پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم رایگەیاند: وەزیری پێشمەرگە و تیمێكی باڵای سەربازی ئەمریكا، دۆخی ئێستای ناوچەكە و مەترسییەكانی داعش لە عێراق و سوریا، پرسی پاراستنی سنوورەكان و گرفتەكانی بەردەم پێكهێنانی لیوا هاوبەشەكانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی هەیە، تاوتوێكرد.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، رۆژی دووشەممە 28_2_2022، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم، پێشوازیكرد لە جەنەڕاڵ فلیپس، گەورە راوێژكاری باڵای هێزەكانی ئەمریكا و كۆلۆنێل دۆگڵاس بەرپرسی تیمی هاریكاری ئاسایشی ئەمریكا لەهەرێم، و تیمێكی یاوەری، لە كۆبونەوەیەكدا، گفتوگۆی چر بەرهەمدار كرا لەسەر پرسی چاكسازی وەزارەتی پێشمەرگە و مەترسییەكانی ئێستای تیرۆریستان و ناوچەكە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، تەوەرێكی تری كۆبونەوەكە، گفتوگۆكردن بوو، لەسەر پرسی پاراستنی سنورەكان لەدوای هەڵاتنی داعش لە زیندانی حەسەكە، بۆ ئەمەش گەورە راوێژكاری سەربازی ئەمریكا، ستایشی هێزەكانی پێشمەرگەی كرد لەسەر پاراستنی تەواوەتی ناوچە سنوورییەكان و پاڵپشتی و پشتیوانی وڵاتەكەشی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان دووپاتكردەوە.
باس لەوەشكرا لەسەر پرسی رێفۆرمی سەربازی، پێكهێنانی دوو لیوای هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، وەزیری پێشمەرگە روونیكردەوە، لەپرۆسەی چاكسازی هەنگاوی باش چووینەتە پێشەوەو بۆ بەردەوام بوونیشی پێویستیمان بەهاوكاری و هەماهەنگی زیاتر و فراوانتر هەیە.
لەبارەی پێكهێنانی دوو لیوای هاوبەشیش، وەزیری پێشمەرگە راگەیاند: لەلای وەزارەتی پێشمەرگە سەرجەم رێككارە پێویستیەكانی ئەم لیوا هاوبەشانە تەواوكراوەو ماوەتەوە سەر وەزارەتی بەرگری عێراق كە كارەكانی تەواو بكات. بۆ ئەمەش داوای لەئەفسەرانی باڵای ئەمریكا و هاوپەیمانان كرد، فشار بخەنە سەر عێراق بۆ تەواوكردنی كارەكان و تا ئەو لیوایانە بكەونە رۆڵبینین و بەرپرسیارێتی لەناوچانەی بۆشایی ئەمنیان هەیە لەنێوان هەردوولا.