پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق كرد و بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراقیان لەبارەی هەناردەكردنی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان تاوتوێكرد.
رۆژی چوارشەممە 9_3_2022 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە شاندێكی ئەمریكی بە سەرۆكایەتیی ماتیو تولەر، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق كرد.
شاندەكە لە جۆن برینان، فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، جێنیفەر گاڤیتۆ، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری عێراق و ئێران، ئیتان گۆڵدریچ، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ كاروباری وڵاتانی سووریا، لوبنان و ئوردن، مات پێرل نوێنەری تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری سووریا و ژمارەیەك لە بەرپرسانی سیاسی و دیپلۆماسی و رۆبەر پاڵەدینۆ، كۆنسولی گشتیی ئەمریكا لە هەولێر پێكهاتبوون.
لە كۆبوونەوەكەدا دوایین پێشهاتەكانی پرۆسەی سیاسی، دۆخی ئەمنیی عێراق، مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوەی داعش لە عێراق و سووریا، پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان تاوتوێكران.
بەپێی راگەیەندراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، شاندە ئەمریكییەكە پابەندیی وڵاتەكەیان بۆ برەودان بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و كاری هاوبەشی نێوانیان دووپات كردووەتەوە و هاریكاری و هاوئاهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش بە پێویست و گرنگ لە قەڵەم دا.
نێچیرڤان بارزانی لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژەی بەوە كردووە كە جۆرێك لە چەقبەستوویی سیاسی لە عێراق هەیە و تا ئێستا ئەو لێكگەیشتنە سیاسییە نییە پرۆسەكە بباتە پێشەوە، بەڵام بە گرنگی زانی هەموو لایەنە عێراقییەكان كۆك بن لەسەر ئەوەی كە دەرفەتێك هاتووەتە پێش بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی راستەڕێ بكرێت.