نێچیرڤان بارزانی: ژنكوژی ناوبانگی هەرێمی كوردستان لەكەدار دەكات

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: بەداخەوە ئامارەكانی ژنكوژی و توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان بە هەموو جۆرەكانییەوە، هێشتا مایەی نیگەرانییەكی گەورەن و ناو و ناوبانگی هەرێمی كوردستان و كۆمەڵگە لەكەدار دەكەن، بۆیە بەرپرساریەتی دەخەنە ئەستۆی هەموومان.

بەهۆی گیانلەدەستدانی شنیار هونەر ئەو ژنەی لە چەند رۆژی رابردوو وەك دەوترێت لەلایەن هاوسەرەكەیەوە سوتێنراوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە كە تێیدا هاتووە، لە كاتێكدا ئەوپەڕی هاوسۆزی و هاوخەمیم لەگەڵ دایك و باوك و خانەوادە و كەسوكاری خاتوو شنیاری خوالێخۆشبووی دایكی دوو منداڵی ساوا دەردەبڕم، سەرەخۆشییان لێدەكەم و دڵنەوایی و ئارامییان بۆ دەخوازم، دووپاتی دەكەمەوە كە وەك هەمیشە و تا كۆتایی بەرەنگاری دیاردەی قێزەوەنی توندوتیژیی خێزانی دەبینەوە و بە هەموو شێوەیەك سەركۆنەی ژنكوژی و سەركوتكردن و ئازاردانی ئافرەتان دەكەین بە هەر بەهانەیەك بێت.

سەرۆكی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە كە تاوانباران ڕووبەڕووی یاسا دەبنەوە و هەموو دامودەزگا پەیوەندارەكانی هەرێمی كوردستان بە گوڕتر ڕووبەڕووی ئەو كولتوورە دواكەوتووە دەبنەوە، بەداخەوە ئامارەكانی ژنكوژی و توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان بە هەموو جۆرەكانییەوە، هێشتا مایەی نیگەرانییەكی گەورەن و ناو و ناوبانگی هەرێمی كوردستان و كۆمەڵگە لەكەدار دەكەن، بۆیە بەرپرساریەتی دەخەنە ئەستۆی هەموومان.

باسی لەوەشكرد، هەموو دامەزراوە و دەزگا فەرمییەكان و كۆمەڵگە و مامۆستایانی ئاینی و ڕێكخراوە مەدەنییەكان و میدیا، بەرپرسیاریەتیی هاوبەشمان هەیە كە بەردەوام بین و پێكەوە كار بكەین بۆ بنەبڕكردن و نەهێشتنی ئەو كولتوورە دواكەوتووە و برەودان بە هۆشیاری و گیانی لێبوردەیی و ناتوندوتیژی، تا دووبارەبوونەی بەردەوامی ئەم تاوانە دڕندانە و ئەو چیرۆك و بەسەرهاتە سامناكانە ئیتر كۆتایییان بێت و ببڕێنەوە و چیتر ژنان و كچانی كۆمەڵگەی كوردستانی، نەبنە قوربانیی ئەو پەتا كۆمەڵایەتییە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا