لەكاتی دۆڕاندا لەپارتی بترسن

عوسمان مەلا ئەحمەد

پارتی یەكێكە لە كۆنترین حزبەكانی كوردستان و بەشێكی زۆری حیزبەكانی باشوری كوردستان لە هەناوی ئەم حیزبەوە دروست بوون, بۆیە دەكرێت بڵێین بەدایكی حیزبەكان دادەنرێت بەڵام هیچ كاتێك دایكێكی میهرەبان نەبووە لەگەڵ ئەو ڕۆڵانەی كە لێی جیابوونەتەوە یان ناكۆك بوون لەگەڵیدا, بەڵكو بەپێچەوانەوە لەدوای دابڕانی لەگەڵیاندا هیچ مەودایەكی بۆ دۆستایەتی و ئاشتبوونەوە نەهێشتووەتەوەو هیچكاتێك نەیتوانیووە خۆی لە بوغز و كینەی ڕابردوو ڕزگاربكات.

هەڵبەت ئەم خووەی پارتی تەنها حیزبە كوردییەكان دەگرێتەوە نەك لایەنە دەرەكیەكان و داگیركەرانی كوردستان, بۆ نموونە پارتی سەرەڕای بوونی ڕێككەوتنی بەناو ستراتیژی لەگەڵ یەكێتی بۆیەك چركە ناكۆكییەكۆنەكانی لەگەڵ ئەو حزبە لەبیرنەكرد و بەنەفەسی جەلالی و مەلای و شەڕی ناوخۆ مامەڵەی لەگەڵ یەكێتدا كردووە.

لەهیچ مەوقیفێكدا نەمان بینی پارتی لە خۆی ببڕێت بۆ حیزبە هاوپەیمانەكەی لە بچوكترین پۆست و بەرژەوەندی, بەڵام هەر پارتی زۆرئاسان توانی هەموو زوڵم و ستەمی سەدام و ڕژێمی بەعس بەرامبەر بە گەلی كورد و خوودی بەرزانییەكان لەبیربكات و سەربازەكانی سەدامی دووبارە هێنایە سەر خاكی كوردستان كاتیك هەستی كرد ناتوانێ خۆی ململانێ لەگەڵ یەكێتیدا بكات, هەروەها پارتی بەسنگێكی فراوانەوە داخستنی سنوور و هەڕەشەكانی دەوڵەتی توركیا و ئەردۆغانی لە سەروبەندی ڕیفراندۆمدا لەبیركرد و زەڕەیەك پاشەكشەی لە دۆستایەتی لەگەڵ ئەو وڵاتە نەكرد, بەڵام كاتێك سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەساڵی 2016 كورسیەكەی مەسعود بارزانی خستە مەترسیەوەو دانیشتنی یاسای پەرلەمانی بەرێوەبرد ئیتر لەو ڕۆژەوە سەرۆكایەتی پەرلەمانی نەبینیەوەو دەرگای پەرلەمان و سنوری دیگەڵەی لەسەر داخرا و تا ئێستاش هەر ڕۆژە و تۆمەتێك دەدەنەپاڵی, تەنانەت دوور لە بەهاو عورفە كۆمەڵایەتیەكانی كورد لەكاتی مردنی نەوشیروان مستەفاشدا بەهۆی ئەو بابەتەوە پارتی بەشداری پرسەكەیان نەكرد.

بۆیە دەتوانین بڵێین ئەم حیزبە كاتێك هەست بەشكست دەكات لەگەڵ ڕكابەرەكانیدا(وەكو وتمان تەنها بەرامبەر ڕكابەرە ناوخۆییەكان) ئامادەیە بۆ دەستبردن بۆ هەموو كارتێك ئەگەر بەگەورەترین زیانیش بشکێتەوە بۆ ئەم قەوارە شەق و شڕەی كوردستان و هەموو سازش و ڕێككەوتنێك لەگەڵ دەستی دەرەكیدا دەكات بە بێ ترسان لەوەی مێژوو چۆن تۆماری دەكات, گرنگ نەشكانی غرووری سەرۆك و شكۆی پارتیە, كەواتە دەكرێت بڵێین لەكاتی دۆڕاندا لە پارتی بترسن نەوەك بەدەردی یەكێتی 31ی ئاب و یوسفی 2016 بچن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا