فەرمانی دەستگیركردن بۆ مەرجەعێكی باڵای شیعە دەرچوو

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، دادگای لێكۆڵینەوە لە شاری عیمارە، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ مەحموود سەرخی دەركرد كە یەكێكە لە مەرجەعە ئایینییەكانی شیعەی عێراق، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراقیش دەستگیركردنی 29 كەسی شوێنكەوتووی مەرجەعەكەی راگەیاند.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، رۆژی چوارشەممە 13 ی نیسان لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند: دادگای لێكۆڵینەوە لە شاری عیمارەی ناوەندی پارێزگای میسان، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ مەحموود عەبدولڕەزا محەممەد، ناسراو بە مەحموود سەرخی دەركرد.

وەك ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاماژەی پێداوە، دادگاكە بەپێی ماددەی 372 ی یاسای سزاكانی عێراق فەرمانی دەستگیركردنی بۆ مەحموود سەرخی دەركردووە، ماددەكە جەخت لە سزادانی هەر كەسێك دەكاتەوە كە بە ئاشكرا هێرشبكاتە سەر باوەڕی هەر پێكهاتەیەكی ئایینی یان سووكایەتی بە رێوڕەسمەكانی بكات.

هاوكات دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند: لە چوارچێوەی هەڵمەتی دەستگیركردنی ئەندامانی “بزووتنەوە تووندڕەوەكان” كە هەوڵی سووكایەتیكردن دەدەن بە باوەڕداری و سیمبوولە ئایینییەكان و هەڕەشە لە ئاشتی كۆمەڵایەتی دەكەن، بە فەرمانی دادوەر، 29 كەسمان دەستگیركرد كە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی تووندوتیژی ئایینی لە بەغدا و چەند پارێزگایەكی باشووری عێراق و دوای لێكۆڵینەوە كەیسەكانیان رەوانەی دادگا كرا.

دەركردنی فەرمانی دەستگیركردنی مەرجەعی شیعە مەحموود سەرخی كە چەند ساڵێكە عێراقی جێهێشتووە و دەگوترێ لە یەكێك لە وڵاتە عەرەبییەكانی كەنداو نیشتەجێیە، دوای چەند رۆژێك هات لە بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیی وتاربێژێكی نوێژی هەینی سەر بە مەرجەعی سەرخی لە پارێزگای بابل، ئەو وتاربێژە هەینی رابردوو لە وتارەكەیدا داوای رووخاندنی مەزارگە پیرۆزەكانی شیعەی كرد و وتی: پێغەمبەری ئیسلام فەرمانی بە پێشەوا عەلی كوڕی ئەبی تالیب كرد هەموو گۆڕەكان تەخت بكات و رێگە نەدات بكرێنە مەزارگە، جا چ گۆڕی پێغەمبەران بن یان پێشەواكان یان گۆڕی كەسانی ئاسایی بن.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەو ڤیدیۆیە لە دەزگاكانی راگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، شەوی رابردوو لایەنگرانی مەرجەعی باڵای شیعە عەلی سیستانی لە چەند پارێزگایەكی باشووری عێراق رژانە سەر شەقامەكان و هێرشیان كردەسەر حوسەینییە و نووسینگەكانی سەر بە مەرجەعی سەرخی و بەشێكی زۆریان سووتاندن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا