یەكێك لەو سكاڵایانەی لەسەر دەمیرتاش تۆماركرابوو هەڵوەشایەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

یەكێك لەو داوایانەی لە دژی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووتری هەدەپە تۆماركرابوو، كە بەهۆیەوە داواكاری گشتیی كۆماری لە ئەنقەرە داوای دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانیی بۆ دەكرد، لەلایەن دادگای هەرێمیی ئەنقەرە هەڵوەشێنرایەوە.

یوكسەل كارامان، سەرۆكی داواكاری گشتیی كۆماریی لە ئەنقەرە، كە یەكێكە لەو دادوەرانەی سەرپەرشتیی كەیسی لێكۆڵینەوەی “تیرۆر” سەبارەت بە كەجەكە/پەكەكە بوو، رۆژی 7ی كانوونی دووەمی 2020، داوایەكی یاسایی لە دژی سەڵاحەددین دەمیرتاش تۆماركرد بەهۆی ئەوەی دەمیرتاش لە یەكێك لە پرۆسەكانی دادگاییكردنیدا، ناوی كارامانی ئاشكرا كردبوو كە سەرپەرشتیی ئەم كەیسە دەكات. لە كاتێكدا بەرپرسانی لێكۆڵینەوە لە پرسی “تیرۆر” ناویان ئاشكرا ناكرێت.

یوكسەل كارامان لە سكاڵاكەیدا گوتبووی، دەمیرتاش بە ئەنقەست ناوی هێناوە و ئەو زانیارییە نهێنییەی ئاشكراكردووە كە سەرپەرشتیی ئەم كەیسە هەستیارە دەكات و مەبەست لەم كارەی دەمیرتاش بۆ ئەوەیە كە بكرێتە ئامانجی رێكخستنە نهێنییەكانی پەكەكە. بۆیە لە دۆسیەی سكاڵانامەكەیدا تۆمەت “بەئاشكراكردنی ناوی كارمەندی دەوڵەت بۆ ئەوەی بكرێنە ئامانجی گرووپی تیرۆریست و هۆكاربوون بۆ مەترسیی خستنە سەر گیانی كارمەندانی دەوڵەت” خستبووە پاڵ دەمیرتاش. یوكسەل كارامان لەم كەیسەدا داوای هەشت ساڵ زیندانیكردنی بۆ سەڵاحەددین دەمیرتاش كردبوو، بەڵام رۆژی 28ی ئایاری 2021، دوای چوار دانیشتنی دادگاییكردنی لەلایەن 25مین دادگای سزا قورسەكانی ئەنقەرە، سزای دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانیی بەسەر دەمیرتاش سەپاندبوو.

پارێزەرانی دەمیرتاش تانەیان لە بڕیاری دادگاكە دا و داوای تانەكەیان بۆ دادگای هەرێمیی لە ئەنقەرە بەرزكردەوە.

دادگای ناوبراو دوای دووجار دواخستنی دانیشتنی دادگاكە بەهۆی پێشهاتەكانی دادگاییكردنی كەیسی رووداوەكانی كۆبانێ، دواجار رۆژی 25ی نیسانی 2022 تانەی پارێزەرانی سەڵاحەددین دەمیرتاشی پەسندكرد و بڕیاری 25مین دادگای سزا قورسەكانی لەبارەی دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانیكردن هەڵوەشاندەوە و پاساوی دادگاكە بەوەی لێدوانەكانی دەمیرتاش هەڕەشەی بۆ سەر گیانی سەرۆكی داواكاری گشتیی دروست نەكردووە و نەكراوەتە ئامانجی “گرووپە تیرۆریستەكان” پەسند نەكرد، بەمەش سزای دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانیكردنی دەمیرتاش لەم كەیسەدا هەڵوەشایەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا