حکومەتی هەرێم: لە سبەینێوە دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

جووتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایگەیاند: لە سەبینێوە حكومەتی هەرێم دەست دەكات بە دابەشكردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێم.

جووتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سبەینێ دابەشكردنی مووچەی مانگی شوبات بەبێ لێبڕین دەستپێدەكات و تا پێش نەورۆز مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان دابەشدەكرێت.

وتیشی: نەگەڕاندنەوەی بەشێك لە داهات و نەناردنی 200 ملیار دینارەكە لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە، گرفتی بۆ دابەشكردنی مووچە دروستكردووە و بۆ مووچەی ئەم مانگەش لە داهاتی مانگی سێی نەوت، پارەكە تەواو دەكەین.

لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیی عێراقیشەوە وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاند، دادگای فیدراڵیی عێراق، “پیشێلی” مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستانی كرد، بۆیە چوار سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە و جەختیان لە رێگرتن لە پێشێلكردنی مافی دەستووری هەرێمی كوردستان كرد، لەسەر ئاستی لایەنەكان و حكومەتی عێراق ئامادەی گفتوگۆین و شاند دەنێرین بەو مەرجەی دانوستاندنەكان پێچەوانەی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان نەبن.

لەبارەی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆكرانیا و كاریگەرییەكانیشی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیران فەرمانی بە وەزارەتی ناوخۆ كردووە كە بازاڕ كۆنترۆڵبكرێت و قۆرخكاری نەكرێت و قۆرخكار سزا بدرێت، وەكو لە چەند رۆژی رابردوودا چەند كەسێك بەوهۆیەوە سزادران.

لەبارەی فرۆشی نەوت و داهاتەكەشی جووتیار عادل ئاماژەی بەوەكرد، لە مانگی رابردوودا 11 ملیۆن و 275 هەزار بەرمیل نەوت فرۆشراوە، پارەكەی بۆ خەرجی كۆمپانیا، گواستنەوە و مووچە تەرخانكراوە، دروستبوونی كێشە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە مووچەی مانگی یەك، لە داهاتی نەوتی مانگی دوو دابینكراوە، هی مانگی دووش، لە داهاتی مانگی سێ دابین دەكرێت.

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و سووتەمەنی وتی، بەهۆی گرانبوونی نرخی نەوت لە جیهان، سووتەمەنی لە هەموو وڵاتان گرانبووە، ئێمە توانای پاڵاوتنی نەوتمان نییە بەپێی پێویست، پاڵاوگەكانمان ناتوانن 6 ملیۆن لیتر بەنزین بۆ ناوخۆ دابین بكەن، هەروەها هەندێ لەو بەنزینەی كە هاوردە دەكرا، مەترسیداربوو بۆ ژینگە و تەندروستی، بۆیە لەپێناو تەندروستیی هاووڵاتیان هەندێكمان قەدەغەكرد، ئێستاش دەرگا كراوەیە بۆ هەركەسێك كە بیەوێ بەنزین هاوردە بكات بەو مەرجانەی كە حكومەت لەبارەی كوالێتییەوە دیاریدەكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا