبەت لەگەڵ عەرەب و توركمانەكان رێكبكەوین بۆ ئەوەی بەیەكەوە كاربكەین، بۆ ئەو مەبەستەش زنجیرەیەك كۆبونەوەمان ئەنجامداوە و هەوڵدەدەین لەسەر سەرجەم پرسەكان بگەینە جۆرە رێككەوتنێك.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا وەك حزبە كوردستانییەكان لەناوخۆیاندا دەستیان بە دانوستان و گفتوگۆكردووە لەسەر هەندێك پرس وەك پرسی ئەمنی، هەڵبژاردن، بەشداریكردن لە سیستمی حوكمڕانی، دواتر لەگەڵ سەرجەم پێكهاتەكان كۆبونەوە دەكەن، بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی لەكەركوك هەیە.

لە دوای كۆنترۆڵكردنەوەی كەركوك لە ئۆكتۆبەری 2017وە دوای ریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستان، رۆڵی كورد لە كەركوك لاوازبووە و یەكێتیش بەهۆی رێكنەكەوتنی لەگەڵ پارتی و لایەنەكانی دیكە نەیتوانیوە پارێزگاری نوێ دابنێت.

بەشێك لە حزبەكانیش بەتایبەت پارتی كەركوكيان چۆڵ كردووە و ئامادەی گەڕانەوەنین بۆ شارەكە بە پاساوی ئەوەی داگیركراوە، بەڵام هەفتەی رابردوو محەمەد عوسمان بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە كەركوك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا وتی: نابێت كەركوك چۆڵبكرێت بە هەر پاساوێك بێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا