جەنگی ئۆكرانیا و رووسیا بووەتە مایەی خێر بۆ عێراق

پۆڵەتیک پرێس

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەدوای داگیرکاری ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا بووەتەهۆی ئەوەی، عێراق داهاتێکی دەستبکەوێت کە لە ساڵی 1972ەوە لە وێنەی نەبووە.

عێراق لە مانگی ئاداردا زیاتر لە 11 ملیار دۆلاری لەڕێی نەوتەوە دەستکەوتووە، هۆکاری زیادبوونی ئەم داهاتە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو نرخە بەرزەی لەو ماوەیەدا نەوت تۆماری کردووە کە ڕوسیا دەستی بە داگیرکارییەکانی بۆسەر ڕوسیا کردووە.

بەشێک لە شارەزایان هۆشداری دەدەن لەبارەی ئەم بازدانە پێوانەییە و دەڵێن، ڕەنگە ببێتەهۆی پوچەڵکردنەوەی پلانی حکومەت بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات لە عێراق و دوورکەوتنەوە لەوەی تەنها پشتببەستێت بە داهاتی نەوت.

نەوت کە بە دیارترین سەرچاوەی دارایی عێراق دادەنرێت، لە مانگی ڕابردوودا بڕی 11.07 ملیار دۆلار داهاتی بۆ عێراق دەستەبەرکرد کە بە بەرزترین ئاستی داهاتی نەوت دادەنرێت لەماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا.

بەگوێرەی بەیاننامەی وەزارەتی نەوتی عێراق، لەمانگی ئاداری ڕابردوودا عێراق کە دووەم گەورەترین سەرچاوەی بەرهەمهێنانی نەوتە لەناو ئۆپیک بڕی 100 ملیۆن و 563 هەزار و 999 بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەمە ئاماری سەرەتایی هەناردەی نەوتی خاو و داهاتی نەوتە بۆ مانگی ئادار، بەڵام بەرپرسێکی وەزارەتی نەوت باس لەوە دەکات، بەگشتی ئامارە سەرەتاییەکان گۆڕانکارییان بەسەردانایەت، بشگۆڕین گۆڕانی زۆر کەم دەبێت.

بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، مانگی ڕابردوو لە هەر ڕۆژێکدا عێراق 3 ملیۆن و 244 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە و تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوت زیاتر لە 110 دۆلار بووە.

سەرباری ئەم هەموو داهاتە، بەڵام عێراق کە ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاترە لە 40 ملیۆن کەس و چەندین ساڵ لەناو شەڕ و ناکۆکیدا ژیاوە، بەدەست کەمی وزە و لاوازی ژێرخان و بڕانی کارەبا و چەندین کێشەی دیکەوە دەناڵێنێت کە بوونەتە بارگرانی بەسەر ژیانی عێراقییەکانەوە.

لایخۆیەوە یەسار مالکی، شیکەرەوەی کەنداو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ڕووپێوی ئابووری دەڵێت، “بەگشتی، بەرزبوونەوەی ڕێژەی داهاتی نەوت بابەتێکی ئەرێنییە بۆ عێراق، بەڵام ڕەنگە ببێتەهۆی پوچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی حکومەت لە جێبەجێکردنی ئەو چاکسازییە ئابوورییانەی پێویستن بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات لە عێراق بەدەر لە داهاتی نەوت.

بەگوێرەی قسەکانی یەسار مالکی، پێشبینی دەکرێت زیادبوونی نرخی نەوت ببێتەهۆی ئەوەی داواکارییەکی زیاتر لە ڕای گشتییەوە ئاراستەی لایەنە سیاسییەکان بکرێت لەبارەی زیادکردنی مووچەی کەرتی حکومی و داواکارییەکانی دامەزراندن ڕوو لە زیادبوون بکەن.

لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پەککەوتنی کەرتی ئابوری و بازرگانی جیهان، نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی و عێراقیش بەهۆی لێکەوتەکانی دابەزینی نرخی نەوت کەوتە بەردەم قەیرانی ئابووری سەخت.

بەڵام دوابەدوای هەڵگیرسانی جەنگی ڕوسیا دژی ئۆکرانیا وردە وردە نرخی نەوت بەرزبوونەوەی بەرچاوی تۆمارکرد و لە ڕۆژی 7ی ئاداری ڕابردوو نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت گەیشتە 130 دۆلار.

بەگوێرەی زانیارییەکانی بانکی نێودەوڵەتی سەرباری ئەم هەموو داهاتە، کەچی هێشتا عێراقییەکان بەدەست بێکاری و هەژاری و داڕمانی ژێرخانی ئابوورییەوە دەناڵێنن، ڕێژەی بێکاری لەناو گەنجاندا دەگاتە %40، جگە لەوەش سێیەکی دانیشتوانی عێراق بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا