پۆڵەتیک پرێس
نەخۆشانی شەکرە بەهۆی نەخۆشیەکەیانەوە سیستمی خۆراکی تایبەت بەخۆیان هەڵدەبژێرن لە بەشێک لە خواردن و میوەکان دووردەکەونەوە، چونکە کاربۆهیدرات و شەکر ڕێژەی شەکری خوێن بەرزدەکەنەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا میوەکان دەوڵەمەندن بە ڤیتامین. کانزا و ڕیشاڵەکان سوودێکی زۆریان بۆ تەندروستی هەیە، توشبووانی شەکرەش دەتوانن هەندێک لە میوەکان بخۆن، چونکە سوودی تەندروستیان بۆ توشبووانی شەکرە هەیە و زیانیان پێناگەیەنێت، ئەوانیش:
-توو یان شاتوو
سەرچاوەیەکی سەرەکی ڤیتامین سی یە، سوودێکی زۆری بۆ تەندروستی هەموو ئەندامەکان هەیە و پارێزگاری لە تەندروستی دڵ دەکات.
-سێو
ڕێژەیەکی زۆر ڤیتامین، کانزا و ڕیشاڵەکانی تێدایە، هەروەها ماددەی ڤلافۆنۆیدی تێدایە توێژینەوەکان دەریانخستووە ڕێگری لە نەخۆشیەکانی دڵ و شێرپەنجە دەکات.
-شوتی
شوتی ڕێژەیەکی زۆر ئاوی تێدایە، دەوڵەمەندە بە کانزا، ڤیتامین و ڕیشاڵەکان.
-شلیک
سەرچاوەیەکی سەرەکی ڤیتامین سی و ڕیشاڵەکانە، هەروەها ڕێژەی پێویست لە ترشی فۆلیک و کانزای پۆتاسیۆم بۆ جەستە دابین دەکات کە پێویستی پێیەتی.
-سندی
دەوڵەمەندە بە ڤیتامین و کانزاکان، یارمەتی تەندروستی پێست و قژ دەدات.
لەگەڵ ئەوەی ئەم میوانە بۆ توشبووانی شەکرە ڕێگەپێدراون، بەڵام دەبێت بەڕێژەیەکی دیاریکراو و بەپرسی پزیشک بخورێن و زیادەڕەویان تێدانەکرێت.