پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ژمارەیەك پەرلەمانتاری فراكسیۆنە جیاوازەكانی پەرلەمانی كوردستان، داوا لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكەن گرانبوونی نرخی خۆراك بخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتنەوە و بانگهێشتی دوو وەزیری پەیوەندیداریش بەو بابەتە بكرێت.
41 پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنە جیاوازەكان، واژۆیان كۆكردووەتەوە بۆ ئەوەی (بەرزبوونەوەی نرخی كاڵا و خۆراكی رۆژانەی هاووڵاتیان) بخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستانەوە.
پەرلەمانتاران داوا دەكەن لەسەر ئەو بابەتە بانگهێشتی هەریەك لە وەزیرانی بازرگانی و پیشەسازی و دارایی بكرێت.
ماوەی چەند رۆژێكە بە شێوەیەكی چاوەڕواننەكراو نرخی بەشێك لە كەل و پەل و پێداویتسیەكانی رۆژانەی هاووڵاتیان لە نێو بازاڕەكاندا بەرزبووەتەوە.
رۆژی سێشەممە 8_3_2022 مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند: هاووڵاتیان رەنگە تووشی دڵەڕاوكێ بووبن لە گرانبوونی بەشێك لە خۆراك و كاڵاكان و نەمانیان، من لێرەوە دەمەوێت بە هاووڵاتیانی خۆشەویست رابگەیەنم كە بەهیچ شێوەیەك پێویست ناكات تووشی دڵەڕاوكێ ببن.
سەرۆكی حكومەت وتیشی: بەشی شەش مانگ تا ساڵێك خۆراك و كەلوپەل لە كۆگاكانی هەرێمی كوردستاندا هەن، بۆیە پێویست ناكات خەڵكی بەلێشاو رووبكەنە بازاڕەكان و نرخی كەلوپەل و خۆراك بەرزبكەنەوە.