پۆڵەتیك پرێس:
تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەردەوامە و بەوتەی بەرپرسانی تەندروستی سلێمانیش بە پشت بەستن بە ئامارەكان نزیكەی سێ هەفتەیە دۆخی كۆرۆنا لە سنورەكە جێگیرە.
هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند، بۆ ماوەی سێ هەفتەیە دۆخی كۆرۆنا بە جێگیری ماوەتەوە، لەسەر یەك هێڵی ئاسۆی دەڕوات، بەڵام ناو بەناو بەرزبوونەوە لە ئاماری تووشبووا ن و گیانلەدەستدان بەدیدەكرێت، ئەوەش ئاساییە.
وتیشی: ئەوانەی هەڵگری ڤایرۆسەكەن بەشێوەیەكی سەخت و دژوار لە سەنتەرەكانی تایبەت بەكۆرۆنا داخڵكراون، تیمە تەندروستی و نەخۆشخانەكانیش بەردەوامن لە چارەسەركردنی تووشبووانی كۆرۆنا بە پێی پرۆتۆكۆڵە جیهانییەكان كە بۆ چارەسەركردنی داندراون.
ئاماژەی بەوەشكرد، رێژەی گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا لە ئێستادا بە بەراورد بە گەڕی دووەمی نەخۆشییەكە، كە لە مانگی شەش سەریهەڵدایەوە، چەند رۆژێكە ئامارەكان زیادیان كردووەتەوە، بەڵام هۆكارەكەی نادیارە، زۆربەی ئەو نەخۆشانەش كە لە نەخۆشخانەكان ماونەتەوە باری تەندروستییان ناجێگیرە و لە 95%ی لەسەر ئۆكسجینن، ئەوەش بووەتە هۆی زۆربوونی ئاماری گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەكە.
رونیكردەوە، لەئێستادا 180 نەخۆش لە هەرچوار سەنتەری تایبەت بەكۆرۆنا لە سلێمانی ماونەتەوە و لەو ژمارەیەش 29 كەسیان لەژێر چاودێری چڕدان و 15 نەخۆشیان لەژێر ئامێری پاڵپشتی هەناسەداندان، واتە هیچ نەخۆشێكیان لە ژێر ئامێری هەناسەدانی دەستكردا نیین.
بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی هەرێم، تائێستا 23 هەزار و 685 كەس تووشی كۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 21 هەزار و 244 نەخۆشیان بە تەواوی چاكبوونەتەوە و 11 هەزار و 195 كەسی دیكەش لەژێر چارەسەری پزیشكیدان و هەزار و 246 حاڵەتی گیانلەدەستدانیش بە كۆرۆنا تۆماركراون.