كازمی چاودێری دەروازە سنوورییەكانی هەرێم دەكات

پۆڵەتیك پرێس

سەردانەكەی كازمی بۆ هەرێم لێكدانەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت و بەشێك لەلایەنە سیاسییەكان باس لەوەدەكەن سەرۆك وەزیرانی عێراق دەیەوێت هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق لە هەرێمیش بەشێك لەدەزگا فەرمییەكان بخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە.

 

سەردانەكەی كازمی بۆ هەرێم رۆژی 10ی ئەیلول دەستی پێكردو بڕیارە چەند رۆژێك بخایەنێت، لەسەردانەكەشیدا سەرەڕای كۆبوونەوەی لەگەڵ زۆرینەی بەرپرسانی كورد، هاوكات سەردانی بەشێك لەخاڵە سنورییەكانیش دەكات كە بەپێی رێككەوتنی هەرێم و بەغدا بڕیارە نیوەی داهاتەكانیان بۆ بەغدا بێت و بەهاوبەشی هەردولا بەڕێوە ببرێن.

 

لەبارەی سەردانەكەشەوە نوسینگەی راگەیاندنی كازمی رایگەیاند، سەرۆك وەزیرانی عێراق پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختەو هەمواری یاسای هەڵبژاردن و بابەتی چاكسازی و كاری هاوبەشی نێوان هەرێم و بەغدا لەگەڵ بەرپسانی كورد تاوتوێكردووە.

كازمی سەرەڕای كۆبوونەوەی لەگەڵ زۆرینەی بەرپرسانی كورد، هاوكات سەردانی بەشێك لەخاڵە سنورییەكانیش دەكات

هاوكات مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ئاماژەی بەوەكردووە، هەموو هەوڵەكانیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەنجامدانی چاكسازی و چارەسەركردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.

سەردانەكە لەكاتێكدایە پێشتر هەرێم و بەغدا رێككەوتنێكی سێ مانگیان ئەنجامدا و بەغدا لەبەرامبەر رادەستكردنی نیوەی داهاتی خاڵە سنوورییەكان بڕیاری ناردنی 320 ملیار دیناری بۆ هەرێمدا.

كازمی كار بۆ دوو ئەنجام دەكات ئەویش گەڕانەوەی هەیبەت بۆ عێراق و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە، بۆیە دەیەوێت لەو رووەشەوە هەماهەنگی لەگەڵ كورددا هەبێت

 

لەبارەی سەردانەكەشەوە سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ پۆڵەتیك پرێس باسی لەوەكرد، یەكێك لەو پرسانەی كازمی دەیەوێت لەگەڵا بەرپرسانی هەرێم باسی بكات ئەوەیە عێراق لەو قەیرانە داراییەی تێیكەوتووە رزگاری بكات بۆ ئەوەش بەبێ یارمەتیدانی هەرێم ناتوانێت بەو داهاتەی خۆی جێبەجێی بكات و پێویستی بە قەرز وەرگرتنە، ئەو قەرزەش رەنگە پەرلەمان موافەقەی بۆ نەكات، بۆیە پێویستی بە پشتیوانی پەرلەمان هەیەو داوا لە یەكێتی و پارتی دەكات دەنگی بۆ بدەن.

 

ئاماژەی بەوەشكرد، كازمی كار بۆ دوو ئەنجام دەكات ئەویش گەڕانەوەی هەیبەت بۆ عێراق و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە، بۆیە دەیەوێت لەو رووەشەوە هەماهەنگی لەگەڵ كورد هەبێت.

 

بەشێك لەلایەنە سیاسییەكانی دیكە سەردانی كازمی و ئەو هەوڵانەی لەرابردودا داویەتی بە گرنگ ناودەبەن و پێیانوایە كازمی جددییە لەراپەڕاندنی ئەركەكانی.

مستەفا عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، سەردانی مستەفا كازمی بۆ هەرێم بۆ ئەوەیە تا لەنزیكەوە بەڕێوەچونی كارەكان لەخاڵە سنورییەكان ببینێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، كازمی جددیە لەجێبەجێكردنی ئەو رێكارە دەستورییانەی تایبەتن بەخاڵە سنورییەكان و داهاتی هەرێمی كوردستان، بۆیە دەیەوێت ئەو پرسانە بخاتەوە ژێر ركێفی خۆیەوە، بەڵام نازانرێت تا چ ڕادەیەك لەگەڵ هەرێم دەگەنە ئەنجام، “لەم قۆناغەدا هەردوولا پێویستیان بە هەماهەنگی یەكتر هەیە، هەرێم بەبێ بەغدا ناتوانێت شایستە داراییەكانی فەرمانبەران دابین بكات، لەهەمانكاتیشدا بەغداش پێویستی بە هاوسۆزی سەرجەم لایەنەكانە”.

ئێستا هەموو چاوەكان لەسەر ئەوەن سەردانەكەی كازمی ریككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا خراتر بكات و كێشەكانی پەیوەست بەموچەو نەوت و ناوچە كێشە لەسەرەكان چارەسەر بكرێن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا