عەبدولخالق تەلعەت: پێویستە بە زەبری هێز پەكەكە لە شەنگال دەربكرێت

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لیوا عەبدولخالق تەلعەت ، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاند: بەپێی ئەو رێككەوتنەی لەسەر شەنگال كراوە، پێویستە پەكەكە و هێزە نایاساییەكانی دیكە ئەو شارە چۆڵبكەن، ئەگەر نا پێویستە بە زەبری هێز لە شەنگال و دەوروبەری دەربكرێن.

لیوا عەبدولخالق تەلعەت ، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: لە شەنگال رێككەوتنێك هەیە، بەپێی ئەو رێككەوتنە ئەو هێزە نایاساییانەی لەوێن لە نێویاندا پەكەكە یان هەرهێزێكی دیكەی نایاسایی، دەبێت ئەو قەزایە چۆڵبكەن.

لیوا عەبدولخالق تەلعەت، وتی: ئامانج لەو رێككەوتنە بۆئەوەیە تا دام و دەزگا ئیدارییەكانی وەكو قائیمقامیەت و دەزگا ئەمنی و خزمەتگوزارییەكان كاری خۆیان ئەنجام بدەن، بەڵام تا ئێستا رێككەوتنەكە نەچووەتە بواری جێبەجێكردن و ئەو هێزە چەكدارانەش هەر لە شوێنی خۆیان ماون، ئەمەش وایكردووە ناوە ناوە گرژی و ئاڵۆزی دروست دەبێت لە نێوان سوپای عێراقی و ئەو گروپە چەكداریانە.

وتیشی: تا ئەو هێزانە لەو ناوچەیە هەبن هیچ كەس نە لە سوپا نە لە دام و دەزگا ئیدارییەكان ناتوانن كاری خۆیان ئەنجام بدەن، بۆیە بە هەموو شێوەیەك دەبێت سوپای عێراق هەوڵبدات ئەو گروپە چەكدارانە لەو ناوچەیە بكاتە دەرەوە.

جەختیشی كردەوە، ئەگەر پەكەكە و هێزە نایاسییەكانی دیكە، شارەكە چۆڵ نەكەن، بەپێی ئەو رێككەوتنەی كراوە، دەبێت سوپای عێراق هێزبەكاربهێنێت بۆ دەركردنیان.

ئێوارەی رۆژی 18ی نیسان گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان هێزەكانی سوپای عێراق و هێزەكانی ئاسایشی ئێزدخان روویدا.

ئەمڕۆ پێنج شەممە شاندێكی باڵای سەربازی و ئەمنی عێراق گەشتنە قەزای شەنگال بۆ تاوتوێكردنی دۆخی ئەمنی قەزاكە، شاندەكە پێكهاتووە لە هەریەك لە قاسم ئەلئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ، لیوا ڕوكن عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵا جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لیوا ڕوكن عەبدولئەمیر ئەلشەمری بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازی و فەرماندەی هێزی زەمینی لیوا قاسم محەمەد.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا