نەبوونی لیژنە هەمیشەییەكان كێشەی بۆ كاری پەرلەمانتاران دروستكردووە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، تا ئێستا تەنها سێ‌ لیژنەی هەمیشەیی پێكهێنراون، ئەمەش كێشەی بۆ كاری پەرلەمانتاران كە بریتیە لە “چاودێری كردن” دروست كردووە، ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات، پێكهێنانی ئەو سێ‌ لیژنەیە فشار و كاردانەوەی سەرۆكی پەرلەمان بوو.

كاروان یاروەیس ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: تا ئێستا سێ‌ لیژنەی پەرلەمانیی پێكهێنراوە ئەویش بە نیوەوناچڵی، چونكە لە كۆتا دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار كە رێژەی ئاسایی تەواو نەبوو، سەرۆكی پەرلەمان دانیشتنەكەی كردبوو بە دانیشتنی ئاسایی بۆ ئەوەی بتوانن ئەو سێ‌ لیژنە تێپەڕێنن كە بریتین لە لیژنەكانی (دارایی، یاسایی و پەیوەندییەكانی دەرەوە).

كاروان یاروەیس وتی: تێپەڕاندنی ئەم سێ‌ لیژنەیەش كاردانەوەی سیاسی بوو، بەرامبەر ئەو فراكسیۆن و پەرلەمانتارانەی نەچوونە كۆبوونەوەكەوە و شكستیان بە كۆبوونەوەی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار هێنا.

باسی لەوەشكرد، ئەم لیژنانە لیژنەی گرنگن، بەتایبەتی لیژنەی دارایی كە دەبێت نوێنەری هەموو فراكسیۆنە سەرەكییەكانی تێدابێت، هەریەك لە لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و لیژنەی یاسایش دوو لیژنەی سەرەكین، بەتایبەتی كە پێویستە هەموو پرۆژە یاسا و پرۆژە بڕیارێك لە رێگەی لیژنەی یاساییەوە تێپەڕێت بۆ پەرلەمان.

روونیشیكردەوە ، ئیشی پەرلەمان بریتیە لە چاودێری كردن و ئەمەش لە رێگەی لیژنەكانەوە دەكرێت، تا سەرۆك و بڕیاردەر و جێگر و ئەندامانی لیژنەكان دیاری نەكرێن ناتوانرێت پەرلەمان كاری چاودێری كردنی خۆی ئەنجام بدات، دیارە ئەم كابینەیەی ئێستاش حكومەتی كاربەكڕیكەرە و ئەم خولەی پەرلەمان دەنگی نەداوەتێ‌ ، بۆیە كە كابینەی نوێ پێكدەهێنرێت پێویستە لیژنەكانی پەرلەمانیش هەبن و كاری چاودێری خۆیان ئەنجام بدەن.

رۆژی 30 ی ئاداری 2022 دوای ئەوەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار رێژەی یاسایی تەواونەكرد، سەرۆكی پەرلەمان دانیشتنەكەی كرد بە دانیشتنێكی ئاسایی و تێیدا سێ‌ لیژنەی پەرلەمانیی كە بریتین لە لیژنەكانی (دارایی، یاسایی و پەیوەندییەكانی دەرەوە) پێكهێنران، بەبێ‌ بوونی ئەندامانی ئەو فراكسیۆنانەی كە بایكۆتی دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆككۆماریان كرد.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا