پۆڵەتیک پرێس
وەزیری دەرەوەی سعودیە ڕایگەیاند، پاڵپشتی ئێران بۆ میلیشیا چەکدارەکان مەترسیدارترین هەڕەشەیە کە ڕووبەڕووی وڵاتانی عەرەبی دەبێتەوە و داوای کرد بەجدی بەڕوویدا بوەستنەوە.
فەیسەڵ بن فەرحان ئاماژەی بەوەکرد، ئێران بەردەوام پێشێلکاری یاسا و پەیماننامەکان دەکات بە پاڵپشتیکردنی میلیشیا چەکدارەکان، ئەوەش دەبێتە هەڕەشە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری دەوڵەتانی عەرەبی.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو میلیشیا چەکدارانە ئاژاوە و کاولکاری بۆ دەوڵەتانی عەرەبی دروست دەکەن، دەشڵێت: پێویستە بەڕووی هەر دەستوەردانێکی دەرەکی بوەستینەوە.
باسی لەوەشکرد، داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری ئەم ناوچە عەرەبیانە بگرنە ئەستۆ.
لەماوەی ڕابردوودا، بەشێوەیەکی بەرچاو چالاکی و جموجۆڵەکانی میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران ڕوویان لە زیادبوون کردووە، ئەوەش بووەتەهۆی دروستکردنی مەترسی لە دڵی زۆرێک لە وڵاتە عەرەبییەکاندا.