پۆڵەتیك پرێس:
بەرپرسێكی كۆشكی سپی ئەمریكا رایگەیاند، رێوڕەسمی فەڕمی واژۆكردنی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لە نێوان ئیسرائیل و ئیمارات لە رۆژی ١٥ی ئەیلوول لە كۆشكی سپی ئەنجام دەدرێت.
بەرپرسێكی كۆشكی سپی بە میدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاندووە، رێوڕەسمی واژۆكردنی رێككەوتنی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل رۆژی ١٥ی ئەیلوول لە كۆشكی سپی و بەمیواندارێتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەڕێوەدەچێت.
ئەوەشی خستەڕوو، شاندی ئیمارات بە سەرۆكایەتی عەبدوڵڵا بن زاید ئالنهیان وەزیری دەرەوەی ئیمارات دەبێت.
باسی لەوەشكردووە، شاندی ئیسرائیل بە سەرۆكایەتی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دەبێت.
لای خۆیەوە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە تویتەر نووسیویەتی: هەفتەی ئایندە سەردانی ئەمریكا دەكات بۆ ئامادەبوون لە رێوڕەسمی واژۆكردنی رێككەوتنی ئیسرائیل و ئیمارات بە ئامادەبوونی ترەمپ.
لە رۆژی ١٣ی ئابی 2020 رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئیمارات و ئیسرائیلی راگەیاندرا كە ماوەی 18 مانگی خایاند.
پێشتر، میسر لە ساڵی ١٩٧٩و ئوردن لە ساڵی ١٩٩٤ وەكو دوو وڵاتی عەرەبی رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا واژۆكردووە.
ئەو رێككەوتنەی ئیسرائیل و ئیمارات كاردانەوەی توندی ئێران و توركیا و دەسەڵاتدارانی فەڵەستینی و هەندێك لایەنی دیكەی لێكەوتەوە.
بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان چاوەڕێدەكرێت ژمارەیەك وڵاتی دیكەی عەرەبیش لەنێویاندا عەرەبستانی سعودی و عومان لە داهاتوودا پەیوەندییەكانیان ئاساییبكەنەوە.