جەمال کۆچەر: دۆلار دانابەزێت لەبەر چەند هۆکارێک

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

جەمال کۆچەر ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی و ئابوری پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، گۆڕانکاری کردن و دابەزاندنی نرخی دۆلار بانگەشەی سیاسیە، دەشڵێت، “پارێزگاری بانکی ناوەندیی‌ بە ڕاشکاوی وتی ئێمە ناتوانین هەتا سێ ساڵی داهاتوو هیچ دەستکاری نرخی دۆلار بکەین.”

جەمال کۆچەر بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، منیش بم لە بری وەزیری دارایی، یان من ببمە وەزیری دارایی، نرخی دۆلار دانابەزێنم لەبەر چەند هۆکارێک، جگە لەوەی کە پرۆژە یاسای بودجەی 2022 ئەم وەزیرە دایناوە و پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئامادە بووە لەوێ و نرخی دۆلاری هەر بە 1450 داناوە، هەر سەرۆک وەزیرانێکی داهاتوو بێت گۆڕانکاری تێدا بکات باری ئابوری حکومەتی خۆی گران دەکات لانی کەم 30-40 تریلیۆن دینار بۆیە من باوەڕ ناکەم هیچ سەرۆک وەزیرانێک ئەو هەنگاوە بنێت، بۆیە ئەمساڵ 100 دۆلار لە 147500 بۆ 148500 جێگیر دەبێت.”

وتیشی، “بەڕای من دۆلار دانابەزێت لەبەر چەند هۆکارێک، یەکەم داهاتی دەوڵەتی عێراقی پشتی بەستووە بە گاز، گازیش کاڵایەکە بەرز و نزمی زۆر تێدایە لەبەر ئەوە حکومەتی عێراقی ناتوانێت پشت بەست بێت بە کاڵایەک کە دابەزین و بەرز و نزمی زۆری تێدایە، دووەم بودجەی دەوڵەتی عێراقی دوو بەشە، بەشێکیان پێی دەڵێن بودجەی بەکاربردن، ئەوی تریان پێی دەڵێن وەبەرهێنان زۆرینەی بودجەی داهاتی دەوڵەتی عێراقی بۆ بەشی بەکاربردن دەڕوات لەبەر ئەوە حکومەت ناتوانێت هیچ خزمەتگوزارییەک پێشکەش بکات و هیچ وەبەرهێنان و پرۆژەیەکی هەبێت بەم گۆڕانکاریە ئەگەر بگەڕێتەوە نرخی کۆن”.

لە درێژەدا باسی لەوەکرد، خاڵی سێیەم ئەوەیە ناتوانن لە یەک ساڵ دووجار نرخ بگۆڕن خەڵکێکی زۆر هەیە زەرەرمەند بووە ئەو کاتە ئەو کەسانە دەتوانن سکاڵا لە حکومەت بکەن پێیان بڵێن ئەگەر زانیوتانە ئەم بڕیارە هەڵە بووە وەرە تەحەمولی هەڵەی خۆتان بکەن، چوارەم ئیتر خەڵک متمانە بە حکومەت و بانکی ناوەندیی نامێنێت ئیتر نرخی هەموو شتێک دەبێتە سێ هێندە، پێنجەم، ئەمە ئیشی لایەنە سیاسیەکان و پەرلەمانتاران نییە هەندێک لایەنی تایبەت هەیە بەرپرسە لەم بوارە دەبێت ئەوان دوای چەندین دراسە بگەنە قەناعەت کە گەڕانەوە بۆ نرخی کۆن باشترە لە نرخی ئێستا.

جەمال کۆچەر ئەوەشی خستەڕوو، خاوەنی بڕیارەکە پارێزگاری بانکی ناوەندییە کە بە ڕاشکاوی وتی، “ئێمە ناتوانین هەتا سێ ساڵی داهاتوو هیچ دەستکاری نرخی دۆلار بکەین واتە نرخەکە هەر دەچێتەوە نرخی خۆی کە یەکەم جاریش گۆڕا کەس نەدەچوو بیکڕێت بەو نرخە بە 1450، بێگومان وەزارەتی دارایی دۆلاری خۆی بە بانکی ناوەندی دەفرۆشێت بە 1450 بانکی ناوەندیش لە مەزادی دراویدا بە 42 بانک لە ئاستی عێراق دەفرۆشێت بە زیادی 10 نمرە واتە 1460.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا