پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕاپۆرتی ساڵانەی تایبەت بە پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا بڵاوكردەوە، ئەو بەشەی تایبەتە بە عێراق و هەرێمی كوردستان، دەستی لە ڕەخنەگرتن لە دۆخی مافی مرۆڤ نەپاراستووە، زۆربەی هێزە ئەمنی و سەربازییەكان، بە پێشمەرگە و گروپە چەكدارەكانیشەوە، بە ئەنجامدانی توندوتیژی تۆمەتباردەكات.
پێویستە لەسەرمان سزا بەسەر هەر وڵاتێكدا بسەپێنین كە مافەكانی مرۆڤ پێشێلدەكات
لەكاتی پێشكەشكردنی ڕاپۆرتەكەدا، ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، ”پێویستە لەسەرمان سزا بەسەر هەر وڵاتێكدا بسەپێنین كە مافەكانی مرۆڤ پێشێلدەكات”.
لە ڕاپۆرتەكەدا باس لەو پێشێلكارییانە كراوە كە وەك خۆیان نووسیویانە، لەلایەن حەشدی شەعبی، هێزە ئەمنییە عێراقییەكان، پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە ئەنجام دەدرێن، سەرجەم هێزە ئەمنییەكان بە ئەنجامدانی پێشێلكاریی پشتڕاستكراوە تۆمەتبار دەكات.
ڕاپۆرتە ئەمریكییەكە ناوی “هێزەكانی پێشمەرگە، هێزەكانی پۆلیس و هێزەكانی دیكەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، هەروەها هێزەكانی ئاسایش، دەزگا هەواڵگرییەكان و ڕێكخراوەكانی پەیوەست بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان”ی هێناوە و دەڵێت، بەشدارن لە پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان”.
زۆربەی كارەكانی حەشدی شەعبی لە دەرەوەی دەسەڵاتی حكومەتی عێراقدایە
لەبارەی عێراقیشەوە، ڕاپۆرتەكە باس لە هێزە ئەمنییەكان و بەتایبەت حەشدی شەعبی دەكات و دەڵێت، “ئەو هێزە بەشێكە لە هێزە ئەمنییەكانی عێراق و هەروەها لە بودجەی وەزارەتی بەرگریی پاڵپشتیدەكرێن، بەڵام زۆرینەی كارەكانیان لە دەرەوەی كۆنترۆڵ و دەسەڵاتی حكومەتی عێراقە”.
ڕاپۆرتە ئەمریكییەكە وا باسی حەشدی شەعبی كردووە، كە “بەشێكی زۆر لە یەكەكانی ئەو هێزە لە ئێران و سوپای پاسدارانەوە فەرمان وەردەگرن، حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەكانی عێراق بەشێوەیەكی گشتی پێشێلكاریی ڕوون و پشتڕاستكراوەیان ئەنجامداوە”.
دۆخی چالاكوانانی شیلادزێ لەوپەڕی مەترسیدایە
سەبارەت بە پێشێلكارییەكان باسی لەوەكردووە، عێراق پێشێلكاریی پشتڕاستكارەوەی بەرامبەر خەڵكی سڤیل تێدا ئەنجامدەدرێت، لەوانە، كوشتنی نائاسایی، كوشتن لەدەرەوەی یاسا لەلایەن دەزگا و هێزە حكومییەكانەوە.
ڕاپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دۆخی زیندانی لە سەرتاسەری عێراقدا بە سەخت وەسفكردووە و دەڵێت، هەڕەشە لەسەر ژیانیان هەیە، ئەوە جگە لەوەی باسی چەند پێشێلكارییەكی دیكە دەكات، لەوانە، گرتن و چاودێریكردنی نایاسایی، دەستێوەردانی نایاسایی لە كاری تایبەت، سزادانی ئەندامانی خێزانی تاوانبارەكان، بەسەربازكردن و بەكارهێنانی نایاسایی منداڵان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە، دانانی ڕێكار و مەرجی مەترسیدار لەسەر ئازادیی ڕادەربڕین و میدیاكان، لەناویاندا توندوتیژی یان هەڕەشەكردن لە ڕۆژنامەنووسان بە توندوتیژی، چاودێریكردن، مەرجی مەترسیدار بۆ ئازادیی ئینتەرنێت و دەستێوەردانی مەترسیدار لە ئازادییەكانی كۆمەڵگا و ئاشتیی كۆمەڵایەتی.
ئەوەش لەكاتێكدایە، لە ئێستادا دۆخی چالاكوانانی شیلادزێ لەوپەڕی مەترسیدایە و لەنوێترین پێشهاتیشدا رەوشی زیندانیانی شیلادزێ خراپە بەهۆی بەردەوامیان لە مانگرتن، هاوكات وەسیەتنامەی خۆیان بە خێزانەكانیان داوە.
ئەیهان سەعید نوێنەری زیندانیانی بادینان لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی دۆخی زیندانیانی شیلادزێ رایگەیاند: بەهۆی بەردەوامبونیان لە مانگرتن لەپێناو ئازادی، رەوشی زیندانیانی بادینان زۆر خراپە، لە لایەنەكان و دادگا بێ هیوا بون و وەسیەتنامەی خۆیان بە خێزانەكانیان داوە و یەكێكیان لە هۆش خۆی چووە.