پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
سەرۆكی هەرێمی كوردستان خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ هەولێر نیشاندا و رایگەیاند، سەردانەكەی دەرخەری پاڵپشتییەكی بەهێزە بۆ كوردستان.
رۆژی دووشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان تویتێكی لەبارەی سەردانەكەی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ هەولێر بڵاوكردەوە و رایگەیاند: خۆشحاڵ بووم بە پێشوازیكردنی هاوڕێم و سەرۆكوەزیرانی عێراق مستەفا كازمی و شاندەكەی بۆ هەولێر.
سەردانەكەی كە رۆژێك دوای هێرشە ترسنۆكانەكە هات بۆسەر پایتەختەكەمان، دەرخەری پاڵپشتییەكی بەهێزە بۆ كوردستان.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەشێكی دیكەی تویتەكەیدا نووسیویەتی، لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق و هاوبەشە نێودەوڵەتییەكانمان كار دەكەین بۆ رێگەگرتن لە پێشێلكاریی زیاتری سەروەریی عێراق.
رۆژی دووشەممە سەرۆكوەزیرانی عێراق گەیشە نووسینگەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پێشوازیی لێكرا.
مستەفا كازمی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق بە سەرۆكایەتیی شاندێك كە پێكهاتوون لە جومعە عناد، وەزیری بەرگری و عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆ و قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئەنجوومەنی نیشتمانیی عێراق، گەیشتنە شاری و هەولێر و لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە فڕۆكەخانەی نێوەدەوڵەتی هەولێر پێشوازییان لێكرا.
دوای سەردانەكەی مستەفا كازمی بۆ هەولێرو بەسەركردنەوەی شوێنی بۆردوومانە موشەكییەكان، نوسینگەی راگەیاندنی مستەفا كازمی، رایگەیاند: كازمی تەئكیدی كردۆتەوە لەسەر رەتكردنەوەی هەر هێرشێك كە ببێتە هۆكاری تۆقاندنی هاوڵاتیانی مەدەنی و پاراستنی یاساو عورفی نێودەوڵەتی لەو روەوە راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و ژمارەیەك لە فەرماندە سەربازییەكانی راسپاردوە لیژنەیەك پێكبهێنن سەرجەم بەڵگەكان كۆبكەنەوە و راپۆتێك لەوبارەیەوە پێشكەش بكەن كە وردەكاری بۆردوومانەكە و راستییەكانی تیادا بێت.