ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێی داواكاری و كێشەكانی پارێزگای هەڵەبجە دەكات

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا تاوتوێی داواكاری و پێشنیاز و كێشەكانی پارێزگای هەڵەبجە كرا.

جووتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو، لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا كە تایبەت بوو بە 34 هەمین ساڵیادی تاوانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە ژمارەیەك پێشنیار و داواكاری پارێزگای هەڵەبجە خرانە ڕوو، لە بوارە جیاجیاكانی تەواوكردنی پەیكەرەی پارێزگاكە، پڕكردنەوەی پێداویستی میلاك و دامەزراندن بۆ فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و بودجەی پارێزگاكە و پرۆژەكانی خزمەتگوزاری گشتی و ئاوەدانكردنەوەی هەڵەبجە و پێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگا و پێدانی تایبەتمەندێتی بە پارێزگاكە لە رووی ئیداری و داراییەوە، وەك پارێزگایەكی نوێ‌.

جووتیار عادل وتی: دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەك لە وەزارەتە تایبەتمەندەكان رابسپێرێت بۆ بەدواداچوونی خێرا و جێبەجێكردنی داواكارییەكانی هەڵەبجە.

هەروەها لەكۆبوونەوەكەدا داوای قەرەبووی زیانلێكەوتوانی هەڵەبجەو شوێنەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان لەحكومەتی عیراق كراو داواكرا كە حكومەتی عیراق پابەندبێت جێبەجێ كردنی ماددەكانی تایبەت بەو كارەساتانە.

وتەبێژی حكومەت وتیشی: لەبرگەی دووەمی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا باس لەهێرشە موشەكییەكەی وڵاتی ئێران بۆ سەر هەولێر كراو ئەنجومەنی وەزیران هێرشەكەی ئیدانە كردو داوای كرد كە لیژنەیەكی نێودەوڵەتی پێكبهێرێت و دڵنیاتان دەكەینەوە ئەو تۆمەتانەی كە دەخرێنە سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان ناڕاست و هیچ بنەمایەكی راستییان نیە.

ئەوەشی خستەڕوو: هەروەها لەبڕگەی سێهەمی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، باس لە داخوازی هاووڵاتیان كراو وەزارەتەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان راسپێردران كە پێویستە لەئێستا زیاتر بەدەم داواكاری و پێشنیارەكانی هاووڵاتیانەوە بچن و كێشەی و پێداویستییەكانی هاووڵاتیان چارەسەر بكەن.

لەگەڵ ئەوەشدا لەكۆبوونەوەكەدا وەزارەتی دارایی راسپێردرا، كە لەرۆژانی جەژنی نەورۆزیشدا بەردەوام بێت لەدابەشكردنی مووچە و لەماوەیەكی كەمدا كۆتایی بەدابەشكردنی مووچەی مانگی شوبات بهێنرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا