پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەمڕۆ كۆڕبەندی پیشەسازی لەپێناو رەخساندنی بازاڕو كار بەڕێوەچوو، كە تێیدا مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتارێكی پێشكەش كرد و رایگەیاند: خوازیاری باشترین پەیوەندین لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی و بەهەموو شێوەیەكیش داكۆكی لە مافە دەستورییەكانمان دەكەین.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وتارەكەیدا رایگەیاند: لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەكان ئەنجامدراون و بەهەموو شێوەیەك پاڵپشت و هاوكاری گەنجان و خاوەن پڕۆژە بچوكەكان لە بوارەكانی پیشەسازی و بازرگانی و داهێنان لە هەموو رویەكەوە دەبن.
وتیشی: پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتیانی عیراقدایەو پێویستە بەو چاوەوە خوشك و برایانمان لە عێراق سەیری پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان بكەن نەك بە پێچەوانەوە، هەوڵی ئاستەنگ و كێشەو گرفت دروستكردن بدەن بۆ هەرێمی كوردستان، ئێمە بەو داهات و توانا داراییە سنوردارەی بەردەستمان، ئەو پێشكەوتنەمان لە كوردستان دروستكردوە كە لە هەموو بوارەكاندا جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ ناوچەكانی دیكەی عیراقدا هەیە.
باسی لەوەشكرد، هیوادارم ئەوانەی بیر لە تێكدانی پێشكەوتنی كوردستان دەكەنەوە، كەمێك بیر لەوەش بكەنەوە ئەو هەموو شەڕو وێرانكارییەی لە ساڵانی رابردودا لە عێراق رویاندا چ قازانجێكی بە خەڵكی عێراق گەیاند و ئەگەر ئەو هەموو تواناو داهاتەی عێراق لەجیاتی شەڕ و وێرانكاری و ململانیێی سیاسی لە خزمەتكردن و ئاوەدانكردنەوە و پێشكەوتنی عێراق بەكارهێنرابوایە، ئێستا دڵنیاین عێراق یەكێك لە وڵاتە پیشەسازییە پێشكەوتوەكانی ناوچەو جیهان دەبوو.
جەختیشی كردەوە، ئێمە لێرەدا دوپاتیدەكەینەوە كە خوازیاری باشترین پەیوەندین لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی و بە هەموو شێوەیەكیش داكۆكی لە مافە دەستورییەكانمان دەكەین لەپێناو زیاتر پێشخستنی هەرێمی كوردستان و سەقامگیربونی ئاشتی و ئارامی لە هەموو عیراقدا.