مەسرور بارزانی: هیچ شەرەفێك لە ژن كوشتندا نییە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پەیامێكی لەبارەی سوتانی شنیار هونەر ئەو ژنەی دەوترێت لەلایەن هاوسەرەكەیەوە سووتێنرا و ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا بڵاوكردەوە و رایگەیاند: لەگەڵ وەزیری ناوخۆ لەسەر رووداوی دڵتەزێنی شنیار خان گفتوگۆمان كرد و ستایشی كارمەندانی پۆلیسم كرد بۆ دەستگیركردنی تاوانبارەكە و پشتگیری خۆمم بۆ سزادانی تاوانباران دووپات كردەوە.

مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا كە رۆژی چوارشەممە بڵاویكردەوە رایگەیاند: زۆر نیگەران و خەمبارم بە رووداوەكانی ئەم دواییەی تووندوتیژی دژ بە ژنان و ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان، لێرەدا دووبارەی دەكەمەوە كە هیچ شەرەفێك لە ژن كوشتندا نییە.

لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەدا ئاماژەی بەوەكردووە، تەنیا لەم ساڵەدا، نۆ ئافرەتی بێتاوان ‌لە ئەنجامی تووندوتیژی خێزانییەوە كوژراون، ئەم تاوانانە‌ دەبێت بووەستن و وەك خەڵكی كوردستان، نابێت قبووڵی بكەین، وەك حكومەتیش ئێمە هاوكار و پاڵپشتی دادگا دەبین لەسەپاندنی تووندترین سزا بۆ ئەم تاوانانە.

مەسرور بارزانی لە بەشێکی پەیامەکەیدا دەڵێت: من سوورم لە سەر پاراستنی هەموو ژن و کچ و منداڵێک كه‌ له‌ مه‌ترسیدان. دەزانم کە پێویستی بە کات و پابەندبوونێكی جدی هەیە، ھەربۆیە بنبڕکردنی ئەم دیاردە نامرۆڤانەیە، پێویستی بە به‌شداریی هه‌موومان هەیە وەک چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و به‌رپرسان و کەسایەتییە ئاینیی و کۆمەڵایەتییەکان ، ھەروەھا پێویستمان بە ئەنجامدانی چاكسازیی لە سیستەمی دادوەریدا ھەیە .

بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە شنیار هونەر، ئەو ژنەی كە هاوسەرەكەی رۆژی 19 ی ئەم مانگە سووتاندبووی، بەهۆی زۆریی رێژەی سووتاوییەكەیەوە گیانی لەدەستدا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا