بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە، ئێستا كاتی بەهەرێمكردنی پارێزگای سلێمانیە

پرۆژەی بەهەرێمكردنی پارێزگاكانی (سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین) هەنگاوی یەكەمی بڕیوە و كاتی ئەوەیە بخرێتە ڕاپرسی و بواری جێبەجێكردنەوە.

وەزارەتی سامانە سروشتیەكان كە لە ژێردەستی پارتیدایە، وەبەرهێنانی تەنها لە زۆنی زەردا كردوە؛ لە بەرامبەردا موچە و خانەنشینی و پارەی خزمەتگوزاری و بەشە بەنزین و نەوت و گازی سنوری سلێمانی بڕیوە.

لەم زۆنەدا پارەی دەرمان و نەخۆشخانەكان و نەسریەی فەرمانگەكان و ئاوی باخچەكان لەلایەن حكومەتەوە بڕاوە. حكومەتی بەناو هەرێم هیچ مافێكی ئەم سنورە نادات و لە بەرامبەریشدا داوای هەموو ئەركێكی لێدەكات؛ باج و پارەی ئاو و كارەبای چەندین قات زیاد كردوە.

فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە كە لە ژێردەستی پارتیدایە، 99% ی وەبەرهێنانی دەرەكی ڕاكێشاوە بۆ زۆنی زەرد و ئەم دەڤەرەی لێبێبەش كردوە و سەرەنجام بێكاری و هەژاریەكی زۆر لەم ناوچەیەدا بڵاوبۆتەوە.

پارتی وەكو دوژمن و بە چاوی ڕق و تۆڵەكردنەوە سەیری ئەم دەڤەرە دەكات و هاوڵاتیان بە گەنج و پیرەوە دەچەوسێنێتەوە؛ گەنجەكان بێكار دەكات و بەتەمەنەكانیش بە ئیهانەوە خانەنشینیان دەداتێ. حزبەكانی تریش هەتا ئێستا بێدەنگیان هەڵبژاردوە.

پارتی سوپای توركیا پەلكێشی خاكی هەرێم كردوە و چاوپۆشی لە بۆردومانی گوندەكان و بڕینەوەی درەختەكان دەكات. هاوكات نەوتی هەرێمی تەسلیمی توركیا كردوە بۆ 50 ساڵ و هەر بە نەوتەكەی خۆمان، توركیا پەلاماری سەربازی هەرێمی كوردستان و برا كوردەكانی توركیا و سوریا و ئێران ئەدات. هەموو ئەمانەشی ناوناوە كوردایەتی.

ئەگەر لێگەڕێین پارتی گازەكەش وەكو نەوتەكە تەسلیمی توركیا بكات، یەكێك لە سیناریۆكان ئەوەیە كە شتێك نەمێنێت بە ناوی هەرێمی كوردستانەوە و ئێرە ببێت بە مەیدانی جەنگ لە نێوان (توركیا و ئێران) لە لایەك و (ئەمریكا و ڕوسیا) لەلایەكی ترەوە.

ئەگەر ئەم وڵاتەش كاول بێت ئەوان هیچ كێشەیەكیان نیە، چونكە بە ملیارەها دۆلاریان بردۆتە دەرەوە و وڵاتەكە بە كاولی بۆ خەلكی بەشمەینەتی كوردستان بەجێدەهێڵن. بەهەر نرخێك بێت خەلكی ئەم دەڤەرە نابێت ڕێگەبدەن پارتی دەستبەسەر گازی چەمچەماڵدا بگرێت.

ئێستا كاتی ئەوەیە یەكێتی و حزبەكانی تر فریای دۆخەكە بكەون و لەم حكومەتە شكستخواردوە بكشێنەوە. ئەگەر ئەو هێزانە خۆیان بە خاوەنی ئەم دەڤەرە دەزانن، باشترین چارەسەر ئەوەیە كە لەگەڵ بەغدا ڕێكبكەون و گاز لە ڕێی بەغداوە بفرۆشن و مەترسی جەنگ دوربخەنەوە و موچە و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان بۆ ئەم دەڤەرە بەدەستبێنن.

هەروەها پارەی پەترۆدۆلار بەكاربهێنن بۆ بوژانەوەی كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار لەم دەڤەرەدا و خەلك لە برسێتی و سزادان ڕزگاربكەن.

بەیار عومەر عەبدوڵا

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا