پۆڵەتیک پرێس
بەشێوەیەکی گشتی لەزیادکراوەکاندا شتە نامۆ و سەیرەکان دەفرۆشرێن، وەک قژی پاشای ڕۆک رۆڵ ئیلویس پریسلی و جلەکانی شاژن ڤیکتۆریا کە مێژوویەکی زۆریان هەیە، یان ئەو شتانەی پێیان دەوترێت ئەنتیک وەک شمشێرێک کە بەکارهێنانی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ناپلیۆن، هەموو ئەو کەلوپەلانە کە لە زیادکراوەکاندا دەفرۆشرێن نرخێکی خەیاڵیان هەیە.
کاتژمێرە تایبەتەکان تەنها پارچەیەکی هونەری و جیاواز نین یان تەنها تەکنەلۆجیایان نییە، بەڵکو لەوانەیە مێژوویەکی دوور و درێژ و چیرۆکێکی پیشەسازیان هەبێت هۆکاربێت بۆئەوەی بەهایاکی زۆریان هەبێت، یەکێک لەو کاتژمێرانەی ئەو تایبەتمەندیەی هەیە و لەڕووی مێژووییەوە گرانبەهاترینە کاتژمێری کاروباری بانکی بەناوبانگی ئەمریکی”هێنری گرێفز جونیور”ە کە زیاتر لە 24 کاری جیاوازی هەیە و تاساڵی 1989 ئاڵۆزترین کاتژمێری جیهان بووە.
لەساڵی 1927دا هێنری داوای لە یەکێک لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کاتژمێرکرد کاتژمێرێکی گیرفانی زۆر ئاڵۆزی بۆ بەرهەم بهێنێت، پاش شەش ساڵ کۆمپانیاکە ئاڵۆزترین کاتژمێری گیرفانی پێشکەشکرد کە 24 کاری جیاوازی هەبوو هەروەها بە دەست دروستکرابوو بەبێ هیچ دەستێوەردانێکی تەکنەلۆجی.
کاتژمێرەکە دەتوانێت دوو ڕووداو تۆماربکات، ڕۆژژمێری هەمیشەیی هەیە، نەخشەی ئاسمانی شاری نیویۆرک لە شەودا پیشان دەدات، نیشاندەرەکانی کاتی خۆرهەڵاتن و خۆرئاوابوون و کارە ئاڵۆزەکانی دیکەشی هەیە، بەپێی ماڵپەڕی “سی ئێن ئێن” کاتژمێرەکە لە زیادکراوێکی ئاشکرادا لەساڵی 2014دا بەنرخی 24 ملیۆن دۆلار فرۆشراوە.