رێككەوتنە نوێیەكەش بە لیژنە سپێردرا

پۆڵەتیك پرێس:

لە دواین سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا لە كۆبوونەوەی هەردوولادا بڕیاری پێكهێنانی ژمارەیەك لیژنە دراوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵام لای هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەركەوتووە هەر بابەتێك بە لیژنە سپێردرا، دەچێتە ئایندەیەكی نادیار و بێ ئەنجام.

بە‌ئامانجی گە‌یشتن بە‌چارە‌سە‌رێكی گونجاو سە‌بارە‌ت بە‌ شایستە‌ داراییە‌كانی هە‌رێم و كێشەكانی بودجە و نەوت و خاڵە سنورییەكان، بە پشتبە‌ست بە‌ بڕگە‌ و ماددەكانی‌ دە‌ستور، كۆبوونە‌وە‌كانی هە‌رێم و بە‌غدا بە‌ردە‌وامن، دوای دەیان سەردانی شاندی دانوستانكاری هەرێم بۆ بەغدا تازە بە تازە بڕیاری پێكهێنانی لیژنەی لاوەكی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دراوە و هیچ ئەنجامێكی نەبووە، جگە لە رێككەوتن لەسەر ناردنی بڕەپارەیەك بۆ هەرێم بۆ موچەی فەرمانبەران.

ئومێد هەیە بگەنە ڕێككەوتن، بەڵام كاتەكەی نادیارە كەی رێككەوتنەكە واژۆ دەكرێت

شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند، ئەو شاندی دانوستاندنكارەی هەرێم كە رۆژی هەشتی ئەم مانگە سەردانی بەغدایان كرد، دانیشتنێكیان لەگەڵ وەزیری دارایی و ژمارەیەك بەرپرسی باڵای حكومەتی عێراق ئەنجامداوە، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاری ژمارەیەك لیژنەی لاوەكی دراوە بۆ گفتوگۆكردنی هەر پرسێكی وەك خاڵە سنورییەكان، پرسی نەوت و غاز و شایستە داراییەكان و بودجە و موچە.

میرزا وتی: لیژنەكان دواجار كۆبوونەوە دەكەن، دەگەنە داڕشتنەوەیەك و دواتر لە لیژنە سەرەكییەكەی نێوان هەردوولا بڕیار دەدرێت، لیژنەكان زیاتر كاری هونەری دەكەن، كۆبوونەوەی شاندی دانوستانكاریش بەردەوام دەبێت، ئومێد هەیە بگەنە ڕێككەوتن، بەڵام كاتەكەی نادیارە كەی رێككەوتنەكە واژۆ دەكرێت، رێكەوتنەكەش تا ئامادەكردنی بودجەی گشتی 2021 بەردەوام دەبێت، ناردنی ئەو 320 ملیارەی لەسەری رێككەوتن كراوە بەردەوامی دەبێت.

لە ساڵی 2014و راگەیاندنی فرۆشتنی نەوت و ئابوری سەربەخۆ لەلایەن هەرێم و بڕینی بودجە لەلایەن بەغداوە، سەدان كۆبوونەوە و دەیان رێككەوتن كراون لەنێوان هەولێرو بەغدا، كە دواتر پابەندبوون پێیانەوە نەبووە و شكستیان هیناوە.

ئێستا لە دوای كۆبوونەوەكانی ئەم دواییە باسی رێككەوتنی نوێ دەكرێت، كە تا ئێستا وردەكارییەكەی دیارنییە.

هەرێم ئامادەیی  بۆ رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی ناوەندی نیشانداوە

لای خۆیەوە سەمیر هەورامی وتەبێژی جێگری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێم بە رۆژنامەی سەباحی وتووە: حكومەتی هەرێم ئامادەیی خۆی بۆ رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی ناوەندی نیشانداوە لەبارەی دۆسییەكانی داهاتی نەوت و نا نەوتی و داهاتی دەروازە سنورییەكان.

هەورامی لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: بەغدا لەئێستادا سەرقاڵی نووسینەوەی رەشنووسی بودجەی ساڵی ٢٠٢١ـە، بۆیە دەمانەوێت لەرێگەی كۆبوونەوە و دانوستانەكانەوە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان جێگیربكەین پێش ئەوەی رەوانەی پەرلەمان بكرێت و دەنگی لەسەر بدرێت، بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونییەكی باش هەبێت و دووربكەوینەوە لە هەر كێشە و بەربەستێك.

پێكهێنانی لیژنەی لاوەكی لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكان، هاوڵاتیان و موچە خۆرانی بێئومێدكردووە، بەشێوەیەك هیچ گەشبینییەك لەدەرئەنجامی ئەو كۆبونەوە و دانوستاندنانەی نێوان بەرپرسانی هەردوو حكومەت نابینن، بەڵام ئابوریناسان بەپێچەوانەی موچەخۆران بە ئەنجامدانی رێككەوتنەكە دڵخۆشن، پێیانوایە بەشێك لە كێشەكان بەرەو چارەسەركردن هەنگاو دەنێن.

كۆبونەوە لە پێناو كۆبوونەوە هیچ سودێكی بۆ هاوڵاتیان نییە

د. خالید حەیدەر ئابوریناس بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: بۆ ئەنجامدانی ئەو رێككەوتنەی باسدەكرێت لەنێوان هەولێرو بەغدا پێویستی بە چەند جارێكی دیكەی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا و بەردەوامیدانی دانوستاندنەكان هەیە، چاوەڕواندەكرێت لیژنە لاوەكییەكان كاری باش بۆ ئەنجامی رێككەوتنەكە بكەن.

وتیشی: ئەوەی بۆ خەڵك گرنگە رێككەوتنەكەیە، ئەگەرنا كۆبونەوە لە پێناو كۆبوونەوە هیچ سودێكی بۆ هاوڵاتیان نییە، موچە خۆران و هاوڵاتیان لە چاوەڕوانی ئەنجامدانی رێككەوتنەكەدان، چارەسەركردنی كێشەكانیش زیاتر لە دەسەڵاتی حكومەتی عێراقدایە، نەك حكومەتی هەرێم.

بە وتەی ناوبراو هەندێك هۆكار هەن بونەتە كارئاسانی بۆ ئەنجامدانی ئەم رێككەوتنە، وتی: لە ئەنجامی رێككەوتنی ئۆپێك پڵەس كە بڕیاریانداوە لە ئاستێكدا بەرهەمهێنانی نەوت رابگرن، وایلێهاتووە زۆربەی ئەو وڵاتانەی لەناو رێككەوتنەكەن بەرهەم كەمبكەنەوە، ئەمە وایكردووە رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا ئاسانتر بێت و گەشبینم بەو رێككەوتنەی دەكرێت، لە لایەكی دیكەشەوە ئەو فشار و ناڕەزایەتییانەی لەنێوان موچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمدا هەیە، وایكردووە رێگە خۆشكەربێت بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێم دەستپێشخەری بكات بۆ ئەوەی هەرچی زووە رێككەوتنەكە بكرێت.

بەهۆی قەیرانی دارایی، دابەزینی بەهای نەوت و نەدانی پشكی بودجەی هەرێم، ئێستا موچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بڕیارە دابەش بكرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا