ئەگەر پارتی سوربێت لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار، لە هەرێمی كوردستان چی ڕوودەدات؟

پۆڵەتیك پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

قەیرانی سەرۆكایەتی عێراق هەڕەشە لە هاوسەنگی هەرێمی كوردستان دەكات، ئەمە ناونیشانی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی ئەلعەرەبە كە تیایدا باس لەو مەترسیانە دەكات، كە بەهۆی پێداگریی پارتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار ڕوبەڕوی هەرێمی كوردستان دەبێتەوە.

قەیرانە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمار لەنێوان پارتی و یەكێتی و سوربوونی پارتی لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە، بووەتەهۆی ناسەقامگری و ناهاوسەنگی كە بەجۆرێك، ململانێكان تەنیا لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار نەوەستاون، بەڵكو پارتی هەوڵ دەدات تاكڕەوانە بڕیاری كورد لە دانوستانكردن لەگەڵ هێزە عێراقییەكان بدات.

قەیرانی نێوان پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار خەریكە دەچێتە قۆناغێكی بێ دەرئەنجامەوە، لە ئێستاشدا ترسی ئەوە هەیە ئەم ململانێیە كاریگەری نەرێنی لەسەر سەقامگیری هەرێم دروستبكات و كاریگەری پێچەوانەی لەسەر هاوسەنگی ناوخۆی هەرێم هەبێت.

نێوەندی سیاسی عێراق ئاماژە بەوە دەكەن، كێشەی سەرەكی هەرێمی كوردستان سووربوونی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیە لەسەر ئەوەی تاكڕەوانە سیاسەتی هەرێم بەڕێوەببات و بەتەنیا دانوستان لەگەڵ هێزە عێراقییەكاندا بكات و دەست بەسەر بڕیاری كورد دا بگرێت و تەواوی هێزە سیاسییەكانی دیكەی هەرێم وەك شوێنكەوتەی خۆی لەقەڵەمبدات، ئەمەش ئەو شتەیە كە یەكێتی ڕەتیدەكاتەوە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی ئەلعەرەب، مەسعود بارزانی هەوڵ دەدات وەبەرهێنان بە ئەنجامەكانی پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە بكات كە تیایدا 31 كورسی بەدەستهێنا، ئەمەش لەپێناو ئەوەی خۆی وەك كەسایەتییەكی قورسی ناو هاوكێشەی سیاسی عێراق لەقەڵەمبدات، بۆیە لێرەوە دەست بەسەر پۆستی سەرۆك كۆماردا دەگرێت كە ساڵانێكی زۆرە بەپێی ڕێككەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی، ئەو پۆستە لەلای یەكێتی بووە.

ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر لەدوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بە سەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند، بەرهەم ساڵح كاندیدی سەرەكیمانە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق.

یەكێتی ڕەخنە لەوە دەگرێت، پارتی تاكڕەوانە و بەبێ ڕەزامەندی هێزە سیاسییەكانی دیكەی هەرێم و جەماوەری كوردستان لەگەڵ بەشێك لە لایەنە سیاسییەكانی عێراق رێككەوتووە، ئەوەبوو لە بەیاننامەیەكدا جەختی لەوەكردەوە كە پۆستی سەرۆك كۆمار مافی گەلی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە و داكۆكی لەو مافەی دەكات و سەودا و مامەڵەی پێوەناكات.
ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە نوسینێكدا دەڵێت ” بەشداریكردنی پارتی لە هاوپەیمانی صەدر – حەلبوسی بەجیا هۆكارێكە و گۆڕینی سیاسەتی پارتی بە ئاراستەی پێكهێنانی كابینەی زۆرینەی عێراقچێتی بە پێچەوانەی هەڵوێستی ڕابردووی هۆكارێكی دیكەیە بۆ دۆخی ئێستا.

ئارێز عەبدوڵڵا دەشڵێت “ئێمە هەوڵی سەرخستنی كاندیدەكەی خۆمان دەدەین، بەڵام لە ئێستاوە براوەین، چونكە لە بنەڕەتەوە شەڕەكەمان تەنیا لەسەر پۆستەكە نییە، بەڵكۆ شەری ئیرادە و سەروەری یەكێتییە لەسەر هەمان بڕیار و هەڵوێستی جارانی”.

چاودێرانی سیاسی پێشبینی ئەوە دەكەن، لەحاڵەتێكدا پارتی لە بەغدا گەلەكۆمە لە یەكێتی بكات و پۆستی سەرۆك كۆمار بۆخۆی بەرێت، ئەوا كاریگەریی گەورەی لەسەر پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی لە هەرێمی كوردستان بە گشتی و حكومەتی هەرێم بە تایبەت دەبێت و پەلدەهاوێت بۆئەوەی، یەكێتی لەبارەی مانەوە یان نەمانەوەی لە كابینەی نۆی حكومەتی هەرێم بڕیاری خۆی بدات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا