كازمی شەڕی “نەهەنگە گەورەكان” دەكات

پۆڵەتیك پرێس:
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق چەند لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆ لێكۆڵینەوە لەو دۆسییانەی لەبارەی گەندەڵی ئاراستەی كراون‌و بەنیازیشە لەهەنگاوی یەكەمدا بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی شەڕی “نەهەنگە گەورەكان” بكات.

مستەفا كازمی جگە لەپێكهێنانی چەند لیژنەیەك، دەزگای دژەتیرۆری عێراقیشی راسپاردووە، بۆ ئەوەی فەرمانی لیژنەكان جێبەجێبكەن‌و ئەو كەسانە دەستگیربكەن لە دۆسییە گەندەڵییە گەورەكان پێكهێنراون.

سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرپەرشتی لیژنەكانیشی بە ئەحمەد تەها حەشمی سپاردووە، كە پێشتر لە پۆستە باڵا هەواڵگرییەكانی ناو وەزارەتی ناوخۆدا خزمەتی كردووەو سەرۆكایەتی چەند لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی تایبەتی كردووە.

هەروەها جەنراڵ عەبدولوەهاب ساعدی فەرماندەی هێزەكانی دژەتیرۆریشی راسپاردووە، خۆی سەرپەرشتی ئەو هەڵمەتانە بكات، بۆ دەستگیركردنی گەندەڵكاران ئەنجامدەدرێت، بۆ ئەوەی هیچ كەس‌و لایەنێك نەتوانن رووبەڕوویان ببنەوە.

 

عەبدولوەهاب ئەسەدی فەرماندەی هێزەكانی دژەتیرۆریشی راسپاردووە، خۆی سەرپەرشتی ئەو هەڵمەتانە بكات

 

هاوكات مستەفا كازمی تەواوی دامەزراوەكانی حكومەتی لەوەزارەت‌و دەستەكان راسپاردووە، بۆ رایكردنی كارەكانی لیژنەكان‌و دەرگاشیان بۆ واڵا بكەن، بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لەهەر دۆسییەك بكەن، كە گومانی لەسەر هەیە.

بەپێی ئەو فەرمانەی كازمی واژووی كردووە، لیژنەی لێكۆڵینەوە تایبەت مافی ئەوەی هەیە هەر عێراقییەك بانگ بكات بۆ شایەتیدان، جگە لەوانەی بەكردەوە تۆمەتباركراون لەكەیسێكی دیاریكراودا، كە ئەو كەسانە لەڕێگەی دەسەڵاتی دادوەرییەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت.

بەگوێرەی لێكدانەوەی شارەزایان لە یاساو بابەتە ڕێكارییەكان، ئەو لیژنەیە دەتوانێت هەموو سەرۆكەكانی پێشووی كۆمارو حكومەت و پەرلەمان، لەگەڵ هەموو وەزیرو بەرپرس و سیاسەتمەدار و بارێزگارەكان بانگ بكات‌و بە فەرمی لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ بكرێت.

هەروەها لیژنەكە مافی ئەوەی هەیە هەر دۆسیەیەكی گەندەڵی داخراو بكاتەوە دژی هەر كەسێك و لێكۆڵینەوە لەتۆمەتبارانی پێشوو بكات، كە پێشتر بێ تاوان كراون، بەمەرجێك فەرمانی دادوەری دەربكرێت.

 

لیژنەكە مافی ئەوەی هەیە هەر دۆسیەیەكی گەندەڵی داخراو بكاتەوە دژی هەر كەسێك و لێكۆڵینەوە لەتۆمەتبارانی پێشوو بكات

 

ڕاگەیاندنی پێكهێنانی ئەم لیژنەیە، كاردانەوەی لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دروست كردووە، كە زۆربەی كاردانەوەكان باس لەوە دەكەن، شەڕی ڕاستەقینە لەسەر گەندەڵەكانی عێراق هەر لەئێستاوە دەستی پێكردووە .

ئیحسان شەمری، مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی بەغدا لەو بارەوە دەڵێت: بەئەركداركردنی دەزگای دژە تیرۆر بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكان لەسەر كەیسەكانی گەندەڵی، ئاماژەیە بۆ ئەوەی بەراستی رووبەڕووی گەندەڵی ببنەوە.

چاودێران ئەم پەرەسەندنەیان خستە چوارچێوەی ئەو داوایەی وڵاتانی ناوچەكە و جیهان بۆ بەرەنگاربوونەوەی میلیشیا پرۆ – ئێرانییەكان و كۆتایی هێنان بەهەیمەنەیان بەسەر بڕیاری سیاسی و ئەمنی و ئابووری عێراقدا.

لەو بارەشەوە ئەحمەد عەبیعاد، شیكەرەوەی سیاسی دەڵێت: پێدەچێت كاتژمێری سفر لە عێراق زۆر نزیك بێت، هەروەها باسی لەوەش كرد، كە ئەم پێشكەوتنانە بەستراوەتەوە بەسەردانەكەی ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنساوە بۆ عێراق.

ئەوەشی وت: ئێستا تاقیكردنەوەی قورسی جدیەتی كازمی بۆ سەپاندنی پایەی دەوڵەت دەستیپێكردووەو دەبێـت بەو شێوەیەش بەردەوامی هەبێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا