نەوت‌و داهات بەرانبەر بودجە

پۆڵەتیك پرێس:
حكومەتی عێراق تا دڵنیا نەبێت لەوەی هەرێمی كوردستان ئەو بڕە نەوتەی بۆی دیاریكراوەو ئەو داهاتەی بەپێی دەستوور دەبێت بگەڕێنێتەوە بۆ بەغدا رادەست نەكات، لەبودجەی گشتی پشكی هەرێمی كوردستان یەكلاناكاتەوە.

بەگوێرەی پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠٢٠ی عێراق، پشكی هەرێم وەك ساڵی ٢٠١٩ دیاریكراوە، كە تێیدا، لە ئەگەری رادەستكردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە بەغداو نیوەی داهاتی خاڵە سنوورییەكان، ئەوا بە بڕی 12.67%ی بودجە رەوانەی هەرێم دەكرێت.

پێشتر بەهۆی دەستلەكاركێشانەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوزیرانی پێشووی عێراقەوە نەتوانرا بودجەی ٢٠٢٠ پەسەندبكرێت و رەوانەی پەرلەمان بكرێت، كە لەو پرۆژەیەدا رێككەوتنی هەولێرو بەغدا لەسەر بنەمای بودجەی 2019 كرابوو.

رۆژی دووی ئەم مانگەش، وەزارەتی دارایی عێراق پرۆژە یاسای ساڵی ٢٠٢٠ی پەسەند كرد و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی كرد، پێشتریش پەرلەمانی عێراق داوای هێنانی پرۆژە یاسای بودجەی 2021ی لە حكومەت كردبوو.

بڕیاریشە سەرەتا هەفتەی داهاتوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی رێكخستنەوەی بودجەی ساڵی 2021ەوە كۆببێـتەوەو ئەگەر هەولێرو بەغدا بگەن بەرێككەوتن ئەوە پشكی هەرێم لەپرۆژەیاساكە یەكلادەكرێتەوە.

غالب محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: لەئێستا پرسی پرۆژەیاسای بودجە یەكلانەكراوەتەوەو دەكرێت گۆڕانكاری تێدا بكرێت، بەڵام گەر بەم شێوازە بێت هەرێم لە ئێستادا رێژەی 12.67%ی بۆ جێگیركراوە.

 

لەئێستا پرسی پرۆژەیاسای بودجە یەكلانەكراوەتەوەو دەكرێت گۆڕانكاری تێدا بكرێت

 

غالب محەمەد وتیشی: تا لە نێوان هەرێم و بەغدا رێككەوتن نەكرێت دەنگ لەسەر پرۆژەیاساكە نادرێت و نازانرێت پشكی هەرێم بەوجۆرە دەمێنێتەوە، یان گۆڕانكاری بەسەردا دێت.

باسی لەوەش دەكرێت ئەو باباتەی ئێستادا گفتوگۆی لەسەر دەكرێت بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ـە و بودجەی ساڵی ٢٠٢١یش لە ماوەی داهاتوودا یەكلادەكرێتەوە، بەتایبەت ئەگەر هەرێم ئامادەبێت بڕی نەوتی دیاریكراو و داهاتی خاڵە سنوورییەكان رادەست بكات.

لەپرۆژەی بودجەی 2020 ماددەكانی ١٠ و ١١ پەیوەستن بە هەرێمی كوردستان، كە باس لەوەدەكات، دەبێت هەرێم ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حكومەتی ناوەندی بكات و سەرجەم داهاتە نا نەوتییەكەی (سەرجەم داهاتی ناوخۆ) رادەستبكات، ئەوەش بەرێژەی 50 لەسەدا.

هەروەها بەپێی ئەو دوو مادەیەی پرۆژە یاسای بودجە، دەبێت چاودێری دارایی عێراق چاودێری خاڵە سنوورییەكانی هەرێم بكات و دەبێت هەرێمیش پەیوەستبێت بە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی ساڵی ٢٠١٩، كە ئەگەر هاتوو ئەو پارانە رادەستنەكات لە بەشەكەی ببڕێت.

بەقسەی پەرلەمانتارەكە، ئەگەر هەرێم بەو بەشەی لەسەرییەتی رادەستی حكومەتی ناوەندی بكات، بەغدا هیچ گرفتێكی نییە و ئامادەیە ئەو بەشە بودجەیە بنێرێت.

دیاریكردنی ئەو بڕە لە بەشە بودجەی فیدراڵی بۆ هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق، بەڵام بەهۆی رادەستنەكردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەلایەن، هێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

 

دیاریكردنی ئەو بڕە لە بەشە بودجەی فیدراڵی بۆ هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق

 

پاش ئەوەی مستەفا كازمیش بووە سەرۆكوەزیران، ئەو بڕەی، كە بە رێككەوتنی هەرێم و بەغدا دیاریكرابوو وەستێنراو لە مانگی رابردووشەوە و بۆ نیشاندانی نیازپاكی خۆی، مستەفا كازمی بڕیاریدا بە ناردنی مانگانەی ٣٢٠ ملیار دینار بۆ ماوەی سێ مانگ و تا ئەوكاتەی بەتەواوی لەسەر هەموو پرسە جیاوازەكان رێككەوتن دەكرێت.

رۆژی ٩ی ئەم مانگەش، دوای سەردانی شاندێكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداو قسەكردن لەسەر رێككەوتنی هەولێرو بەغدا لەسەر نەوت‌و بودجەو داهاتەكان، سەمیر هەورامی وتەبێژی جێگری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، حكومەتی هەرێم ئامادەیی خۆی بۆ رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی ناوەندی نیشانداوە لەبارەی دۆسییەكانی داهاتی نەوت و نا نەوتی و داهاتی دەروازە سنورییەكان.

هەورامی راشیگەیاند، عێراق لەئێستادا سەرقاڵی نووسینەوەی رەشنووسی بودجەی ساڵی ٢٠٢١ـە، بۆیە دەمانەوێت لەرێگەی كۆبوونەوە و دانوستانەكانەوە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان جێگیربكەین پێش ئەوەی رەوانەی پەرلەمان بكرێت و دەنگی لەسەر بدرێت، بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونییەكی باش هەبێت و دووربكەوینەوە لە هەر كێشە و بەربەستێك.

ئەوەی تائێستا هەیە هیچ رێككەوتنێكی كۆنكرێتی لەنێوان هەولێرو بەغدا لەسەر پشكی هەرێم لەبودجەی گشتی نەكراوەو لەو بارەشەوە زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: لەئێستادا هیچ شتێك یەكلانەبووەتەوە و سەرقاڵی ئامادەكردنی پرۆژەكەن دواتر لە پەرلەمانی عێراقدا خوێندنەوەی بۆ دەكرێت.

زیاد جەبار لەبارەی ئەو پشكەی دەنێردرێت بۆ هەرێم وتی: ئێمە لە ئێستادا لە دانوستانداین هەركات دانوستانەكان كۆتایی هات ئەو كات دەكرێت باس لەوەبكەین.

سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان وتیشی: دەبێت بەپێی ئەو رێككەوتنەی لە نێوان هەرێم و حكومەتی ناوەنددا دەكرێت ماف و پشكی هەرێم پارێزراوبێت و ئەو رێككەوتنە كاریگەری لەسەر بودجەی عێراق دەبێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا