سووتاندنی ژنێک لەلایەن مێردەکەیەوە و سەد پرسیار؟

شۆخان مەحمود – ئەڵمانیا

هەڵکەوتەی کەسێتی تاکی کوردی ؟

بەرلەوەی سکاڵا لەسەر کەس بکەین و داوای جێبەجێکردنی یاساو بەرقەراربوونی یاسا بکەین، بەرلەوەی لۆمەی پیاوەکە بکەین و ژنەکە بکەینە فریشتە، بەرلەوەی ماڵە خەسوو بخەینە ژێر پرسیارەوە و ماڵی باوانی کچەکە بەزوڵم لێکراو بناسێنین، با بەوردی تەماشای بوونیادی کەسێتی تاکی کوردی بەگشتی و مێینەکان بەتایبەت بخەینە نێو کەوانەی پرسیارەوە، کە داخۆ بۆ بەدرێژایی مێژووی کورد بەگشتی و ژنی کورد بەتایبەت تاوان و تووندووتیژی دووانەیەکی دانەبڕاوبوون لەژیانی کۆمەڵایەتی تاکی کوردی و خێزانی کوردی.

داخۆ بەڕاستی ژنی کورد شانی ئەو بارە هەڵدەگرێت کە بۆی لەکۆڵنراوە یاخوود وەک زۆرینەی کلتوورە سەپێنراوەکان بەسەریدا سەپێنراوە.

ئێمە بەگشتی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەوە جیادەکرێینەوە لە مرۆڤە ڕۆژئاواییەکان کە زۆر وابەستەی کلتوورو دابوونەریتە خێڵەکی و کۆن و تووندەکانین و وەک هەویر خۆشکراوین بەئاو و خوێی مەکەو دانیشەو شەرم و حەیاو شەرەف، ئیدی ئەوەی مابێتەوە لەپێناسەی کەسێتی تاکدا شتێک نیە بەناوی ئازادی خوود، یان خوود پەیڕەوی، جگە لەجێبەجێکردنی پەیڕەوی پێشینان و پێشووتر خۆمان و ڕۆشتنەوە بەسەر هەمان ئاودا کە باو و باپیران ڕشتوویانە، بۆیە لێرەدا نە پیاوەکان دەتوان وەک ئەوەی کە هەن ڕەفتاربکەن و بژین، نە ژنەکان.

ژیانی کۆمەڵایەتی خێزانی کوردی ؟ خێزانی کوردی لە کۆبوونەوەی هەمان ئەو تاکانە دروستبووە کە گوێی بەبانگی کۆمەڵایەتی پێشووتر بانگدراوە ئیدی کاتێک کچێک لە خێزانێکی ئاسایی ژیانی هاوسەری پێکدەهێنن جا بەخۆشەویستی بێت یان بە زۆرە ملێ، لەتەمەنێکی زوودابێ یان لەکاتی گوونجاوی هاوسەرگیری، خوێنەواربن یان نەخوێندەوار، هەژاربن یاخود پارەدار، ئەوا بەبێ چەندوچوون دەکەونە ژێر کاریگەری قسە و هەڵسووکەوت و تانەو تەشەری تاکەکانی هەردوو خێزانەکەوە، جا ئەو تاکانە دایک و باوک و خوشک و برای هەردووکیان بێت یان خزم و کەسووکار، کە بەدڵنیاییەوە هیچ کات ئەو کاریگەرییە ئەرێنی نیەو خۆشبەختییان بۆ ناهێنێ، چونکە هەر بەتەبیعەت و وەک لەپێشتریش باسمانکردووە، هەڵکەوتەی کەسێتی مرۆڤەکان هێند لاوازو لەرزۆک و ترسنۆکانەیە کە هەتا هەنگاو بۆ جێبەجێکردنی کارێکی باش دەنێ، دە هەنگاو هەڵەی جێهێشتووە لەدوای خۆیەوە، بەکوردییەکی کورت و پووخت، تا کاری خراپ وەستابێ بیر لەشتێکی باش ناکاتەوە.

بۆیە لەسەدا هەشتای ژن و پیاوی کورد بەو ئاگرە داخبوون کە قسەو قسەڵۆکی دەوروبەر چ کێشەو ناتەباییەکی بۆ قولقاندوون و چ ئاژاوەیەک چۆتە نێو ماڵیانەوە، هەر لەبەرئەم هۆکارانەیە لە هیچ دەوورو زەمانێکدا ژیانی خێزانی تاکەکانی کۆمەڵگە هەفتەیەک بەئارامی و بێ کێشە تێنەپەڕیووە، چونکە سەراپای کۆمەڵگە خۆی لەنێو کێشەو قەیرانێکی هێند ئاڵۆزا دەگوزرێ کەم کەس هەن بەئاسانی لێی دەربازبن. پیاوی کوردو پیاوەتی ؟ نێریینەکان بەگشتی لەهەموو دونیادا پێشگری پاڵەوانێکیان خراوەتە پێش بێ ئەوەی خۆیان دەستیان هەبێ لەو خستنە پاڵەدا، بۆیە هەندێجارو بگرە زۆرجاریش پیاوانێک هەن نە تاقەو تووانای ئەو پاڵەوان بوونەیان هەیەو نە ئەو بارەشیان بۆ هەڵدەگیرێ، بەڵام چونکە لەقەبێکەو بەسەریدا سەپێنراوە، ئەگەر نەیکات بە نا پیاوو گێلە پیاوو لە کەوانێکدا ( ژنانی) لەقەڵەم دەدرێ، وەک ئەوەی ژن بوون زۆر نەنگی و عەیبە بێت، کە لێرەدا ئەمە خۆی خوودی کێشە گەورەکەیە کە هەر لەکۆنەوە تا ئێستا پیاوبوون بە گەورەو ژن بوونیش بەبچووکتر لەو بینراوە، بۆیە بەدرێژایی مێژوو پیاوەکان بەرلەوەی بیانەوێ مرۆڤ بن، مرۆڤێکی جوان و گەورە لە کەسێتیدا، باڵا لەهەموو بنەما مرۆییەکان، ویستوویانە پیاوێکی گەورەبن، دوور لەهەموو بەها ئینسانیەکان.

ژنی کورد و پاشگری شەرەف و نامووس ؟ هەروەک چۆن پیاوەکان دوونیایەک یاسای کۆمەڵایەتی سەپێنراوە بەسەریاندا کە زۆرجار بۆیا هەڵناگیرێ و دەرناچن لەژێریدا، ئاوهاش کچەکان و ژنەکان بە دەیان و سەدان یاساو دابوونەریت و خووی کۆمەڵایەتی سەپێنراوە بەسەریاندا، بەڵام ئەمان پێچەوانەی پیاوەکان گەر بۆشیان هەڵنەگیرێ و قوورسیش بن، دەبێ بەرگەی بگرن و بچنە ژێر بارییەوە، کە لێرەدا ئەمە گەورەترین جیاکاری ڕەگەزی و مرۆییە کە نیوەی ژنی گۆی زەوی بەدەستییەوە دەناڵێنێت.

لەنێو خێزانی کوردیدا بۆ کێشەکان دەگەن بەکووشتن و سووتان ؟ ئەگەر لێرەدا بەنموونەیەکی زۆر زیندوو دەست پێبکەین تەواو واقیعیانەتر ئامانجەکە دەپێکین، لەم چەند ڕۆژەی پێشوودا ژنێکی گەنجی تەمەن ۲۱ ساڵ لەشاری سلێمانی بەناوی (شنیار)ەوە دوای ئەوەی لەلایەن هاوسەرەکەیەوە تووندوتیژییەکی زۆر بەرامبەر دەکرێت دواتر نەوتی پێدا دەکات و دەیسووتێنێت، هەروەک دایکی ژنەکە دەڵێت و خۆشی بە دەنگ ووتوویەتی داوی ئەوەی ئازارێکی زۆری داوە ئینجا سووتاندوشیەتی، ئەم ڕووداوە ئەگەر لەڕووی مرۆیی و یاساییەوە لێیبڕوانین تەواو تەواو نا مرۆڤانەو دوور لەهەموو بەها ئەخلاقییەکانەو، هیچ یاسا و ڕێسایەک ڕێگەی پێنادات، بەڵام ئەگەر لەڕووی کۆمەڵایەتی و کلتووری کۆمەڵگەی کوردییەوە لێی بڕوانین شتێکی ئاساییە بەکۆمەڵگەو ڕۆژانە ئەم جۆرە ڕووداوانە بوونەتە هەواڵ و مانشێتی سەرەکی زۆرینەی پەیج و ڕاگەیاندنە کوردییەکان و خەڵک وەک وەک ئەوەی هەنگوینی لە دارا دۆزیبێتەوە دەماو دەم و ماڵەو ماڵ بە تامو چێژەوە باسی دەکەن و دەیگێڕنەوە، کە بینینی ئەم دیمەنانە پێمان دەڵێت تاکی کوردی لە مێژە خۆشە بووەو بە بۆن و ڕەنگی خوێن و خوێن ڕشتن و چێژ دەبینێ لە دیمەنە تاوانکارییەکان، بۆیە لەنێو زۆرێک لەگۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکاندا پرسیارێکی زۆرگەورەو ئیستفهامێکی تەواو ناڕوونیان خستۆتە سەر کەسێتی تاکی کوردی و کۆمەڵەگەی کوردی بەگشتی.

ئەم ڕووداوە دەتوانین دوو لایەنە لێکی بدەینەوە، ئەویش لایەنی یەکەم خێزانی شنیار و بەتایبەت دایک و باوکی، لایەنی دووەمیش خێزانی مێردەکەی شنیار.

ئەوەی لەسەر خێزانی شنیارو دایک و باوکی بەتایبەت دەبێتە پرسیارێکی گەورە، ئەوەیە مادام ئێوە دەمێکە دەزانن ژیانی کچەکەتان (شنیار) ئاسوودە نیە، کێشەی هەیەو مێردەکەی زۆر بۆی خراپە لێیدەداو سووکایەتی پێدەکات، بۆ قبووڵتانکردوو بێدەنگیتان هەڵبژارد، لەگەڵ ئەوەی کە لەهەژدە ساڵی بەشووتان داوەو زانیویشتانە چ ژیانێکی دۆزەخی هەیە، ئەی کەواتە ئەرکی دایکایەتی و باوکایەتی ئێوە چی بوو، باوکی بەهەمان شێوە دەڵێت “مێردەکەی بەسەرخۆشی لێیداوەو وایلێکردووە”، ئادەی پێمبڵێ چ پیاوەتییەک لەو بێدەنگییەی خۆتدا دەبینیتەوە کاتێک بەبەرچاوی خۆتەوە کچەکەت کە بەشەرەف و نامووسی خۆتی دەزانی یاری بەچارەنووسیکراو ناوی خرایە نێو ناوان و ماڵەو ماڵ چیرۆکەکەی باس دەکرێت، دەزانن ئێوە لەپێناو پاراستنی بەناو حەیاو شەرەف و عەیبەی خێزانەکەتاندا چ کارەساتێکتان قوولقاند کە بۆ تەواوی کۆمەڵگە دەبێتە پەڵەیەکی ڕەشی مرۆڤایەتی و پرسیارێکی گەورە لەسەر کەسێتی تاکی کوردی. ئێوە تازە بە چ ڕوویەکەوە داوای سەروەری یاسا دەکەن لەکاتێکدا خۆتان بەدەستی خۆتان کچە ۲۱ ساڵەکەی خۆتان کە دایکی دوو منداڵە لە دۆزەخی مێردەکەیدا سووتان. هەرچی لایەنی دووەمیشە ئەوەی کە دەکاتە ماڵە خەزوورانی شنیار، پێویستە بەڕاشکاوی بوترێت، ئاخۆ دایکی ئەو کوڕە لەکاتێکدا خۆی کچی هەیە چۆن و بەچ دڵ و هەست و ویژدانێکەوە ئەوەی قبووڵکردوە کە کوڕەکەی بۆتە سەرچاوەی ئازارو تووندوتیژی کچێکی تر، ئایا ئەوە بۆ ژیانی کچەکەی خۆی بەڕەوا دەبینێ تا بۆ کچی خەڵکیش بەئاسایی وەربگرێ. ئێستا ڕەنگە پێمبڵێن ئەی چی بکردایە کوا مناڵی ئەمڕۆ گوێ بۆ دایک و باوک ئەگرن و حورمەتی گەورەیان لاماوە.

بەڵێ هەموو ئەو قسە باوانەی ناو کۆمەڵگە دەزانم و لەبەرمە کە ئیتر وایە ژیان بۆ هەمووی هەر وابووەو ژن دەبێ موتیعی مێردەکەی بێت و داپیرانمان هەروابوون و قبووڵیشیان کردووە، خۆ تەڵاق گاڵتە بازار نیە هەموو کاتێ باس بکرێ و ژن نابێ بتۆرێ و پیاوو پیاویان وتووەو ژنیش ژن، بەڵێ هەموو ئەمانە دەزانم دەیڵێن و دەوترێ، بەڵام من باسی مرۆڤایەتی دەکەم مرۆڤایەتی، ئایا مرۆڤایەتی ئەو خێزانە لە کوێدایە کاتێک دەبینن کوڕەکەیان بۆتە مۆتەکەی ژیانی ژنێک و تووندوتیژی بەرامبەر دەکات، تۆ کە دەزانی کوڕەکەت نە پیاوە نە مرۆڤە نە باوکە ئیدی لۆمەی کچ و ژنی کەس مەکە کاتێک بیەوێ جیابێتەوە لێی، چونکە جیابوونەوەکە هەم بۆ ئەو و هەم بۆ کوڕەکەی تۆش باشتربوو لەوەی کەوا ئێستا ڕوویداوەو بۆ هەتا هەتا وەک پەڵەیەکی ڕەش بەنێو چەوانتانەوە دیاردەبێ.

لەکوردستان یاسا لەکوێی ئەم ڕووداوانەدایە؟ هەرچەندە ناکرێت و ناگونجێ جیاوازی هیچ وڵاتێکی ڕۆژئاوا لەگەڵ کوردستان بکرێت، بەتایبەت ووڵاتێکی وەک ئەڵمانیا، بەڵام من تەنها وەک بەرچاو ڕوونی و نیشاندانی وێنای حکومەت و کۆمەڵگەی ئەڵمانی لەچۆنێتی پاراستن و نرخ پێدانی کەسێتی مرۆڤەکان ئەم نموونەیە دەگوازمەوە بۆ ئەڵمانیاو ئاوا شیدەکەمەوە، کاتێک شنیار چەندجارێک لەلایەن مێردەکەیەوە تووندوتیژی بەرامبەر دەکرێ و خێزانی هەردوولاش ئاگادارن، ئەوا بەڕاوێژ لەگەڵ کەسێکی شارەزا ئەم داوایەی ڕووبەڕووی پۆلیس و یاسا دەکاتەوە، دوای ئەوەی پۆلیس لەکاتی ڕووداوەکەدا پیاوەکەی دەستگیر دەکەن، دوای لێکۆڵینەوە بەتایبەت ئەگەر دەرکەوێت کەسێکە موودمینی ماددە کحولییەکانە، لەخێزان و مناڵەکەی جیادەکەنەوەو دەینێرنە چاکسازی، دواتر کەسێک بەناوی توێژەری کۆمەڵایەتی دەکەن بەسەرپەرسشتیاری شنیارو مناڵەکانی تا ڕۆژانەو هەفتانە ئاگاداری ژیانی کۆمەڵایەتی و دەروونی و ئابووری ئەم خێزانەبێت و دۆخێکی ئاسایی بگەڕێننەوە بۆیان، ئەگەر هەوڵی سووتانەکەش هەر لەئەڵمانیا ڕوویبدایە ئەوا بۆ هەتا هەتایەئەو پیاوە دەچووە زیندانەوەو شنیارو مناڵەکانیشی بەتەواوی دەخرانە ژێر سۆزی حکومەت و یاساوەو هەرچی پێویست بوایە لەخزمەتگوزاری تەندروستی و مرۆیی بۆیان دابیندەکرا. بەڵام ئەم ڕووداوەی شنیارو هەموو شنیارەکانی تر کە تووندوتیژییان بەرامبەردەکرێت یان دەسووتێنرێن یان دەکوژرێن، چونکە لەنێو کۆمەڵگەیەکی بێ یاساو بێ سەروەری مافی مرۆڤ دەکرێن.

کەمترین کات بکەر دەستگیر دەکرێت و بەسزای خۆی دەگات و زووڵم لێکراویش قەرەبوو دەکرێتەوە. ئێستا من لەگەڵ ئەوەی هەموو هیوایەکی زووبەزوو چاکبوونەوە بۆ شنیار دەخوازم و هیوادارم زۆر زوو برینەکانی ساڕێژبێت و بگەڕێتەوە ناو مناڵەکانی، بەڵام دڵیشم ئازار دەچێژێت گەر خوا نەخواستە نەیتوانی بەسەر ئازارەکانیدا سەرکەوێت و وەک چەندین ژن و کچی تر گیانی سپارد، یاسا و دادگا و ئاسایش و پۆلیس چییان پێدەکرێت و بۆ دەکرێت، چونکە هەرخۆی لەفەراغی نەبوونی سەروەری یاساو جێبەجێنەکردنی یاسا، بەبیانووی پاراستنی شەرەف و نامووس و لەژێر پەردەی دەسەڵاتی بێ بنەمای پیاو سالاریدا بەم ڕۆژگارە لێرەو لەوێ ژنێک یان کچێک دەسووتێ و دەکوژرێ، ئابڕووی خێزان و کۆمەڵگەیەک شەڵتانی خوێن دەکرێ و تۆمەتبارانیش بەڕاکردن لە دەسەڵات و یاسا دەشارێننەوەو دوای چەند ڕۆژێکیش ڕووداوەکە دیزە بەدەرخۆنە دەکرێت، ئیدی وەک ئەوەی گیانکێشان و لێسەندنەوەی ڕۆح لەجەستەی ژنەکان وەحی بێت و بۆ پیاوەکان بە پەیام نێردرابێتە خوارەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا