لەسەر ئاستی جیهان كوردێك دەبێتە براوەی پێشبڕكێیەكی پەیمانگای میدیایی جەزیرە

پۆڵەتیك پرێس

لە نێوان ٢٦٥ بەشداربوو لەجیهان، ٧ بەشداربو سكۆلەرشیپ بەدەستدەهێنن، یەكێكیان مامۆستایەكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانییە.

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، دكتۆر سەمەد قادر مامۆستا لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەپێشكەشكردنی پرۆپۆزەڵێك لە پێشبڕكێی نێودەوڵەتی پەیمانگەی میدیایی جەزیرە، بە ناونیشانی (رۆڵی رۆژنامەگەری هـاوڵاتی لە بەرزكردنەوەی هۆشیاری گشتی لەهەرێمی كوردستان) بوەتە براوەی بەدەستهێنانی سكۆلەرشیپی پەیمانگەكە.

راشیگەیاندووە، لە بەرامبەر ئەو سەركەوتنەیدا ئەمڕۆ چوار شەممە، دكتۆر ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندی باڵاو توێژینەوەی زانستی سوپاس و دەستخۆشی لە د. عبدالصمد قادر حسین مامۆستا لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دەكرد.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لە مەراسیمی پێشوازییەكەیدا، سەرباری گفتوگۆكردن لە بواری راگەیاندن و چۆنیەتی پێشخستنی كەرتی خوێندن، هاوكات وەزیری خوێندنی باڵا دەستخۆشی و ستایشی ئەو مامۆستایەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كرد، كە توانیویەتی لە پێشبڕكێیەكی گرنگی زانستی و ئەكادیمی لەوشێوەیەدا كە لە نێوان 265 بەشــداربوو لە سـەرتاسـەری جـیهانـدا بەڕێوەچووەو تەنها ٧ بەشـداربوو هەڵـبژێـردران، ئەو یەكێك بێت لەو براوانە وەك مامۆستایەكی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان.

ئەوەشهاتووە، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتویەتی، “شانازی بە د. عبدالصمد قادر و سەرجەم ئەو مامۆستایانەی زانكۆ دەكەین، كە لە بوارەكانی خۆیاندا دەتوانن لە ئاستی نێودەوڵەتی دەستكەوتی زانستی و مەعریفی بۆ خۆیان و زانكۆكەیان و كۆمەڵگەی كوردستانی بەدەستبهێنن”.

بەپێی راگەیەنراوەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، لە بەرامبەردا، د. عبدالصمد قادر سـوپـاس و پـێــزانیـنی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كردو جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە، كە ئەو جۆرە پیشوازی و ڕێزلێنانە هانیان دەدات بەردەوام بن و پەرەی زیاتر بەتواناكانیان بدەن.

دواتریش، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی سوپاس و پێزانینی پێشكەشی د. عبدالصمد قادر حسێن كرد.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک