نامەیەك بۆ سەفین كانەبی و هادی كەریم

پۆڵەتیك: سپۆڕت
وەك لای هەموان ڕوون و ئاشكرایە وەرزشی كوردستان لە ئێستادا لە نێوان چەند نابەرپرسیارێك بە دۆخی وەرزشەوانان و یانەكان و ڕاهێنەرانی كوردستان لەگەڵ چەند خەمخۆرێك بە پەكخراوی ماوەتەوە كەس نازانێت 50 بە 50 ی نێوان دوو حیزبی دەسەڵاتدا چی بە سەر دێت بەو پێیەی ئەوەی لای دەستەی ئەمدیو دێگەڵە یاسایی و ڕاستی یە لای دەستەی ئەودیو دێگەڵە نایاسایی و پێچەوانەكەش هەمان شتە بۆیە دۆخی وەرزشی كوردستان بەم ئاقارەی ئێستا گەییشتووە.

ڕاهێنەر سۆران لەگەڵ یەكێك لە یاریزانەكانی

لە نێو ئەو هەموو كێشمە كێش و پەكخستنەی وەرزش و گوێ‌ نەدان بە دۆخی وەرزشكاران و وەرزشی كوردستان و یاریزان و ڕاهێنەر و یانەكاندا لە لایەن ئەوانەی كە بەرپرسی وەرزشین لەم هەرێمە تیپی تازەپێگەیشتوانی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی قووت دەبێتەوە وەك سەرچاوەیەك بۆ هیوایەك بۆ داهاتوو وەك ئەوەی ئەو یانەیەی شاری سلێمانی بە بێ‌ دەنگی بە هەموان بڵێت سەرەڕای ئەوەی خەڵكانێك دەیانەوێت وەرزش بمرێنن و كۆتایی بەم دیاردە جوانەی ناو كۆمەڵگاكەمان بهێنن ئێمە لە یانەی پێشمەرگە بەرامبەر ئەو بێ‌ هیوا كردنە دەوەستێنەوە و هیوایەك دەبەخشینەوە.

تیپی تۆپی پێی تازەپێگەیشتوانی یانەی پێشمەرگە بە سەركردایەتی سۆران سەلیم یاریزانی پێشوو و ڕاهێنەری ئێستای ئەو تیپە بەردەوامە لە مەشق و ڕاهێنان و ئامادەكاری Politic Sport پرسیاری ئەوەی ئاراستە كرد ئاخۆ بەردەوام بوونتان لە مەشق و ڕاهێنان بۆچی لە كاتێكدا هەموو شتێك وەستاوە و وەرزشی كوردستان پەكخراوە و ئاسۆیەكی ڕوون لە پێش نییە بۆ دەست پێ كردنەوەی وەرزش؟

ڕاهێنەر سۆران: (بە داخەوەین بۆ ئەو دۆخە ناكرێت 10 كەس ئاوها وەرزشی ئەم هەرێمە پەك بخەن كوا هەستی بەرپرسیارێتی لەو بەڕێزانەدا كە ڕۆژگارێك خۆیان یاریزان بوون كوا هەست كردنیان بە ئەركی پیرۆزی سەر شانیان چۆن بیر لەم هەموو یاریزان و ڕاهێنەر و یانانە ناكەنەوە ئاوها دۆخەكە بەو ئاقارەدا دەبەن).

ناوبراو زیاتر دوواو وتیشی: (هەموو وەرزشی كوردستان كراوەتە قوربانی بیری تەسكی حیزبی منیش خۆم كەسێكم بیروباوەڕی حیزبی خۆمم هەیە، بەڵام یاریزانیشم هەیە بیروباوەڕی حیزبێكی ترە من نەشم هێشتووە تێكەڵی دۆخی وەرزشەكەمان ببێت ئاخر وەرزش لە سیاسەت و هەموو شتێكی تر گەورەترە هیوادارم ئەم نامەیە لە ڕێی ئێوەوە بگات بە سەرۆك و جێگری یەكێتی تۆپی پێی كوردستان بەسە بەڕێزان خۆتان ناشرینتر مەكەن وەرزشی كوردستان لە بیری تەسكی حیزبی بچووك مەكەنەوە).

ڕاهێنەرەكەی تازەپێگەیشتوانی پێشمەرگە ئاشكراشی كرد: (من نەوەستاوم لە مەشق و ڕاهێنان تەنانەت لە كاتی كەرەنتیناكەشدا مەشقمان لە ڕێی ڤیدیۆ چاتەوە دەكرد هەر یەكە و لە ماڵی خۆیەوە لە ئێستاشدا لە یاریگای یانەكەمان مەشق دەكەین كە هەمیشە پشت و پەنای من بووە و پشتگیری تەواوی كردووم بۆ بەردەوامی ئەمەش لای من جێگەی شانازی یە كە یانەیەكی وەك یانەی پێشمەرگە و ئیدارەكەی باوەڕیان پێمە و هاوكاریم دەكەن بۆیە منیش بەڵێنی بەردەوامی و خزمەتی هەمیشەییم پێ‌ داون).

لە كۆتاییشدا ڕاهێنەرەكەی تازەپێشگەشتوانی پێشمەرگەی سلێمانی وتی: (لە بری ئەوەی دەستبەرداری ئەم مێرد منداڵانە ببین و ئەوانیش سەرگەردان ببن و لە كافیتریاكان دابنیشن نێرگەلە بكێشن و كاتەكانی ئەم تەمەنە جوانەیان لە شتی بێ‌ سوود دا بە سەربەرن ئێمە لە یانەی پێشمەرگە وەك قوتابخانەیەك فێریان دەكەین وانەی وەرزشین پێ‌ دەڵێینەوە كە ئیتر بۆ خۆی وەرزش واتا خۆشەویستی واتا ڕێز واتا ئاشتی واتا ڕەوشت هەر ئەوەشە وای كردووە من لەگەڵیان بەردەوام ببم و دەستیان لێ‌ بەرنەدەم یانەكەشم پشتگیری تەواوی ئەو بیرۆكەیەمن و هەر بەردەوامیش دەبین پشت بە خوا دەگەینە ئامانج و هیواكەمان گەورەتر دەبێت بە داهاتوویەكی گەش بۆ وەرزشی كوردستان).

ئامادە كردن/ دانەر ئەسڵان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا