لەوهان لەخوێندنگەكان‌و لەهەرێمیش بەئۆنلاین

پۆڵەتیك پرێس:
بەرەچاوكردنی رێنماییە تەندروستییەكان زۆرێك لە وڵاتان لەگەڵ ئاساییكردنەوەی ژیان، لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەناوەندە گشتییەكاندا، بڕیاری ئاسایكردنەوەی دەوامی خوێندنگەكانیشیانداوە.

لە هەرێمی كوردستانیش لە كۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵدا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا، خوێندن لە گشت ناوەندەكانی خوێندندا رابگرێت‌و دواتریش بڕیاریدا تەنیا خوێندكارانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵ ئەنجامبدەن‌و خوێندكارانی قۆناغەكانی دیكەش نمرەی وەرزی یەكەمیان بۆ هەژماركرا.

بەپێی ئامارێكی نەتەوە یەكگرتووەكان، داخستنی ناوەندەكانی خوێندن بەهۆی كۆرۆناوە زیانی بە ملیارێك و شەش ملیۆن خوێندكار گەیاندووە واتە لە ٩٤٪ی خوێندكاران لە ١٩٠ وڵاتی جیهاندا، بۆیە ئێستاو دوای ماوەیەك لەداخرانی ناوەندەكانی خوێندن زۆرێك لە وڵاتان هەڵسەنگاندنیان بۆ بابەتی دەستپێكردنەوەی خوێندن كردووەو بەشێك لە وڵاتان بڕیاری كردنەوەی دەرگای خوێندگەكانیان داوە.

 

داخستنی ناوەندەكانی خوێندن بەهۆی كۆرۆناوە زیانی بە ملیارێك و شەش ملیۆن خوێندكار گەیاندووە

 

لە شاری وهانی چین، كە بە ناوەندی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا دادەنرێت، لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەرگای قوتابخانە و باخچەكانی ساوایانی شارەكە كرانەوە و دەوامی فەرمی ساڵی نوێی خوێندن دەستیپێكردەوە، بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی شارەكەش رایانگەیاند، پلانی تۆكمەیان بۆ روبەڕوبوونەوەی هەر حاڵەتێكی كتوپڕ هەیە.

لە ئێستادا لە شارەكە دەرگای دوو هەزار و ٨٤٢ دامەزراوەی پەروەردەیی كراونەتەوە و ١.٤ ملیۆن خوێندكار دەستیان بەخوێندنی وەرزی پایزە كردووە.

بەڵام بە پێچەوانەی وهانی چینەوە، لەهەرێمی كوردستان لە ماوەی رابردوودا، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا سەرجەم پۆلەكان جگە لە پۆلی ١٢ی ئامادەیی سیستمی ئەلكترۆنی پەیڕەوبكەن، بەڵام دواتر و لە رۆژی ١٠ی ئەم مانگەدا، وەزارەتی پەروەردە بڕیارێكی نوێی دەركرد، كە تێیدا بڕیاریدا پۆلەكانی یەك و دووی بنەڕەتی و ١٢ی ئامادەیی لەهۆڵەكانی خوێندندا وانە بخوێنن و پۆلی ١٢ی ئامادەیی لە ٢٧ی ئەم مانگەدا دەوامیان دەستپێبكاتەوە و خوێندكارانی پۆلەكانی دیكە لە ١٠ی مانگی داهاتوودا دەستبەدەوام بكەنەوە.

لەبارەی گرفت و لێكەوتەكانی خوێندنی ئەلكترۆنی و دەستپێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندنەوە ئەحمەد گەرمیانی جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: بارودۆخی كوردستان و هەموو جیهان وادەخوازێت پرۆسەی پەروەردە وەك جاران بەڕێوەنەچێت، راستە زۆرێك لە وڵاتان دەرگای خوێندنگاكانیان كردووەتەوە، بەڵام بە هۆشدارییەكی زۆرەوە و رێكاری تەندروستی توندیان گرتووەتەبەر.

 

بارودۆخی كوردستان و هەموو جیهان وادەخوازێت پرۆسەی پەروەردە وەك جاران بەڕێوەنەچێت

 

ئەحمەد گەرمیانی وتیشی: شێوازی وانە خوێندن بەئۆنڵاین لە هەرێم بە تایبەت و عێراق بە گشتی كۆمەڵێك كێشە و گرفتی هەیە و لە ١٠٠٪دا ١٠٠٪ سەركەوتوو نابێت، بەهۆی نەبوونی كارەبای بەردەوام و نەبوونی هێڵی ئینتەرنێتی بێكەموكوڕی و گرانی نرخەكەی و نەبوونی ئامێری زیرەك لای هەموو خوێندكارێك، ئەمەش وادەكات پرۆسەكە بەتەواوی بەڕێوەنەچێت.

باسی لەوەشكرد، ئەو بابەتانە لایەنی تەكنیكی بوون لەلایەنی مەعنەویشەوە، كەسوكاری خوێندكاران رۆشنبیری تەواویان نییە، بتوانن بەشێوازێكی دروست مامەڵە لەگەڵ خوێندنی ئۆنڵایندا بكەن، بەو واتایەی هەموو خەڵك ئینتەرنێتی نییە و ئاشنا نییە بە سایتە كۆمەڵایەتییەكان تا خوێندكارەكەی بە ئۆنڵاین وانە بخوێنێت.

لەبارەی چۆنییەتی چارەسەركردنی بابەتەتی نەبوونی زانیاری پێویست لەسەر چۆنییەتی بەكارهێنانی ئینتەرنێتەوە جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان داوایكرد، خول بۆ مامۆستایان و كۆمەڵێك لە پسپۆڕان بكرێتەوە تا بە بەرنامەكان ئاشنابن و زانیارییە پێویستەكان وەربگرن.

وەزارەتی پەروەردە بڕیارەكەی بۆ وەرزی یەكەمی خوێندن دەركردووەو لەبڕیارەكەش باسی لەوە كردووە، كە بۆ وەرزی دووەم هەڵسەنگاندن دەكەن‌و ئەگەر دۆخی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەرەو باشی بڕوات، ئەوە بڕیاری نوێ‌ لەبارەی شێوەی خوێندن دەدەن.

 

وەزارەتی پەروەردە بڕیارەكەی بۆ وەرزی یەكەمی خوێندن دەركردووە

 

لەبارەی دەستپێكردنەوەی خوێندن لە هۆڵەكانی خوێندنیشدا ئەحمەد گەرمیانی وتی: كردنەوەی دەرگای خوێندنگەكان لە ئێستادا تارادەیەك ئەستەمە و بڕیاردان لەوبارەوە قورسە، بەڵام دەكرێت ئێمە كۆمەڵێك سیستم لەوبارەوە بەكاربێنین وەك ئەوەی ئێمە پێشنیازمان كردووە، كە قوتابیان بكەین بە دوو بەشەوە و دەوامی خوێندكاران سێ رۆژ بە رۆژ بێت و دەكرێت بۆ ئەو قوتابیانەی لە ماڵەوەن سیستمی ئەلكترۆنی بەكاربێنن و لە ماڵەوە ئەركیان پێبدرێت.

لەبارەی سیستمی خوێندن لە وەرزی دووەمی ئەمساڵدا ئەحمەد گەرمیانی وتی: ناتوانین لەوبارەوە پێشبینی بكەین تەنانەت گەر لە كۆتایی وەرزی یەكەمیشدا بین، چونكە ئەمە بڕیارێكی ئاسان نییە و راپۆرتە پزیشكییەكان لەوبارەوە بڕیاردەدەن، گەر دۆخەكە كۆنتڕۆڵكرا یان ژمارەی توشبووان كەمبووەوە و ڤاكسین دۆزرایەوە، دوورنییە خوێندن لەناو هۆڵەكاندا دەستپێبكاتەوە بەڵام كەس ناتوانێت پێشبینی بكات.

لە ئێستادا و بەپێی دوایین ئامارەكان، ٣٥ هەزار و ٩٨٣ كەس لە هەرێمدا تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش ٢٢ هەزار و ٨٢٦ كەسیان چاكبوونەتەوە و هەزار و ٣٢٠ كەسیان گیانیان لەدەستداوە.

لە ئەوروپاشدا، وڵاتی بەریتانیا سەرەڕای ئەوەی نزیكەی ٤٠٠ هەزار توشبووی كۆرۆنای هەبوو، بەڵام حكومەتی ئەو وڵاتە بڕیاریدا لەسەرەتای ئەم مانگەوە دەوامی ناوەندەكانی خوێندن دەستپێبكاتەوە، بەڵام بە رەچاوكردنی ماوەی دووری كۆمەڵایەتی و دەستشتن و رێنماییە تەندروستییەكانی دیكە.

هەر بەپێی رێنماییەكانیش هەر خوێندكارێك نیشانەی كۆرۆنای هەبێت ئەگەر هاتوو نیشانەكانی سوك بوون ئەوا دوو رۆژ پشوو دەدرێتە ئەو خوێندكارە، بەڵام ئەگەر هاتوو نیشانەكانی قورس بوون ئەو كاتە ماوەی ١٠ رۆژ یان زیاتر پشووی پێدەدرێت.

هەر لە كیشوەری ئەوروپا و لە وڵاتی ئەڵمانیا لە حەوتی ئابەوە، ٥٦٣ قوتابخانە كراونەتەوە و لە چەند هەفتەی رابردووشدا بەپێی دۆخی تەندروستی ناوچەكان قوتابخانەكان لە تەواوی ئەو وڵاتەدا كراونەتەوە، هاوكات، خوێندكاران دابەشكراون بەسەر گروپی بچوكدا و داواشیان لێ كراوە لە رارەوەكانی خوێندنگە ماسك بەكاربهێنن، بەپێی رێنماییەكانیش پێویستە قوتابخانەكان بە پاكی رابگیرێن و ماددەی پاككەرەوە بەكاربهێنن.

لە فەڕەنساش، وەرزی پایزەی خوێندنی قوتابخانەكان دەستی پێكردووەتەوە و لە ئێستادا زیاتر لە ١٢ ملیۆن خوێندكار دەستیان بە دەوام كردووە، بەپێی رێكارەكانی حكومەت پێویستە پەیڕەوی رێنماییە تەندروستییەكان بكرێت و ماوەی دووری كۆمەڵایەتی بپارێزرێت و ژمارەی خوێندكارن لە پۆلەكاندا كەمبكرێتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا