چەندین گەنجی لوبنانی بەرەو عێراق هەڵهاتوون و گومانی هاتنەپاڵ داعشیان لێدەکرێت

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

وەزیری ناوخۆی لوبنان ئەو هەواڵانەی پشتڕاستکردەوە کە لە ڕۆژنامەکاندا بڵاوبوونەوە و باسیان لەوە دەکرد کە 37 گەنجی تەرابلوس چوونەتەپاڵ ڕیزەکانی داعش لە سوریا و عێراق.

لەماوەی ڕابردوودا میدیاکانی لوبنان چەند هەواڵێکیان بڵاوکردەوە گوایە دەیان گەنجی شاری تەرابلوس لە دۆخی ناڕووندا دیارنەماون و ئەمەش دڵەڕاوکێی لای دانیشتووانی شارەکە دروستکردووە، بەتایبەتی کە زۆربەی ئەو گەنجانە دانیشتووی ناوچە شەعبییە هەژارنشینەکان بوون و زانیاری ئەوە بڵاوکراوەتەوە گوایە چوونەتەپاڵ چەکدارانی داعش لە عێراق و سوریا.

لەوبارەیەوە محەمەد سەبلوح، بەڕێوەبەری بنکەی مافەکانی زیندانیان لە تەرابلوس ڕایگەیاند، زیاتر لە 40 گەنجی لوبنانی کە تەمەنێکی کەمیان هەبووە و دۆخی ئابووریان باش نەبووە، لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ڕوویانکردووەتە عێراق.

ماوەی دوو ساڵە لوبنان بە خراپترین دۆخی ئابووریدا تێدەپەڕێت، بەتایبەتی لەدوای داڕمانی بەهای لیرە  و کەمبوونەوەی دەرمان و سوتەمەنی و کاڵا سەرەکییەکانی ژیان و گوزەران و لاوازبوونی دۆخی دارایی دانیشتووانی وڵاتەکە.

“ئەو گەنجانە بیر و باوەڕی توندڕەوی لەڕێی ئینتەرنێتەوە وەردەگرن و لەڕێی گەمەی پەبجییەوە پەیوەندیی بەیەکترەوە دەکەن”

نەبیل ڕەحیم، کە یەکێکە لەو کەسانەی ئاگاداری دۆسیەی ونبوونی ئەو گەنجانەیە و لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکاندا لە پەیوەندیدایە دەڵێت: بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلای منن، تا ئێستا 33 گەنجی تەرابلوسی کە تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 22 ساڵدایە، لە تەرابلوس ون بوون، هەندێکیان بەدڵنیاییەوە گەیشتوونەتە عێراق و لەگەڵ خزم و کەسوکاریان قسەیان کردووە، دووانیان کوژراون و ئەوانەی دیکە هیچ هەواڵێک لەبارەیانەوە نییە.

بەپێی قسەکانی نەبیل ڕەحیم، “ئەو گەنجانە بیر و باوەڕی توندڕەوی لەڕێی ئینتەرنێتەوە وەردەگرن، هەندێکیان لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کراونەتە سەرباز و لەڕێی گەمەی پەبجییەوە پەیوەندیی بەیەکترەوە دەکەن”.

نەبیل ڕەحیم باس لەوەش دەکات، “بۆشایی زانستی و عەقڵی لەپشت بنیادنانی ئەم بیرە توندڕەوانەوەیە، کە تێگەیشتنی ڕاست و دروستیان بۆ دین نییە، هەر ئەمەشە وای لەو گەنجانە کردووە پەیوەندی بەو کۆمەڵە توندڕەوانەوە بکەن، کە بوونەتەهۆی ڕوودانی چەندین کارەسات لە وڵاتە موسڵمانەکان”.

نەبیل یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی گەڕاندەوە بۆ قەیرانە ئابووریەکانی تەرابلوس بەتایبەتی و لوبنان بەگشتی و ئەو دۆخە هەژاری و بێکارییەی لەو وڵاتە هەیە، کە زۆرێک لە گەنجان بەدەستییەوە دەناڵێنن و بووەتە هۆکارێکی زەق تا پەیوەندی بە کۆمەڵە توندڕەوەکانەوە بکەن.

“زۆربەی ئەو لوبنانییانەی بەرەو عێراق هەڵدێن، ڕێگا نایاساییەکانی سنووری نێوان سوریا و عێراق بەکاردەهێنن”

بەپێی زانیارییەکانی نەبیل ڕەحیم، “ژمارەیەک لەو گەنجانە لەڕووی ئەمنییەوە داواکراون و لەجیاتی ئەوەی خۆیان ڕادەست بکەن و کێشەکانیان چارەسەر بکەن، بەرەو عێراق هەڵدێن”، نەبیل دەشڵێت: زۆربەی ئەو لوبنانییانەی بەرەو عێراق هەڵدێن، ڕێگا نایاساییەکانی سنووری نێوان سوریا و عێراق بەکاردەهێنن.

محەمەد سەبلوح لەبارەی ئەو ڕێگایانەی گەنجە لوبنانییەکان بەکاریدەهێنن باس لەوە دەکات، “دەیان گەنجی لوبنانی بەڕێگای نایاسایی دەچنە عێراق، لەنێویشیاندا بەو شارانەی سوریادا دەڕۆن کە لەلایەن ئەو ڕژێمانەوە کۆنتڕۆڵکراون کە بانگەشەی شەڕی تیرۆر دەکەن، پاشان ئەو شارانە دەبڕن و دەگەنە عێراق، بەبێ ئەوەی دەزگا ئەمنییەکان هەست بەم جموجۆڵانە بکەن”.

بەپێی تێڕوانینی محەمەد سەبلوح، “دەزگا ئەمنییەکانی لوبنان لەبەرامبەر تاقیکردنەوەدان لەبارەی ئاشکراکردنی ئەوەی کێ لەپشت هاندانی ئەم گەنجانەوەیە سەرباری هەموو ئەو دۆخە ناهەموارانەی لە لوبناندا هەیە، بەتایبەتی کە بەشێکی زۆر لەو گەنجانە هیچ پابەندییەکی دینییان نییە و توندڕەو نین”.

لە ئێستادا شانە نوستووەکانی داعش لە خۆڕێکخستنەوەدان و جموجۆڵەکانیان دەستپێکردووەتەوە، نوێترین کردەوە و چالاکیشیان هێرشەکەی ڕۆژی پێنجشەممە 20ی 1ی 2022 بوو بۆسەر زیندانی غوێران لە حەسەکە، کە چەندین کوژراو و برینداری لێکەوتەوە و تا ئێستاش گرژی و پێکدادانەکانیان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات لە حەسەکە بەردەوامی هەیە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا