سوپا ئەلیكترۆنییەكەی حیزبوڵڵای لوبنانی لەعێراق

پۆڵەتیك پرێس:
راپۆرتێكی ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانیا ئاشكرایكردووە، كە حیزبوڵڵای لوبنان مەشقی بەهەزاران چالاكوانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كردووە، ئەوەش بۆ دروستكردنی سوپایەكی ئەلیكترۆنی لەناوچەكەو لەو كارەشدا ئێران پشتگیری حیزبە لوبنانییەكە دەكات.

بەپێی راپۆرتی رۆژنامە بەریتانییەكە، لەساڵی 2012ەوە حیزبوڵڵای لوبنانی خولی تایبەت بەچۆنییەتی مامەڵەكردن بەوێنەو ڤیدیۆ دیجیتاڵی‌و بەڕێوەبردنی ژمارەیەكی زۆر لەهەژماری ساختەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان‌و دروستكردنی ڤیدیۆو دووركەوتنەوە لەسانسۆر لەفەیسبووك و بڵاوكردنەوەی زانیاری چەواشەكارانەو بڵاوكردنەوەی تیرۆر دەكاتەوە.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، چالاكوانان لە عێراق، سعودییە، بەحرەین و سوریا، لەبینای سێ كۆگا لە دەوروبەری باشووری بەیروتی پایتەختی لوبنان بەشداری ئەو خولانە دەكەن‌و خولەكانیش بەردەوامی هەیە.

 

چالاكوانان لە عێراق، سعودییە، بەحرەین و سوریا، لەبینای سێ كۆگا لە دەوروبەری باشووری بەیروتی پایتەختی لوبنان بەشداری ئەو خولانە دەكەن

 

محەمەد، گەنجێكی عێراقییە و بەشداری ڕاهێنانەكانی كردووە، كە بەقسەی ئەو ناوەوەی بیناكە پڕە لە ئامێری تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو، ئەو گەنجانەشی بەشداری خولەكە دەكەن، 10 رۆژیان پێدەچێت.

هەر بەقسەی محەمەد بەر لەگەیشتنی بۆ لوبنان، داوای لێكراوە قسە لەگەڵ هیچ كەسێكدا لەبارەی گەشتەكەی بۆ بەیروت نەكات، كە ماوەی 10 رۆژی خایاندووەو ئەو ماوەیەشی لەوێ‌ بووە لەژێر چاودێری ورددا بووە.

لەخولەكان باس لەكاریگەری‌و هەژموونی ئێران لەناوچەكەدا دەكرێت‌و بەشداربووان رادەهێنرێن بۆ خزمەتكردنی ستراتیژی ئێران.

هەروەها ئەو كەسانەی سەرپەرشتی راهێنانەكان دەكەن، بریتین لەسیاسەتمەدارو شیكەرەوەو كارەكتەرە شارەزاكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بەرپرسانی هەواڵگری.

 

ەو كەسانەی سەرپەرشتی راهێنانەكان دەكەن، بریتین لەسیاسەتمەدارو شیكەرەوەو كارەكتەرە شارەزاكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بەرپرسانی هەواڵگری

 

گەنجە عیراقییەكە باسی لەوەش كردووە، یەكێك لەئیمامەكانی حیزبوڵڵا بە بەرگی ئاینی تەقلیدییەوە لەبیناكە پێشوازی لێكردوون، ئەو كەسەش ناوی خۆی گۆڕیوە بۆ پاراستنی ناسنامەكەی‌و ڕۆژی دواتر چاوی بەڕاهێنەران كەوتووە، كە بەشە جیاوازەكانی خولەكەیان بۆ ڕوونكردووەتەوە، ئەو راهێنەرانەش جلی مەدەنیان لەبەر بووەو ڕیشیان نەبووە .

محەمەد وتیشی: كاتێك، ڕاهێنەرە پسپۆڕەكانم بینی و زانیم خولەكە چەند تەكنیكی و قووڵ هەیە، زۆر دڵخۆش بووم بە بەشداریكردنم.

محەمەد لەساڵی 2015 بەشداری خولەكەی كردووەو دوای وەرگرتنی تەكنیكەكان لەگەڕانەوەی راهێنانی بە دەیان گەنجی تری عێراقی كردووەو دەیان كەسی دیكەشی ناردووە بۆ ئەوەی لە بەیروت لە چەندین بواری جۆراوجۆردا ڕاهێنان بكەن‌و دواتر ببنە هاوكاری.

محەمەد جەختی لەوەش كردووەتەوە، حیزبوڵڵا جگە لەوەی لەو رێگەیەوە ستراتیژی ئێران جێبەجێدەكات، بە بڵاوكردنەوەی ئەو زانیارییانەش دەیان ملیۆن دۆلار بەشێوەی مانگانە دەست دەخات.

عەبدوڵڵا (ناسناو) سیاسەتمەدارێكی عێراقییە، بەشداری كردووە لەناردنی چەند كەسێك بۆ بەیروت بۆ مەشقپێكردن لەسەر چۆنیەتی دروستكردن و بەڕێوەبردنی پرۆفایلی ساختە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا.

عەبدوڵڵا لەو بارەوە دەڵێت: ئەو كەسانەی كە ناردمانن تواناكانیان لەبەیروت پەرەیان سەندو كاتێكیش گەڕانەوە دەستیان كرد بەڕاهێنانی چالاكوانان لەناو عێراقدا، هەروەها مەشقی هاوشێوە لەئێران دەكرێت.

حیزبوڵڵا لەلایەن 18 وڵاتەوە بە ڕێكخراوێكی تیرۆریستی دانراوە، لەوانە بەریتانیا و ئەمەریكا، هەروەها یەكێتی ئەوروپا و كۆمكاری عەرەبیش .

لەنێو ئەو گروپانەی مەشقیان پێكراوە، لیواكانی حبزبوڵڵای عێراق هەیە، گروپێكی بەهێزی سەربازین پەیوەندی نزیكیان لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنانی‌و ئێران هەیە، گروپەكەش لەساڵی 2019دا هەڵمەتی گەورەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی ئەنجامدا بۆ بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی كوالیتی بەرز، كە ئەو كەسایەتییە گشتییانە بەئامانج دەگرت، دژی سیاسەتەكانی ئێران بوون لەعێراق.

 

یەكێك لەو شێوازە باوانەی، كە ئەو سوپا ئەلیكترۆنییانە بەكاریدەهێنن دروستكردنی تۆڕی گەورەی هەژماری ساختەیە

 

یەكێك لەو شێوازە باوانەی، كە ئەو سوپا ئەلیكترۆنییانە بەكاریدەهێنن دروستكردنی تۆڕی گەورەی هەژماری ساختەیە، كە بە لێدوان‌و هاوبەشیكردنی بڵاوكراوەكانی یەكتر پەیامی دیاریكراو دەگەیەنن.

موهەننەد سەماوی سەرۆكی ناوەندی ڕاگەیاندنی دیجیتاڵی عێراقی، كە سەنتەرێكی چاودێری و شیكردنەوەی میدیای سەربەخۆیە، پێیوایە كاریگەری زانیاری هەڵە لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك عێراق، كە حكومەتی بەهێز و دامەزراوەی ڕۆژنامەوانی نییە زۆر زیاترە لەئەوروپا و ئەمریكا .

ئەو دەڵێت: لێدوان و پەیامە درۆكان، كە توندوتیژی دروستدەكات بە ئاسانی دەتوانێت ببێتە هۆی توندوتیژی كوشندە لەژیانی ڕاستەقینە لەعێراقدا، كە بڵاوكردنەوەی زانیاری هەڵە زیانی زۆری لەعێراق داوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا