پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
حەیدەر شەشۆ سكرتێری پارتی ئێزیدی دیموكرات كە هاوكات بەرپرسی هێزی ئێزیدخانە دەڵێت، ئەگەر حكومەتی عێراقی (گرژییەكانی شەنگال) چارەسەر نەكات، بەبۆچوونی ئێمە مەترسی هەیە شەنگالیش وەكو قەندیل ببێتە جێگەی ئۆپراسیۆنی سوپای توركیا.
حەیدەر شەشۆ سەبارەت بە دۆخی شەنگال بە دەنگی ئەمریكای راگەیاند: لەڕاستیدا واقعی شەنگال لەو هەفتەیەی تێپەڕی باش نەبووە، ئێستاش باش نییە، ئەوە چەندین جارە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەنێوان ئەو هێزانەی نزیكی پەكەكە و سوپای عێراقی بووە، لایەنی سیاسی لایەنی سەربە حەشدی شەعبی تەداخولی كردووە، پشتیوانی گروپی نزیكی پەكەكەی كردووە و دەرفەتی نەداوە سوپا بەئەركی خۆی هەڵبستێت بەشێوەیەكی دروست.
سكرتێری پارتی ئێزیدی دیموكرات كە بەرپرسی هێزی ئێزیدخانە سەبارەت بە هۆكارەكانی گرژییەكانی ناو شەنگال، دەڵێت: حەشدی شەعبی گروپی نزیكی ئێرانن دەیانەوێت كۆنتڕۆڵی سنوری سوریا و عێراق بكەن، چەندین جار پلانیان هەبووە بەناوی “هیلالی شیعی” بۆ ئێران-عێراق –سوریا –لوبنان گرێ بدات و ڕێگەی عێراق و سوریا لەڕێگەی شەنگالەوە تێپەڕێت.
حەیدەر شەشۆ دەشڵێت: لەڕووكەشدا پەكەكە و توركیا دژی یەكترین، بەڵام لە واقعدا هیچ دژی یەكتری نین لەبەرئەوە پەكەكە پلانی توركیا بەڕێوەدەبات، هەروەها پلانی سوریا و پلانی حكومەتی عێراق و پلانی ئێران هەر چوار دەوڵەتی دەوروبەری هەرێمی كوردستان هەیە لەناوچەكەدا بەڕاستی بەبۆچوونی ئێمە پەكەكە پلانی ئەوان بەڕێوەدەبات لەسەر حسابی میللەتی كورد و لەسەر حسابی خاكی كوردستان.