هەرێم و بەغدا لە رێككەوتن نزیككبوونەتەوە

پۆڵەتیك پرێس:

رۆژنامەیەكی عێراقی بڵاویكردەوە، بە نێوەندگیری نێودەوڵەتی بە ئەگەری زۆرەوە هەولێر و بەغدا دەگەنە رێككەوتنێكی نیمچە كۆتایی.

رۆژنامەی سەباحی نیمچەفەڕمی عێراق بڵاویكردەوە، بە ئەگەرێكی زۆرەوە هەولێر و بەغدا دەگەنە رێككەوتنێكی نیمچە كۆتایی لەبارەی سەرجەم دۆسییە هەڵپەسێردراوەكانی نێوانیان.

بەپێی راپۆرتی رۆژنامەكە، بۆ رێككەوتنی نێوانیان نێوەندگیرییەكی نێودەوڵەتی هەیە و بۆ نزیكبوونەوەی تێڕوانین و بیروبۆچوونی هەردوولا هەوڵ هەیە.

رۆژی ٨ی ئەم مانگە، شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە بەغدا لەگەڵ هەریەك لە وەزیری دارایی عێراق و دواتر لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیراندا كۆبوونەوە.

نوسینگەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی هەرێمدا راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتبوو “لە كۆبوونەوەكەدا باس لە هەماهەنگی نێوان دەزگاكانی دەوڵەت و كاری پێكەوەیی هەردوولا كراوە، بۆ بەدەستهێنانی داواكاری و بەرژەوەندییەكانی گەلی عێراق بە گشتی.”

لە كۆبوونەوەكەدا كازمی جەختیكردووەتەوە لەسەر هەماهەنگی تەواو لە نێوان حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێم لە بوارە جیاوازەكاندا بۆ چارەسەركردنی ئەو ئاڵنگارییانەی كە توشی وڵات بوون بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و كاریگەرییە خراپەكانی پەتای كۆرۆنا.

هاوكات، لە كۆبوونەوەكاندا بڕیاردراوە بە پێكهێنانی چەند لیژنەیەكی تایبەتمەند و لاوەكی بۆ چڕكردنەوەی گفتوگۆكان لەبارەی نەوت و غاز و شایستە داراییەكان و كارەبا و دەروازە سنورییەكان و قەرزەوە پێكبهێنرێت.

هەر لەوبارەوە، سەمیر هەورامی وتەبێژی جێگری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێم بە رۆژنامەی سەباحی وتووە: حكومەتی هەرێم ئامادەیی خۆی بۆ رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی ناوەندی نیشانداوە لەبارەی دۆسییەكانی داهاتی نەوت و نا نەوتی و داهاتی دەروازە سنورییەكان.

هەورامی وتی: بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان دانوستان و كۆبوونەوەكان لەگەڵ حكومەتی عێراق بەردەوامە و ماوەی سێ رۆژی پێدەچێت، بۆیە ئومێدمان زۆرە بگەینە لەگەڵ بەغدا رێككەوتن.

سەرەڕای ئەوەی هەندێك لە كێشەكان بۆ ساڵی ٢٠٠٣ دەگەڕێنەوە، بەڵام سەمیر هەورامی وتویەتی: نێوەندگیرییەكی نێودەوڵەتی هەیە بۆ نزیكبوونەوەی بۆچوونەكان لەنێوان هەردوولا بۆ گەیشتن بە رێككەوتن.

وتەبێژی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: بەغدا لەئێستادا سەرقاڵی نووسینەوەی رەشنووسی بودجەی ساڵی ٢٠٢١ـە، بۆیە دەمانەوێت لەرێگەی كۆبوونەوە و دانوستانەكانەوە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان جێگیربكەین پێش ئەوەی رەوانەی پەرلەمان بكرێت و دەنگی لەسەر بدرێت، بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونییەكی باش هەبێت و دووربكەوینەوە لە هەر كێشە و بەربەستێك.

لە چەند مانگی رابردوودا، چەند جارێك شاندی هەرێم سەردانی بەغدای كردووە، بەڵام لەسەر پرسی نەوت و موچە نەگەیشتوون بە رێككەوتن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا