پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
كڕین و فرۆشتن بە پۆستەباڵاكانی حكومەتی داهاتووی عێراقەوە دەكرێت و ئەمینداری گشتی گروپی عەسائیبی ئەهلی حەق دەڵێت، مامەڵەكردن بە پۆستێكەوە تا 500 ملیۆن دۆلار رۆشتووە.
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی گروپی عەسائیبی ئەهلی حەق ڕایگەیاندووە، بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەك، نرخی یەكێك لە پۆستە گرنگەكانی عێراق گەیشتووەتە 500 ملیۆن دۆلار، بەڵام ناوی پۆستەكە و ئەو لایەنەشی ئاشكرا نەكردووە كە سەوداكەی لەسەر ئەو پۆستە كردووە.
لەلایەكی دیكەوە مەحمود حەیانی ئەندامی هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاندووە، كڕین و فرۆشتن بە پۆست و وەزارەتەكانی حكومەتی عێراقەوە لە ئێستاوە دەستی پێكردووە، ئاماژەی بەوەشكرد كڕین و فرۆشتنەكە لیژنە پەرلەمانییەكانیشی گرتووەتەوە.
ئەوەش لە كاتێكدایە، چەند سەرچاوەیەكی میدیایی و چالاكوانی مەدەنی لە تویتەر لە زاری سیاسییەكانی عێراقەوە بڵاویانكردەوە، لە ئێستاوە دەستكراوە بە كڕین و فرۆشتنی پۆستەكانی حكومەتی نوێ، بە گوێرەی ئەو سەرچاوانە پۆستی وەزارەتی نەوت لە لوتكەی نرخەكاندایە و دوای ئەویش وەزارەتی بازرگانی و بە پلەی سێهەمیش وەزارەتی وەرزش و لاوان دێت.