عەبدولستار مەجید: سەرۆكی حكومەت دانی بە شكستدا نا

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەریی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی ئەمڕۆی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دانی بە شكستی حكومەتەكەی و ئەو ڕاستیانەشدا نا كە ئێمەمانان و خەڵكی كوردستانیش ساڵانێكە دەیڵێین و ئەوان ڕەتیدەكەنەوە.

عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمانی كوردستان لە نووسینێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردەوە نووسیویەتی: كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی ئەمڕۆی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دانی بە شكستی حكومەتەكەی و ئەو ڕاستیانەشدا نا كە ئێمەمانان و خەڵكی كوردستانیش ساڵانێكە دەیڵێین و ئەوان ڕەتیدەكەنەوە.

عەبدولستار مەجید دەڵێت، چونكە نرخی نەوت هەرچەند بێت، بەقسەی خۆیان 43% دەڕوات بۆ كۆمپانیاكان، داهاتەكەی هەرچەند بێت، دەبێ 9% ی بڕوات بۆ كرێی گواستنەوە كە ئەمیش هی كۆمپانیای خۆیانە، بە چەند بیفرۆشن هەر 9%ی بەناوی دانەوەی قەرزەوە ون دەبێت و دیار نامێنێ بێ ئەوەی بزانرێت ئەم قەرزانە لە چی لایەنێك كراوە و بۆچی لە ساڵی 2014 ەوە هەر كەمی نەكرد.

وتیشی: باشە خۆ ئەم حكومەتە قەرزاری موچەی چەندین مانگی موچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمن، ئەی نابێ هیچ نەبێ لەو قەرزانەی لاتانە، بیدەنەوە تا بزانین ڕاستە و قەرز دەدەنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، بەڕاستی دۆسێی نەوت لە گەڕان و دەرهێنانەوە تا فرۆشتنی، لە ناشەفافی و تاڵانی و كارەساتی گەورەدایە و ئەم دەسەڵاتە ناتوانێت بەم قسانە ئەم هەموو سكانداڵە پەردەپۆش بكات، جگە لەوەی هەرجارێك قسە دەكات زیاتر شكستی خۆی لەبەرچاوی میللەتەكەی خۆی و عێراقیش ئاشكراتر دەكات.

ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەسەر چەند پرسێك قسەی بۆ دەزگاكانی راگەیاندن كرد، لەوانەش پرسی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق و پرسی فرۆشتنی نەوتی هەرێم.

لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی وتی: ئەو بڕیارەی ئەمجارەی ئەم دادگایە (دادگای فیدراڵی) داویەتی، دژی هەموو بنچینە دەستوورییەكانە و گۆڕانكارییە لەو ماددە دەستوورییانەی ئەو مافەیان بە خەڵكی كوردستان داوە كە چۆن ئیدارەی ئەو دۆسیەیە بكەن، ئەمە بڕیارێكی سیاسییە و بە هیچ شێوەیەك لە بەرژەوەندی خەڵكی عێراقدا نییە.

لەبارەی داهاتی نەوتی هەرێمەوە مەسرور بارزانی رایگەیاند: زۆرجار دەگوترێت 410 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشرێت، نرخەكەی ئەمڕۆ بووەتە ئەوەندە ئەی ئەم داهاتە لە كوێیە؟ زۆرجار ئەندامانی پەرلەمان و سیاسییەكانیش دێن ئەو قسانە دەكەن، ئێمە روونكردنەوەمان داوە، جارێكی دیكەش روونی دەكەینەوە. ئەو نەوتەی دەفرۆشرێت، چەند بابەتێك لە خۆی دەگرێت، ئەو كۆمپانیایانەی كە گرێبەستیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەبووە بۆ دەرهێنانی نەوت، تێچووی دەرهێنانیان هەیە، ئەو پارەیە حكومەتی هەرێم دەیانداتەوە، كەواتە پارەی فرۆشتنی نەوت كە دێتەوە تەنیا ئەوە نییە، كە دەبێتە مووچە، من وەكو رێژە بۆتان باس بكەم، بەشێكیشی وەكو قەرز، بۆ دانەوەی بەشێك لەو قەرزانە تەرخان دەكرێت، ئەگەر 100%ی ئەو پارەیە حیساب بكەین، 7%ی بۆ دانەوەی قەرز دەڕوات، 43%ی پارەكە حكومەت دەیداتەوە ئەو كۆمپانیایانەی نەوت دەردەهێنن، ئەمە گرێبەستی نێودەوڵەتین و هیچ گرێبەستێكیش لەو كابینەیە نەكراوە، بەڵام 43%ی حكومەت پابەندە بیداتەوە. %9ی ئەم پارەیە دەگەڕێتەوە بۆ گواستنەوەی نەوت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا