پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، “هیوادارین هەموو لایەنەکان ڕێکبکەون، چونکە کاتی زۆر لەبەردەم وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا نەماوە”، لەبارەی ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتیش وتی: پارتی و یەکێتی دوو هێزی بەرپرسی ئەم وڵاتەن و ئەم وڵاتە بەبێ هاوبەشی هەردوولایەن بەڕێوەناچێت.
ئەمڕۆ دووشەممە هێمن هەورامی ئاماژەی بەوەکرد، “ئێمە ئێستا لە پشووی وەرزی یاسادانانداین، بەڵام بێگومان بابەتی کۆمسیۆن بابەتێکی هەستیارە لەبەرئەوەی بۆشایی یاسایی هەیە و ئەم کۆمسیۆنە لە ساڵی 2019ەوە کاتی بەسەرچووە”.
وتیشی: پێشتر چوار کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەگەڵ فراکسیۆنەکان کراوە و داوامان کردووە و ئێستاش جەختدەکەینەوە بەوەی لایەنەکان لەناو خۆیاندا ڕێکبکەون، وەک سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانیش هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە تێگەیشتن و سازانێک لەنێوان ئەم لایەنە بەڕێزانە هەبێت.
باسی لەوەشکرد، “لە بابەتی کۆمسیۆن لەبەرئەوەی بۆشایی یاسایی هەیە و هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمان نزیکبووەتەوە، کاتێکی ئەوتۆمان لەبەردەستدا نەماوە و دەبێت ئەم لایەنە بەڕێزانە ڕێز لەو ماوە دەستووریانە بگرن و هانیان بدەین تا ڕێکبکەون و میکانیزمێک بدۆزرێتەوە تا کۆمسیۆن متمانە وەربگرێتەوە”.
لەبارەی ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتی هێمن هەورامی بە پۆڵەتیک پرێسی ڕاگەیاند، “پارتی و یەکێتی دوو هێزی بەرپرسی ئەم وڵاتەن و هاوبەشن لە حکومڕانی، ڕاستە ڕەنگە جیاوازی لە بیر و بۆچوون هەبێت، بەڵام ئەم وڵاتە بەبێ هاوبەشی یەکێتی و پارتی بەڕێوەناچێت، بۆیە پارتی و یەکێتی مەحکومن بەوەی سەرەڕای جیاوازی و ناکۆکییەکان لەسەر قۆناغێک، بەڵام دەبێت لەسەر بەرژەوەندییەکان و سەقامگیری هەرێم و جێبەجێکردنی چاکسازی و پاراستنی هەرێم لەو ئاڵنگارییانەی ڕوبەڕومان دەبێتەوە هاوکار و هاوبەش بین”.