قارداش کێبوو؟

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

دژە تیرۆری کوردستان ڕایگەیاند، “بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزێکی تایبەتی ئەمریکا توانیان لە وڵاتی سوریا قارداشی جێگرەوەی ئەبوبەکر بەغدادی لە کردەیەکی سەربازیدا و لە ماڵەکەی خۆیدا بکوژن، ئەوەش دوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد لەسەر شوێنی مانەوە و نیشتەجێبوونی لە ناوچەی ئیدلیب”.

لە ڕاگەیەندراوێکدا دژە تیرۆری کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، “قارداش ناوی تەواوی ئەمیر محەممەد سەعید عەبدولڕەحمان محەمەد مولی لەدایکبووی ساڵی 1976ی قەزای عەفارەی عێراقە و لە ساڵی 2006 تا 2011 لە زیندانەکانی بۆکا لەژێر دەستی ئەمریکییەکان دەستبەسەربووە، کەلەو ماوەیەدا پەیوەندییەکی توندی لەگەڵ ئەبوبەکر بەغدادی دروستکردوە، دواتر ئەو پەیوەندییە بۆ ماوەی (16)ساڵ درێژەی کێشا”.

ئاشکراشی کرد، “قارداشی تورکمانی زۆر توندڕەو و توندوتیژتر بووە لە بەغدادی، زۆر وریاتر بووە بۆ خۆونکردن و ئەستەم بووە بە ئاسانی بتوانرێت شوێن پێی هەڵبگیرێت، بە یەکێک لە مەترسیدارترین ئەمیرەکانی داعش دانراوە”.

“قارداشی تورکمانی زۆر توندڕەو و توندوتیژتر بووە لە بەغدادی”

ئەوەشی خستەڕوو، “قارداش زۆرینەی ژیانی لە شاری تەلعەفەری باکوری ڕۆژئاوای موسڵ بەسەر بردوە لەگەڵ کەوتنی مووسڵ چووەتە ئەو شارە و ڕۆڵی هەبووە لە حوکمی توندی داعش لەو پارێزگایە، لەو مایەوەدا کە داعش کۆنتڕۆڵی بەشێکی زۆری خاکی سوریا و عێراقی کردبوو، پۆستی ڕاوێژکاری شەرعی داعشی هەبووە، کە خۆیشی دەرچووی کۆلێژی ئیمام ئەعزەمی موسڵ بووە”.

بەپێی زانیاری هەواڵگری دژە تیرۆری کوردستان، “قارداش لە سەردەمی کەوتنی مووسڵ زۆر نزیک بوو لە ئەبو عەلای عەفری کە ساڵی (2016) جێگری یەکەمی بەغدادی و کەسی دووەمی داعش بووە، باوکی قارداشیش یەکێک بووە لە وتاربێژەکانی موسڵ کە زۆر توندڕەو بووە و یەکێک بوە لەو کەسانەی کە لەگەڵ گەیشتنی بەغدادی بە موسڵ و پێش ڕاگەیاندنی خەلافەتەکەی لە مزگەوتی نور پێشوازی لێکردووە و بەردەوام نزیکی بووە و ڕاوێژی بە خەلیفە داوە.”

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “دواتر قارداش، پۆستی ئەمیری دیوانی ئاسایشی گشتی داعشی لە سوریا و عێراق وەرگرتووە، کە یەکێک بووە لە دیوانە ناوخۆییەکانی داعش و بەرپرس بووە لە پاراستنی سەرکردە و ئەمیرەکانی داعش و لەناوبردنی نەیارەکانیان، دواتر بوەتە وەزیری بەرگری داعش و بەرپرسی بۆمبڕێزکردن و تەقاندنەوە لە سوریا.”

“قارداش بە یەکێک لە دامەزرێنەران و پلانداڕێژەرانی گرنگترین هێرشە گەورەکانی موسڵ و ڕومادی ئەژمار دەکرا”

بەپێی زانیارییەکانی دژە تیرۆری کوردستان، “قارداش چەند ناوێکی هەبووە کە لەکاتی ڕێکخستندا بەکاری هێناوە، کە ئەوانیش بریتیبوون لە ناوەکانی، (ئەبو عومەر تورکمانی، پرۆفیسۆر ئەحمەد، ئەبو سەعید تورکمانی، حاجی عەبدوڵڵا قارداش و ئەبو ئیبراهیم هاشمی قورەیشی”.

قارداش بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی و پلانداڕێژەرانی گرنگترین هێرشە گەورەکانی موسڵ و ڕومادی ئەژمار دەکرا و ئەزموونی سەربازی هەیە و چەند پۆستێکی هەیە، لە ناویاندا ئەندامێکی کۆمیسیۆن کە چاودێری گرنگترین جومگەکانی ڕێکخراوەکەی دەکرد.

پێشتریش جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بەفەرمی کوژرانی سەرکردەکەی داعشی ڕاگەیاند و وتی: “بە فەرمانی من، هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا بە سەرکەوتوویی ئۆپەراسیۆنێکی ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆریان ئەنجامدا بەمەبەستی پاراستنی گەلی ئەمریکا و هاوبەشانی، هەتا ئەم جیهانە ببێتە شوێنێکی پارێزراوتر”.

هاوکات، ستایشێکی زۆری ئەو هێزە سەربازییانەشی کرد کە توانیان ئەبو ئیبراهیم هاشمی قورەیشی، سەرکردەی داعش لە سوریا بکوژن و وتی: “بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشانمان لەناو سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی سوریای دیموکرات دژی تیرۆر”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا