پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی دەوترا هێرشەکانی شەوی ڕابردووی هەولێر وەڵامدانەوەی ئێران بووە بۆ هێرشێکی ئیسرائیل وتی، “ئەو قسانەی دەکرێن هیچ بنەمایەکیان نییە و ئاقاری هەولێر بنکەی ئیسرائیل نییە”.
بەگوێرەی بڵاوکراوەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی، “چەند بەرپرسێکی ئەمریکا ئاشکرایانکردووە، هێرشە مووشەکییەکەی شەوی ڕابردووی هەولێر لەوانەیە وەڵامی ئەو هێرشە ئاسمانییەی ئیسرائیل بووبێت کە لە ناوەڕاستی هەفتەی ڕابردوو سوریای کردەئامانج و بەهۆیەوە دوو ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران گیانیان لەدەستدا”.
ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند، “دەمێکە بابەتی ئیسرائیل هەمیشە بەجۆرێک باس دەکرێت کە هیچ بنەمایەکی نییە، هیچ بنکەیەکی ئیسرائیل لەو شوێنە نەبووە، تەنها قونسوڵخانەی ئەمریکا ئەویش باڵەخانە نوێیەکە نەک کۆنەکە، کە بەشێکی تەواوبووە و بەشەکانی دیکەی ماون، ئەو شوێنانەی زیانیان بەرکەوتووە ماڵی خەڵک بووە و جێگای سڤیل بووە، ئاقاری هەولێر بنکەی ئیسرائیل نییە”.
وتیشی، “هەرێمی کوردستان وەکو قەوارەیەکی دەستووری وەکو هەرێمێک لە چوارچێوەی عێراقدا هەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران ئاسایی بووە، لەبارەی ئەم هێرشەشەوە تا ئێستا پەیوەندی لەنێوان دەسەڵاتدارانی هەولێر و ئێران بەڕێوەنەچووە، بەڵام بەدڵنیایی بەڕێوەدەچێت چونکە هەرێمی کوردستان هەڕەشە نییە لەسەر هیچ وڵاتێک و دراوسێیەک”.
جەختی لەوەشکردەوە، “ئەو جۆرە کارانە بەتەنها دژوەستانەوەی خەڵکی کوردستانە، نە ئەمریکا و نە ئیسرائیل نیە، هەرێمی کوردستان هەرێمێکی دەستووری چوارچێوەی عێراقە، هەر پەلامارێک بۆسەر هەولێر پەلامارە بۆسەر خەڵکی کوردستان”.