پۆڵەتیك پرێس
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، رێگە نادەین پارتی وەك لایەنێكی سیاسی بەتەنهاو بەپێی ویست و بەرژەوەندییە حیزبییەكانی خۆی بریاربدات و هەڵبژاردن بۆ مەرامی حیزبیی بەكاربهێنێ، بەڵكو دەبێت بریاری بەكۆمەڵ و بەشەراكەتی سەرجەم هێزەسیاسیەكان بدرێت.
لوقمان وەردی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: عەقڵیەتی بڕیاری تاكرەویی حیزبیی، هەرێمی كوردستانی بەم رۆژە گەیاند، بۆیە ئێمە چ وەكو فراكسیۆنی یەكێتیی لە پەرلەمانی كوردستان ، چ وەكو هێزێكی رەسەنی گۆڕەپانی سیاسیی كوردستانیش، بڕوامان وایە دەبێت كۆتایی بە تاكڕەویی لە بریاردانی سیاسیی بۆ ئاییندەی گەلەكەمان و پرسە نیشتمانییەكانمان بهێنرێت و بە ئەركی نیشتمانیی و دیموكراسییانەشی دەزانین كە رووبەرووی تاكڕەویی سیاسیی ببینەوە، هەروەكچۆن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر ئەم بنەمایە دروستبووە و خەباتی كردوە و هەزاران شەهیدیشی لەم پێناوەدا بەخشیوە.
لوقمان وەردی وتی: ئەزموونی چەند ساڵەی رابردوو پێمان دەڵێت هەموو ئەو بریارە سیاسی و ئابورییانەی بە تاكڕەویی حیزبیی و دوور لە كۆدەنگی نیشتمانیی هێز و حزبە سیاسییەكانی كوردستان دراون، سەرەنجام بە شكست كۆتاییان پێهاتوە و هاونیشتمانیان باجیان داوە و تاكڕەویی بڕیاردانی حیزبیی، بۆتە مایەی كێشەو نەهامەتی و مالوێرانی بۆ گەلەكەمان و گەرانەوەمان چەند هەنگاوێك بۆ دواوە.
وتیشی: لە ئێستاشدا، بانگەشەكردنی پارتی چ وەك حزب چ وەك فراكسیۆنێكی پەرلەمانی بۆ بڕیاری تاكڕەویی لە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دا، كە پرسێكی تەواو نیشتمانییە و پەیوەندیی بە ئایندەی سیاسی و حوكمرانی هەرێمی كوردستانەوە هەیە ، سەرەرای ئەوەی پەیوەستە بە چارەنوسی میللەتەكەمان و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان، بۆیە رێگە نادەین پارتی وەك لایەنێكی سیاسی بەتەنهاو بەپێی ویست و بەرژەوەندییە حیزبییەكانی خۆی بریاری لێبدات و هەڵبژاردن بۆ مەرامی حیزبیی بەكاربهێنێ، بەڵكو دەبێت بریاری بەكۆمەڵ و بەشەراكەتی سەرجەم هێزەسیاسیەكان بدرێت و گەڕانەوە بۆ دواوە نییە.
روونیشیكردەوە، ئاییندەی گەلەكەمان و پێكهاتەی خولی داهاتوی پەرلەمان وا دەخوازێت پەلە بكەین لە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بۆ فرە بازنەیی و پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران و پاراستنی مافی نوێنەرایەتیی راستەقینە و عادیلانەی پارێزگاكانی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان و هەروەها نوێنەرایەتیكردنی راستەقینەی پێكهاتە رەسەنەكانی كوردستان.