ئەنجومەنی وەزیران بەرهەمهێنانی زیاتری كارەبا بۆ وەرزی هاوین تاوتوێدەكات

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆ لەسەر پڕۆژە یاسای هێنانەكایەی دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەكانی پەروەردە وخوێندنی باڵا دەكات و لە كێشە وبەربەستەكانی بارودۆخی كارەبا و پێشنیار وپڕۆژەكانی وەزارەتی كارەبا دەكۆڵێتەوە.

رۆژی چوارشەممە 27ی نیسانی 2022 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك وەزیران، كورتەیەكی دەربارەی سەردانی فەرمی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەریتانیا و پێشوازیكردنیان لە ئاستێكی باڵا و كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا و وەزیرانی دەرەوە و ناوخۆ و بەرگری و وزەو بازرگانی و پەروەردە و بەرپرسانی باڵای دیكەی ئەو وڵاتە خستەڕوو.

بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە، بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای (دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەكان و پرۆگرامەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان) كە ئامانج لێی، دانانی پێوەری گونجاوە بۆ متمانەبەخشین بە دامەزراوەكانی پەروەردە و خوێندن لە ڕێگەی دەستەیەكی سەربەخۆوە كە نابێتە جێگرەوەی وەزارەتەكان، بەڵكو پشتیوانی وەزارەت دەبن بۆ هاوتەریب كردنی پێوەرەكانی متمانەبەخشین لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەكان لە پێناوی دەستەبەركردنی كوالیتی بەرزیی ئەكادیمیی و زانستی لە ڕێگەی رێكخستنەوەی میكانیزمەكانی پرۆسەی متمانە بەخشین وپشتیوانیكردنی هەردوو وەزارەتی پەروەردە وخوێندنی باڵا و پەرەپێدانی توانا مرۆییەكان وبرەودان بە پڕۆگرامەكانی خوێندن لە هەرێم.

بڕگەی سێیەمی كۆبوونەوەكە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی بارودۆخی كارەبا لە هەرێمی كوردستان لە ڕووی بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەكان و پێشنیارەكانی وەزارەتی كارەبا بۆ باشتركردنی خزمەتگوزاری كارەبا و پڕۆژەكانی كارەبا بەتایبەت كە نزیك دەبینەوە لە وەرزی هاوین كە لە لایەن كەمال ساڵح وەزیری كارەبا ڕاپۆرتێك خرایەڕوو، كە تێیدا كۆی كارەبای بەرهەمهاتوو بە مێگاوات لە وێستگەكانی بەرهەمهێنان و دابەشكردن لەسەر شارەكان و كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا بە هاووڵاتیان و پڕۆژەكانی وەزارەتی كارەبا بۆ بەرهەمێنانی زیاتری كارەبا ڕوونكردەوە. لە كۆتاییشدا بەربەستەكانی بەردەم وەزارەتی خستەڕوو لەگەڵ پێشنیاری پێویست بۆ چارەسەكردنیان.
ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی سامانەسروشتیەكان ، پلاندانان، دارایی و ئابووری و كشتوكاڵ وسەرچاوەكانی ئاوی ڕاسپارد كە هەماهەنگیی پێویست بكەن لەگەڵ وەزارەتی كارەبا بۆ پەرەپێدان و باشتركردنی خزمەتگوزاریی كارەبا.

لە دوا بڕگەی كۆبوونەوەكەدا، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی نزیكبوونەوەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، بڕیاردرا حەفتەی داهاتوو ڕێككەوتی 1-5 تا 5-5-2022 پشووی فەرمی بێت لە دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا