ژنەكان وڵاتیان هەیە، بەڵام نایدۆزنەوە

ڕامانیك لە ڕۆمانی “ژنەكان وڵاتیان نییە”

نووسینی: سەنگەر زراری

ئەو كەسانەی لە ژیاندا هەمیشە ناڕازی دەردەكەون و هیچ شتێكی دەوروبەریان بە دڵ نییە، ئەو كەسانەن كە لە دەروونزانیدا پێیان دەگوترێ “كەسانی نەرێنی”، ئەوانە ئەو كەسانەن كە هەردەم نیوە بەتاڵەكەی پەرداخەكە دەبینن. هۆكاری سەرەكیی نەرێنیبوونی كەسایەتییەكان ئەوەیە، كە ئەو مرۆڤە بەشێوەیەكی ئاسایی نەژیابێت و پێداویستییە سەرەكی و سەرەتاییەكانی ژیانی بۆ دابین نەكرابێت. كۆمەڵگای كوردییش لەو كۆمەڵگایانەیە، كە هەمیشە لە شپرزەییدا ژیاوە، چ كولتوور و دابونەریت و مێژووەكەی و چ دەسەڵاتدارانی نەیانتوانیوە وەكو پێویست خزمەتی هاووڵاتی و تاكەكانی بكەن و پێداویستییە سەرەكی و سەرەتاییەكانی بە جوانی و ڕێكوپێكی بۆ دابین بكەن، هەر بۆیەش ئەم كۆمەڵگایەی ئێمە پڕە لە كەسایەتییە نەرێنییەكان و بیركردنەوە نێگەتیڤەكان.

ڕۆمانی “ژنەكان وڵاتیان نییە”، تەنیا چیرۆكی تاكێكی نەرێنی نییە، بەڵكو چیرۆكی زۆربەی ئەو كەسانەیە كە لەناو كورد بە دوای دەرچەیەكی ڕزگاربووندا دەگەڕێن، كاتێك دەشگەنە ئەو دەرچەیە، وادەزانن ڕابردووەكەیان لە ئێستایان باشتر بووە. چیرۆكی ئەو كەسانەیە كە پێیان دەگوترێ نەرێنی و هیچ كات بەو ژیانە ڕازی نین كە تێیدان، چیرۆكی ئەو كەسانەیە كە ناواقیعین و هەمیشە بەدوای ئەو دونیا یۆتۆپی و فەنتازی و خەیاڵییەدا دەگەڕێن كە لە خەیاڵیاندایە.

لەم ڕۆمانەدا “خەجە خەیاڵاوی” بەدوای دنیایەكی جوانتر و باشتردا دەگەڕێت و پێی وایە لە كوردستان هیچ ساتێكی خۆش نەژیاوە و ژیانی بەهەدەر داوە، بەڵام لە یەكەم ساتی گەیشتنی بە نەرویج و لە یەكەم پەڕەگرافی بەشی یەكەمی ڕۆمانەكەدا، ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە كە دەیەوێ لە واقیعی ئەوێش ناڕازی بێت و سۆزی بۆ ژیانی پێشووی دەجووڵێ: “بە غەمگینی لەسەر دووڕیان و چوارڕیانە قەرەباڵغەكانی ئۆسلۆ دەوەستام و نەمدەزانی بۆ كوێ دەڕۆم، نە شوفێرێكی شەڕواڵلەبەری كەلامشیرین هەیە دەستی لێ ڕاگرم و بە ئارامی بەدەم قسە و باسی ڕۆژەوە بمبات بۆ شوێنی مەبەست، نە تەلەفۆنەكەم ژمارەی ئەوانەی لەسەر ماوە كە تێم دەگەن و هاوزمانمن، بیرەوەریم لەگەڵ هیچ شوێنێكدا نییە، هیچ شوێنێك.. هیچ مرۆڤێك.. هیچ سەگێك من ناناسێت، وەك گێژێكی غەمگین و شەرمن لە شوێنێكدا دەوەستم و بیر دەكەمەوە كە چۆن بچمە نێو ئەم كۆمەڵگا تازەیەوە؟! بچم یان نەچم؟! چۆن بچم؟! گەر قەرارە بچم، لە كوێوە؟! كوا سەرەتام؟! كوا ئێستام؟! كوا داهاتووم؟! لە شوێنێكی نامۆ و غەمگین دەوەستم و نەشارەزا و بەستەزمان بیردەكەمەوە و ناوێرم و نازانم چۆن هەنگاو بنێم؟!…ل7″، ئەم پەڕەگرافە بە جۆرێك لە جۆرەكان ستایشی كوردستان و گەڕانەوەیەكی نۆستالژیانەیە بۆ ئەوێ، لەكاتێكدا هێشتا هیچ ڕۆژێكی ژیانی ئەو وڵاتەی ئەزموون نەكردووە كە بۆی چووە، بۆ ئەوەی بزانێ باشە یان خراپ، بەدڵییەتی یان نا؟! بەڵكو هەر لە سەرەتاوە نەرێنیبوونی كەسایەتییەكەی دەردەكەوێتەوە.

ئەو وەكو زۆرێك لە كۆچبەرانی دیكەی ڕۆژهەڵاتی، بەر لەوەی بڕوات، لە ئەوروپا بەدوای بەهەشتێكدا دەگەڕێت، كاتێكیش دەچێت و ئەم بەهەشتەی دەستناكەوێ، وا دەزانێ ژیان بەسەر ئەودا داخراوە و كاول بووە. بۆیەش لەوێ ئەو واقیعێك دەبینێ كە لە خەیاڵی خۆیدا هەرگیز بیری لێی نەكردبووەوە.

لە سەرەتاوە ڕووبەڕووی ئەو بیركردنەوە ڕەگەزپەرستییە دەبێتەوە كە زۆرێك لە ئەوروپییەكان بەرامبەر بێگانە هەیانە: “گرووپ و خەڵكی زۆری ئاژەڵپەرست و سروشتپەرست و ژینگەپارێز هەن لەم ئەوروپایە، بەڵام ئەوەی كەس ناوی ناهێنێت و بە نەبوو حیساب دەكرێ، مرۆڤە بێ ئیقامەكانن..ل86”. لەمەشەوە هەست دەكات كە لە كوردستان دۆخی ئەوەندە خراپ نەبووە كە ئەو پێی وابووە و بۆیەش بیری بێوڵاتیی خۆی دەكەوێتەوە و سۆزی بۆ نیشتمانەكەی دەجووڵێ.

فەیلەسووفی و نووسەری ناوداری میسری مستەفا مەحموود (1921-2009ز) دەیگوت: “بە هەبوونی خەم و ئازار و زاڵبوون بەسەریدا و ئارامگرتن و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم خەم و ئازارانە، كەسایەتیی مرۆڤ گەشە دەكات و ئیڕادەیەكی بەهێزی بۆ دروست دەبێ و لە ئەنجامدا مرۆڤ دەبێتە مرۆڤێكی دیكە”.

كەسانی نەرێنی، خەم و ئازارەكانیان هەیە، بەڵام كەسایەتییەكەیان لاوازە و ناتوانن بەسەر خەم و ئازارەكانیاندا زاڵ بن، بۆیەش ناتوانن بگۆڕێن، ئەوان هەردەم بە دڵ و حەز و ویستی خۆیان، دەوروبەریان دەبینن و بیركردنەوە و چاوەڕوانییەكانی خۆیان دەكەنە پێوەری هەڵسەنگاندنی ئەم دەوروبەرە، ئەمەش وا دەكات ببنە كەسانی دووفاقی و ڕاڕا، میزاج لە بیركردنەوە و هەڵسوكەوتیاندا ڕەنگ دەداتەوە، بۆیە ئەگەر هەر شت و كەسێكیان بەدڵ بێت، ستایشی دەكەن و بە جوانی دەیبینن، بەڵام هەمان شت و كەس ئەگەر بەدڵی ئەوان نەبێت، لێی هەڵدەگەڕێنەوە.

ئەم دووفاقییە لە كەسایەتی “خەجێ”دا بە ڕوونی ڕەنگ دەداتەوە، بۆ نموونە ئەو كاتەی بۆ یەكەم جار خاڵۆژنی دەبینێ، بەم شێوەیە وەسفی سیما و جەستەی دەكات “لە دوورەوە خاڵۆژنە گێڵاسم بینی، كەمێك چووبووە تەمەنەوە، بەڵام هێندەش نا كە جوانی و گەشیی دەموچاوە پیاوكوژەكەی لەدەستدابێت، هەر لە دوورەوە دڵخۆش بووم بە بینینی گێڵاس وەك خۆی…ل13″، بەڵام دواتر كە دۆخەكە بە دڵی ئەو نییە، هەر ئێوارەی هەمان ڕۆژ بەم جۆرە وەسفی جەستەی دەكات: “خاڵۆژنم چەقۆت لێ دابووایە خوێنی لێ نەدەهات، وتی: منیش دێم. بە ڕانە ئەستوور و قنگە زلەكەی كە لە زۆربەی ژنە كوردەكانی تر دەچێت و دوای تەمەنی سی ساڵی، ئەو فۆرمە ناتەندروستە وەردەگرن و سی و چل ساڵیی تەمەنیان قینگیان دوو سێ هێندەی قەبارەی قینگی تەمەنی بیست ساڵییان زل دەبێت و سكیان وەك ئەوەیە دووانەیەكی مردووی لەنێودا جێ مابێت، یان مەنجەڵێك یاپراخت هەر بە زۆر خستبێتە ناوی، پشتیشیان چەند قاتێك گۆشت و بەزی زیادە بەسەر یەكدا شۆڕ بۆتەوە…ل90”. بۆیە لێرەوە وەسفی سیما و جەستە بە نموونە دەهێنمەوە، چونكە جەستە لە دۆخی ئاساییدا بە ماوەی یەك دوو ڕۆژ گۆڕانی بەسەردا نایەت، كەچی وەسفی خەجێ بۆ ئەم جەستەیە لە ماوەی نێوان ڕۆژ و شەودا گۆڕانی بەسەردا دێت و تەواو پێچەوانە دەبێتەوە، خۆ ئەمە سروشت و بیركردنەوەش نییە تا بڵێین لە یەكەم دیتندا تەنیا جەستەی دەبینێ و شارەزای سروشت و هەڵسوكەوت و بیركردنەوەی نەبووە و دواتر شارەزا دەبێت، یان لێی تێدەگات، ئەمە جەستەیە و لە هەردوو دۆخەكەدا، چ لە یەكەم بینیندا و چ لە بینینەكانی دواتر، هەر یەكە، كەواتە ئەوە تێڕوانینە میزاجییەكانی خەجێیە گۆڕانی بەسەردا دێت، نەك دۆخەكە، ئەمەش ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی كە خەجێ وێنای كەسایەتیی نەرێنی دەكات.

ئەم وێنە دووفاقییە لە وێنە بچووكەكان و وێنەی تاكە كەسەكانەوە تا وێنە گەورەكان و تێڕوانینی بۆ دنیای ناو كوردستان و دونیای ئەوروپا، گۆڕانی بەسەردا دێت و بەگوێرەی دۆخی خۆی بڕیاریان لەسەر دەدات، لەكاتیكدا وەكو گوتمان ئەو بۆ بەهەشت چووەتە ئەوروپا و پێی وایە ئەوێ وڵاتی ژیان و ئارامی و مافی مرۆڤە: “لە نەرویج سەردەمی ئارامی و مرۆڤدۆستییە، بەڵام من تەنیا بە جەستە لەم پایتەختە ئارامەدا هەناسە دەدەم، ئەگینا دڵ و ڕۆحم لە ڕۆژانی جەنگدا بەجێ ماوە…ل145″، كەچی دەبینێ: “زانكۆم تەواو كردووە و هەر لەبەرئەوەی زمانی نەرویجی زمانی دایكم نییە، شانسی كارم نییە…ل183”. هەر بۆیەش دان بەوەدا دەنێت كە “ئێرە وڵاتی ئێمە نییە و نابێت بە هی ئێمە، ئێرە نایەكسانییە، ئێرە ئەو شوێنەیە كە قەت نابێت بە هی ئێمە…ل188”.

لەڕاستیدا ئەوەی خەجێ دەیبنینێ، لە ژیانی مرۆڤایەتیدا شتێكی نامۆ نییە، بەڵكو واقیعی ئاسایی ژیانی مرۆڤەكانە و دەبێ لەگەڵی ڕابێن، ئەوەی نامۆیە، تێڕوانینی خەجێ و كەسانی وەكو ئەوە، كە چاوەڕوانییەكی زۆر زیاتریان لەم ژیان و دنیایە هەیە و دەیانەوێ ئەو دنیا خەیاڵییە بێتەجێ كە ئەوان لە بیر و هزری خۆیانیان دروست كردووە، ئەمە بۆ خەجێش هەمان شتە: “وام دەزانی هەموو ئەوانە بە گۆڕانی جوگرافیا چارە دەبێت، وام دەزانی بارگە بگوازمەوە بۆ وڵاتێكی مۆدێرن، كێشەكان لەخۆیانەوە ئاسانتر و باشتر دەبن…ل90”. كاتێكیش دیسان شتەكان بە دڵی ئەوان نابێت، ئەوان هەر لە گەڕان و بیركردنەوەی خۆیان ناكەون و بەدوای دەرچەیەكی دیكەدا دەگەڕێن، بەبێ ئەوەی باوەڕیان بە واقیعی ژیان بێت و لەگەڵی ڕابێن.

لێرەشەوە من وای دەبینم: ڕاستە ئەم ڕۆمانە ناونیشانی ژنی هەڵگرتووە و وا دێتەبەرچاو مەزڵوومییەكانی ژن بگێڕێتەوە، بەڵام لەڕاستیدا، چیرۆكی ئەم ڕۆمانە بە گشتی پەیوەندی بە كەسە نەرێنییەكانەوە هەیە بە نێر و مێیەوە، بێگومان ئەوانەش بێوڵات نین و وڵاتیان هەیە، بەڵام لەبەر تێڕوانینە سلبییەكانیان وڵات و دەوروبەریان بزر كردووە و نایبیننەوە، بۆیە كورتكردنەوەی ئەم ڕۆمانە تەنیا لە ژن، كورت دەهێنێ.

* ژنەكان وڵاتیان نییە (ڕۆمان)- ئەژین عەبدولخالق، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، چاپی یەكەم (2020).

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا