پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
حکومەتی کاربەڕێکەری عێراق بەسەرۆکایەتی مستەفا کازمی، لەلایەن چەند کوتلە و حزبێکی سیاسییەوە تۆمەرباردەکرێت بە هەناردەکردنی نەوت بۆ ئیسرائیل، دەشوترێت گوایە ئەم نەوتە، لەچوارچێوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لەڕێی بەندەرەکانی تورکیاوە دەگاتە دەست ئیسرائیل.
لە نوێترین دۆسیەدا عودەی عەواد، ئەندام پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، “بەڵگەنامەی فەرمی وەزارەتی نەوتی دەستکەوتووە کە دەیسەلمێنێت، نەوتی عێراق گەیشتووەتە ئیسرائیل و بۆ ئەمەش ڕوودەکاتە دادگا”.
عودەی عەواد کە بۆ جاری دووەم بووە پەرلەمانتاری عێراق و یەکێکە لە ئەندامانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لە فەیسبوکی خۆی نوسی، “دەگەڕام بۆ بەڵگەیەک بیسەلمێنێت هەرێمی کوردستان نەوتی بە ئیسرائیل فرۆشتووە، بۆ ئەمەش وەڵامم لە وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆ وەرگرت و تەواوی ناو و ژمارە و ڕێکەوتی بەڕێکەوتنی بارهەڵگرەکانم دەستکەوت کە نەوتی عێراقیان ناردووەتە ئیسرائیل”.
وتیشی: ئەم نەوتە لەڕێی هەرێمی کوردستانەوە ساڵانێکە دەفرۆشرێت بە ئیسرائیل و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە.
جەختی لەوەشکردەوە، “هەفتەی داهاتوو دەچمە بەردەم دادگا تا ویژدانی خۆم بەرامبەر بە گەلی عێراق و خوا ئاسودە بکەم”.
ئەو بەڵگەنامانەی عودەی عەواد دەستیکەوتوون، “دۆسیەی ساڵی 2014 تا 2021یان تێدایە، کە تیایاندا ناوی ئەو بارهەڵگرانە هەیە کە نەوتی عێراقیان گواستووەتەوە بۆ بەندەرەکانی ئیسرائیل و خاڵی گواستنەوەشیان بەندەرەکانی تورکیا بووە و لەڕێی هەرێمی کوردستانەوە فرۆشراون بەو وڵاتە”.
پێشتریش ئەو پەرلەمانتارەی عێراق هەرێمی کوردستانی تۆمەتبارکرد بەوەی، “هەرێم نەوت لە دەرەوەی چوارچێوەی کۆمپانیای سۆمۆ و بە نرخێکی هەرزانتر لە بازاڕەکانی جیهان دەفرۆشێت”.