بودجەی 2021ی عێراق

بڕیارە لەماوەی داهاتودا ئەنجومەنی وەزیران ڕەشنووسی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی دارایی(2021) بنێریتە پەرلەمان بۆ گفتوگۆكردن وبڕیاردان لەسەر یاساكە و پەسەندكردنی پێش كۆتاهاتنی ماوەی دیاریكراوی یاسایی تایبەت بە بودجە.

ئەوەی پەیوەندی بە بودجەی ساڵی دارایی(2020) ەوە هەیە ئەوە تەنیا لەلایەنی یاساییەوە ئەنجومەنی نوێنەران حكومەتی ناچارو پابەند كردووە، كە پێویستە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی (2020) ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق بكات و دەیانەوێت هەرچۆنێك بێت بە فیلتەری پەرلەماندا بڕوات بەبێ چوونەناو وردەكاری و شێوازی خەرجییەكان و داهاتەكانەوە،شایانی وەبیرهێنانەوەیە قەبارەی بودجەی ساڵی دارایی (2020) بەنزیكەی (140 بۆ 146) ترلیۆن دینار خەمڵێنرا بوو بە كورتهێنانی زیاتر لە(40) ترلیۆن دینار.

حكومەتەكەی موستەفا كازمی هۆكاری سەرەكی بۆ نەبونی بودجەی (2020) دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو بارودۆخە سیاسی و ئابورییەی كەلەكۆتایی ساڵی ڕابردودا سەری هەڵداو بووبە هۆی لابردنی كابینەكەی عادل عبدالمهدی و پێكهێنانی كابینەی كاربەڕێكەر و پاشان هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا بارودۆخەكەی زیاتر ئالۆز كردوو هەر بۆیە حكومەت نەیتوانی بودجە بنێرێت بۆ پەرلەمان.

لەئێستادا حكومەتەكاربەڕێكەرەكەی كازمی لەهەوڵی دانانی پرۆژە یاسای بودجە و پلانی ستراتیژی سێ ساڵەیە هەر بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەكی تەكنیكی حكومەتی هەرێم لەبەغدادن و بەشداری كۆبونەوەكانی بودجەی گشتی بۆ ساڵی دارایی (2021) و پلانە ستراتیژیەكە دەكەن.

پرۆژە یاسایی بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی دارایی (2021 ) بە نزیكەی (150) ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و هەموو بودجەكە تەنها بۆ خەرجی بەگەڕ(النفقات التشغیلیە) دەڕوات وهیچ بەشەبودجەیەك نامێنێتەوە بۆ وەبەرهێنان هەرچەندە لەناو بودجەكەشدا هەبێت.

تا ئێستا ئەوەی كە هەیە ناوەند ڕێژەی لە (12.67%) ی بودجەی عێراقی بۆ هەرێم داناوە بەمەرجی پێدانی ڕۆژانە (250)هەزار بەرمیل و نیوەی داهاتی خاڵە سنورییەكان ڕادەستی ناوەند بكات،شایانی باسە تائێستا ڕێكەوتن ئیمزا نەكراوە و لەدواین پێشهاتدا ناوەند داوا دەكات دەستور بنەما بێت بۆ ڕێكەوتن.

خەمڵاندنی بودجەی ساڵی دارایی (2021)ی عێراق لەسەرداهاتی فرۆشتنی نەوت دانراوە بەڕێژەی (95%) بەنرخی (45)دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك كە لەئێستادا بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناو كەمبونەوەی چالاكی ئابوری لە جیهاندا نرخی نەوت جێگیر نی یە و لەهەڵكشان و داكشاندایە ئەمەش مەترسی لەسەر داهاتوی بودجەكە دروست دەكات و سەرەڕای ئەوەش هەرێم و ناوەند تائێستا ڕێكنەكەوتون.

لەلایەكی ترەوە بڕیاری دیاریكردنی هەناردەكردنی نەوت لەلایەن ڕێكخراوی ئۆپیكەوە عێراق ناتوانێت هەناردەی نەوتی ڕۆژانە زیاد بكات بۆئەوەی داهاتی زیاتری دەست بكەوێت و بەپێ ی بریارەكە عێراق بەهەرێمی كوردستانەوە پێویستە لە(23%) هەناردەی نەوت كەم بكاتەوە بەئامانجی جێگیربونی نرخی نەوت.

هەروەها دیاردەی كورتهێنان چەندین ساڵە بەرۆكی بودجەی گشتی عێراقی گرتوە و بووەتە مۆتەكە و بەربەست لەبەردەم پێشكەوتنی ئابوری عێراق لەبودجەی (2020)دا نزیكەی زیاتر لە(40) ترلێۆن دینار كورتهێنان خەمڵێنراوە و وا دەردەكەوێت لەبودجەی گشتی(2021)دا بڕی كورتهێنانەكە زیاتر هەڵدەكشێت بۆ زیاتر لە (50)ترلێۆن دینار.

هەروەها قەیرانی قەرزەكانی عێراق یەكێكی ترە لەئاستەنگەكان كە ساڵانە بەهۆی سوودەكانیەوە زیاتر كەڵەكە دەبێت ولەئێستادا بەغداد (120)ملیار دۆلار قەرزی دەرەكی و ناوخۆیی لەسەر شانە و لەم بارودۆخە نالەبارەی ئابوری ودارایی عێراقدا حكومەت ناچار دەبێت كە قەرزی ناوخۆ و دەرەكی بكات بە بڕی(15)ترلیۆن دینار قەرزی ناوخۆ و بڕی(5)ملیار دۆلار قەرزی دەرەكی بەپێ ی یاسای قەرزكردن بەمەبەستی پێدانی مووچەوخەرجیەكانی حكومەت بەڵام وا دەردەكەوێت دامەزراوە نێودەوڵەتیەكان ئامادە نین قەرز بدەن بە عێراق بۆ پێدانی مووچە هەر بۆیە موستەفا كازمی ڕێكاری تری گرتوەتەبەر بەمەبەستی دەستكەوتنی داهاتی زیاتر لەوانە نەهێشتنی دیاردەی فرەمووچەیی و دەست بەسەرداگرتنی خاڵەسنوریەكان و بڕینی مووچەی وەهمی و بن دیوار و زیادكردن و یەكخستنی باجی گومرگی و كەمكردنەوەی هاوردە و زیادكردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و ڕاكێشانی وەبەرهێنانی بیانی.

ئەگەری هەیە بەم ڕێكارانەی سەرۆك وەزیران تاڕادەیەك قورسایی كورتهێنانی بودجە لەسەر شانی دارایی حكومەت سووك بكات .

ســــەركۆ یونس

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا