پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرایکرد، سەرکردەی وڵاتانی سعودیە و ئیمارات ڕەتیانکردەوە لەبارەی دۆخی ئۆکرانیا و دۆسیەی نەوت پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ئەنجام بدەن.
ڕۆژنامەکە لە زاری چەند بەرپرسێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە، “محەمەد بن سەلمان شازادەی سعودیە و محەمەد بن زاید ئال نەهیان شێخی ئیمارات، داواکاری ئەمریکایان ڕەتکردووەتەوە و لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا قسەیان لەگەڵ بایدن نەکردووە”.
لە ڕۆژنامەکەدا هاتووە پەیوەندی نێوان سعودیە و ئەمریکا لە ئیدارەی بایدندا تێکچووە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانی یەمەن و بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، جگە لەوەش شازادەی سعودیە لە ئەمریکا کۆمەڵێک سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمارکراوە، لەنێویشیاندا دۆسیەی کوژرانی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووس.
لەم دواییانەدا ئەمریکا لەژێر ڕۆشنایی بەرزبوونەوەی نەوت و تێپەڕاندنی 130 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، هەوڵیداوە چاکسازی لە پەیوەندییەکانیدا بکات لەگەڵ هەردوو وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەڕووی ئابوورییەوە پێویستی پێیانە.